ڤینۆس فایه‌ق
ئه‌گه‌رچی سه‌خته بڕیارێكی وا له واقیعدا جێبه‌جێبكرێت، به‌ڵام بڕیارێكی بوێرانه‌یه و جێبه‌جێكردنی پێویستیی به ویستێكی له‌بن نه‌هاتوو هه‌یه بتوانیت دوای چلوهه‌شت ساڵ له پێكه‌وه‌ژیان و ته‌نانه‌ت ژیانی پێش ئه‌وه‌ش ده‌ستبه‌رداری هه‌موو شتێك بیت و كوده‌تا به‌سه‌ر هه‌موو نۆرم و به‌هاكاندا بكه‌یت، نه‌ك ته‌نها له سنووری ژیانی هاوسه‌ری ده‌رچیت به‌ڵكو شه‌ق له هه‌موو ئه‌و ئایدیا و پره‌نسیپانه هه‌ڵبده‌یت كه هاتوویته دونیاوه هه‌بوون و چوونه‌ته ده‌ماره‌كانته‌وه و گه‌شه‌ت پێ كردووه. به‌ڵام له‌وه تێناگه‌م بۆچی تۆڵستۆی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره هه‌سته‌وه‌ره‌ی چلوهه‌شت ساڵ دواخستووه؟
تۆڵستۆی كه كوڕی ده‌ره‌به‌گێكی گه‌وره بوو، هه‌ست ده‌كه‌م دره‌نگ له زوڵم و نابه‌جێییه‌كانی باوه گه‌وره‌كانی به‌ئاگا هاتبێت، ده‌نا بۆچی هێنده دانی به‌خۆیدا گرتووه هه‌تا له كۆتاییدا هه‌ستی به ئازاری ویژدان كردووه، ئه‌و كه تا كاتی به‌جێهێشتنی هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌و كه‌شوهه‌وا ئۆروستۆكراتییه‌دا ژیاوه و لێشی سوودمه‌ند بووه. ئه‌گه‌رچی سۆشیالیستێكی سه‌رسه‌خت بووه له دوای مردنی باوكی هه‌موو سامانه‌كه‌ی به جووتیاره‌كانی باوكی به‌خشیوه، ده‌یگوت باوه گه‌وره‌كانم جووتیاریان چه‌وساندوه‌ته‌وه بۆیه وا ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن موڵك بوون، رازی بوو به‌وه‌ی به هه‌ژاری و بێكه‌سی كۆتایی ژیانی به‌ڕێبكات و بمرێت.
به‌باوه‌ڕی من رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی له‌م جۆره، ته‌نها رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ر نییه، به‌ڵكو هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و خۆته‌كاندنه له هه‌موو ئه‌وه‌ی تۆی له رووی مادی و مه‌عنه‌وییه‌وه دروستكردووه، به‌تایبه‌ت له رووی كه‌سایه‌تی و سایكۆلۆژی و دونیابینی و بیروباوه‌ڕ و هه‌موو ئه‌و نۆرم و به‌هایانه بتوانیت تێكبشكێنیت كه هه‌ست ده‌كه‌یت ژیانێكی پێبه‌خشیویت خه‌سڵه‌ته ئینسانییه ره‌سه‌نه‌كانت لێ داده‌ماڵێت و ده‌تكاته بوونه‌وه‌رێك له خۆت ناچیت و له دوای ئه‌وه چیدی تۆ ئه‌و كه‌سه نیت كه خه‌سڵه‌ته‌كانی له دوروبه‌ره‌كه‌یه‌وه پێبه‌خشرابوو، ده‌بیته كه‌سێكی نیوترال و له كه‌س نه‌چوو، ده‌بیته خۆت، "خۆت"ێكی پاك و بێگه‌رد به‌و شێوه‌یه‌ی كه بیرت لێكردۆته‌وه باوه‌ڕت پێی بووه، ئه‌مه هه‌مووی پێویستی به ویست و توانا و هوشیارییه‌كی تۆكمه هه‌یه، پێویستی به دانبه‌خۆداگرتن و هێزی به‌ره‌نگاربوونه‌وه و به‌رگه گرتنی ئاكام و لێكه‌وته‌كانی دوای جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره هه‌یه، چونكه تۆ دواجار جگه له‌وه‌ی كوده‌تا به‌سه‌ر نۆرم و به‌هاكانی ده‌وروبه‌رتدا ده‌كه‌یت، پێش ئه‌وه كوده‌تا به‌سه‌ر خۆتدا ده‌كه‌یت كه ئه‌و هه‌موو ماوه‌یه له‌ناو ئه‌و كه‌شوهه‌وایه‌دا به‌رگه‌ت گرتووه.
نامه‌كه‌ی تۆڵستۆی بۆ سۆفیای هاوسه‌ری له رۆژی رۆشتنیدا به‌ره‌و دابڕان كه له عه‌ره‌بییه‌وه وه‌رمگێڕاوه، قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێ و پێویستی به شیكاری ورد هه‌یه، به‌تایبه‌ت له كۆتایی نامه‌كه‌دا به تایتڵه ئه‌رستۆكراتییه‌كه‌ی "كۆنت" ناوی خۆی داناوه، كه ئه‌مه نیشانه‌یه‌كی پرسیار و سه‌رسوڕمانی گه‌وره هه‌ڵده‌گرێت. هه‌ڵبه‌ت له‌م رۆژگاره‌ی ئه‌مڕۆماندا له هه‌موو شتێك زیاتر قسه‌ی قه‌به و باقوبریقه كه ته‌نها به تیۆر ده‌مێننه‌وه، به‌ڵام زۆر ده‌گمه‌نه، یاخود هه‌ر نییه ئه‌وه‌ی ئه‌و بیروباوه‌ڕانه بكاته پراكتیك و وه‌كو خۆی جێبه‌جێی بكات و شه‌ڕی بۆ بكات و به ده‌ستی بهێنێت ئه‌گه‌ر له دوارۆژه‌كانی ژیانیشیدا بێت وه‌كو تۆڵستۆی.
نامه‌كه‌ی تۆڵستۆی بۆ سۆفیای هاوسه‌ری به‌ر له سه‌رهه‌ڵگرتن رووه و دابڕان:
"خۆشه‌ویستم سۆفیا، ده‌زانم ئازارێكی زۆر له رۆشتنم ده‌چێژیت و ئه‌وه‌ش زۆر خه‌مبارم ده‌كات، به‌ڵام له دڵه‌وه هیواخوازم له‌و هۆیانه تێبگه‌یت كه پاڵیان پێوه نام سه‌ری خۆم هه‌ڵگرم، چونكه هیچ چاره‌سه‌رێكم به‌ده‌سته‌وه نه‌مایه‌وه بۆ رێگریكردن له روودانی كاره‌ساتێكی جه‌رگبڕ. بارودۆخم له‌م ماڵه‌دا چیدی به‌رگه ناگیرێت، چیدی توانای ژیانی رۆژانه‌ی ناو ئه‌م خۆشگوزه‌رانییه‌م نه‌ماوه كه گه‌مارۆی داوم و ده‌وڵه‌مه‌ندی خه‌ریكه ده‌مخنكێنێ. زۆر دانم به‌خۆمدا گرت، هه‌تا هیچ هیوایه‌كم به سه‌برگرتن نه‌ما. یه‌قینم گه‌یشته بێهیوایی له جیهانێكدا زۆر تامه‌زرۆی بووم، وه‌ك هه‌موو پیرێك حه‌زی پێ بكات كه گه‌یشتۆته ئه‌م ته‌مه‌نه‌ی من! ئه‌وه‌ی داوای ده‌كه‌م جیهانێكه له بێده‌نگی و ته‌نهایی و ژاوه‌ژاوی پاره و پوول و خۆپه‌رستی ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و دڕنده‌یی به‌موڵككردن تێكی نه‌ده‌ن. ده‌خوازم ئه‌و رۆژانه‌ی له ژیاندا ماومه به ئاسووده‌یی به‌سه‌ربه‌رم. تكات لێده‌كه‌م سۆفیا، هه‌وڵمه‌ده به‌دوای شوێنه‌كه‌مدا بگه‌ڕێیت، له‌پێناوی گێڕانه‌وه‌م بۆ ئیزیانا بۆلیانا، ئه‌وه سوودی بۆ كه‌س نابێت، به‌ڵكو به‌دبه‌ختیی هه‌موومان زیاتر ده‌كات، هه‌روه‌ك ئه‌وه له ویستی رۆشتنم په‌شیمانم ناكاته‌وه، من دونیایه‌ك سوپاست ده‌كه‌م بۆ ئه‌و چلوهه‌شت ساڵه له ژیانێكی ئاسووده كه دڵخۆشت كردم پێی. لێت ده‌پاڕێمه‌وه بۆ هه‌موو ئه‌و هه‌ڵانه‌ی له هه‌قی تۆدا كردوومن لێم خۆش بیت. وه‌ك چۆن به دڵێكی پاكه‌وه بۆ هه‌موو تووڕه‌ییت و به‌ره‌نگاربوونه‌وه تونده‌كانت سه‌باره‌ت به ده‌ست هه‌ڵگرتنم له موڵكه تایبه‌ته‌كانم بۆ جووتیاره‌كان لێت خۆشده‌بم و خۆشه‌ویستم دڵسۆزانه ئامۆژگاریت ده‌كه‌م هه‌وڵ بده‌یت به له‌خۆبردووییه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه تازه‌یه مامه‌ڵه بكه‌یت كه به‌هۆی رۆشتنمه‌وه دێته ئاراوه. به‌هۆی ئه‌وه‌وه هیچ رق و كینه‌یه‌ك له دڵتا به‌رانبه‌رم هه‌ڵنه‌گریت، ئه‌گه‌ر ویستت هه‌ر هه‌واڵێكم بزانیت دوای ئه‌وه‌ی له‌و جێگه‌یه‌ی لێی نیشته‌جێ ده‌بم هێشتا نازانم كوێیه، له كچه ئه‌زیزه‌كه‌مان ساشا بپرسه، كه به‌ته‌نها ئه‌و له‌و جێگه تازه‌یه‌ی ژیانم ئاگادار ده‌كه‌م، ئه‌ویش وه‌ك په‌یمانی پێداوم نه به تۆ نه به هیچ كه‌سێكی تر ناڵێت.
كۆنت لیۆ تۆڵستۆی