ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی
رۆژی 16 ئەم مانگە فێستیڤاڵی کان بۆ سینەما لە خولی 76 یدا دەستیپێکرد و فێستیڤاڵەکە بە فیلمێکی ئەستێرەی ئەمریکی جۆنی دیپ کرایەوە بەناوی (جەین دی باری) کە تێیدا رۆڵی لویسی پانزەی فەرەنسا دەگێڕێت و دوای دابڕانێکی زۆر لە دنیای نواندن و سینەما بە بەهێزی گەڕاوەتەوە و لەدوای تەواوبوونی نمایشی فیلمەکە جەماوەر حەوت دەقیقە چەپڵەیان بۆ جۆنی دیپ و فیلمەکە لێدا کە دەرهێنان و نواندنی ژنە دەرهێنەری فەرەنسی مایوین –ە.
ئەم فێستیڤاڵە لە 16 بۆ 27 ئایار بەردەوام دەبێت و 100 فیلم بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە و 21 یان لە لیستی پێشبڕکێ رەسمییەکەدان، رۆژانە ئەو فیلمانەی بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە نماییش دەکرێن و 19 فیلم بۆ خەڵاتی پاڵمێ دی ئۆر-ی کان بۆ باشترین فیلم کاندیدن، هاوکات سینەمای تونسی دوای دابڕانی 53 ساڵ گەڕایەوە بۆ کێبڕکێ لەسەر فیلمە درێژەکان و فیلمی"بنات الفة"لە لیستی پێشبڕکێی فیلمە رەسمییەکەدایە کە فیلمێکی دۆکیومێنتارییە و هیند سەبری رۆڵی پاڵەوانێتی تێدا دەگێڕێت و دەرهێنانی دەرهێنەری تونسی کەوسەر بین هەنییە-یە ئەم فیلمە بە دیدگایەکی درامیی سینەمایی باس لەو ژنانە دەکات کە کەوتوونەتە گۆماوی پەڕگیرییەوە.
ئەستێرەکانی فێستیڤاڵەکە
کۆمەڵێک لە ئەستێرەکانی هۆڵیوود ئامادەی کردنەوەی فێستڤاڵەکە بوون لەوانە تۆم هانكس، سكارلێت جوهانسۆن، لیۆناردۆ دی كاپریۆ، رۆبەرت دینیرۆ، جولیان مۆر، ناتالی پۆرتمان، شۆن پێن، تای شیریدان، مایك تایسۆن، هاوکات خەڵاتی فەخری فێستیڤاڵەکە درا بە هەردوو ئەستێرەی ئەمریکی مایکڵ دۆگلاس و هاریسۆن فۆرد لەسەر مێژووی کاریان لە بواری سینەمادا، هەروەها فەرشی سووری فێستیڤاڵەکە ئەمساڵ مێژوویی بوو، چونکە دەرهێنەری خاوەن خەڵاتی ئۆسکار مارتن سکورسیزی دوای دابڕانی 37 ساڵ لە فێستیڤاڵەکە کاتێک ساڵی 1987 خەڵاتی باشترین دەرهێنەری پێدرا لەسەر فیلمی" After Hours" ئەمساڵیش بە فیلمی "Killers of The Flower Moon " گەڕایەوە کە نواندنی هەردوو ئەستێرەی خاوەن خەڵاتی ئۆسکار رۆبەرت دینیرۆ و لیۆناردۆ دیکابریۆ-یە لە رۆژی پێنجەمی فێستیڤاڵەکەدا نمایشکرا و تێری ڤیرمۆ سەرۆکی فێستیڤاڵەکە خۆی و ژنەکەی بەتایبەتی لە پێشوازی مارتن سکورسیزی –دا بوون.
پێش نمایشی فیلمەکەش لیۆناردۆ دیکاپریۆ لەگەڵ دەرهێنەر و رۆبەرد دینیرۆ و بەشێک لە ستافی فیلمەکە لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵەکە ئامادەبوو، دیکاپریۆ وێنەی لەگەڵ هەوادارانیدا گرت و بۆ هەندێک لە میدیاکان دواو و دڵخۆشیی خۆی دەربڕی بۆ بەشداریکردنی لەو فیلمەدا.
هەروەها هەندێ وڵاتی عەرەبی بۆ یەکەمجارە بەشداری فێستیڤاڵەکە دەکەن لەوانە ئوردن بە فیلمی "وداعا جولیا" و سودان بەفیلمی "انشاءالله ولد" لەپێشبڕکێی "نظرة ما" دا بەشدار بوون، هەروەها فیلمی جەزائیری "عمر فراولة" لە نماییشی پێشبڕکێی نیوە شەودا بەشدار بوو، جگە لە دوو فیلمی مەغریبی بەشداری فێستیڤاڵەکەیان کردووە ئەوانیش فیلمی " The Mother of All Lies" و فیلمی " Hunting dog ".
فیلمە کاندیدەکان
شایەنی باسە19فیلم کاندیدە بۆ بردنەوەی خەڵاتی پاڵم دی ئۆر-ی کان بۆ باشترین فیلم تێیاندا جگە لە فیلمە تونسییەکە فیلمی ژنە دەرهێنەری سنیگالی "راماتا تولای سی" بەشدارە کە ئەمە یەکەم فیلمە کاری دەرهێنانی بۆ بکات.
دواجار راستە19فیلم بەشداری کێبڕکێی بردنەوەی باشترین فیلم دەکەن، بەڵام بەڕای رەخنەگران 10 فیلم بە بەهێزی لەو کێبڕکێیەدا بەشدارن لەوانە:
*فیلمی Anatomy Of A Fall فیلمی نووسەر و دەرهێنەری فەرەنسی جۆستین تریت.
* فیلمی Banel & Adama نمایشی یەکەمی ژنە دەرهێنەری فەرەنسی سنیگالی راماتا تولای سی-ە.
*فیلمی La Chimera ی، دەرهێنەری ئیتالی ئەلیس روهەر واچەرە.
*فیلمی Club Zero ی دەرهێنەری نەمسای جێسیکا هاوسنەر، لەم فیلمەدا ئەکتەری میسری ئەمیر میسری بەشداری لە پاڵەوانێتیدا کردووە.
*فیلمی May December یەکەم فیلمی دەرهێنەر تۆد هینز-ی دەرهێنەری فیلمە دۆکیومێنتارییەکانە.
*فیلمی Killers Of The Flower Moon ی دەرهێنەر مارتن سکورسیزی.
*فیلمی Along Came Love ی دەرهێنەرو نووسەری فەرەنسی کاتیل کویلڤێری.
* فیلمی The Delinquents ی دەرهێنەری ئەرجەنتینی رۆدریگۆ مۆرینۆ.
* فیلمی The New Boy ی دەرهێنەری ئوستورالی وارویک سۆرنتۆن.
* فیلمی Only The River Flows ی دەرهێنەری چینی وی شۆگون.
رووداوە سەرنجڕاکێشەکان
ئەو دیمەنانەی سەرنجی ئامادەبوان و کامێرای میدیاکانیان راکێشا لەوانە کاتێک لە رۆژی شەشەمدا ئەستێرەی هۆڵیوود جێنیڤەر لۆرانس بە عەزییەکی سووری سەرنجڕاکێش و جووتێ پێڵاوی بەرزی سوورەوە دەرکەوت و ئامادەی سەر فەرشی سووری فێستیڤاڵەکە بوو بۆ نمایشی فیلمیBread and Roses کە بەرهەمهێنانی خۆیەتی، بەڵام هەر زوو پێڵاوەکانی گۆڕی بە جووتێ سەندەڵی رەشی فلات تا وەک ئاهەنگی خەڵاتەکانی ئۆسکار لەبەردەم میدیاکاندا نەکەوێت.
هاوکات ئەستێرەی هۆڵیوود کیت بلانشێت بە عەزییەکی رەش و سپی و زیوییەوە دەرکەوت کە قوماش و پارچەکانی لە ئەنجامی ریساکلین بەرهەم هاتبوو، هەروەها ئەستێرەی هۆڵیوود و خاوەن خەڵاتی ئۆسکار شۆن پێن ئێوارەی رۆژی 19 ئایار ئامادەی نمایشی فیلمەکەی بوو بەناوی" Black Flies" کە ئەویش یەکێکە لەو فیلمانەی بەشداری کێبڕکێی رەسمی فێستیڤاڵەکەی کردووە.
مارتن سکورسزی و ستافی فیلمی بکوژانی مانگی گوڵ