سوود و تایبەتمەندییەکانی چای شین

11:43 - 2023-05-28
دووتوێ
362 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان


چای شین کە بە چای گوڵی بەزالیای شین، ناسراوە، ئێستا یەکێکە لە دیاردەکانی نێو سۆشیال میدیا، بەڵام راستییەکە ئەوەیە چای شین بەهۆی شێوە سەرنجڕاکێشەکەیەوە ناوبانگی پەیدا نەکردووە، بەڵکو چای شین چەندین سوودی تەندروستی گرنگی هەیە، لە بەرەنگاربوونەوەی رەگە ئازادەکان کە هۆکاری شێرپەنجەن، لەگەڵ سوودەکانی بۆ پێست و گەشەی قژ، پاراستنی تەندروستی ریخۆڵەکان، مێشک، کۆئەندامی دەمار و جگەر، بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن و کەمکردنەوەی شەکر لەخوێندا و بەهێزکردنی یادەوەری، کەواتە چای شین چییە:

چای شین چییە؟
سەرەڕای ئەوەی لەم دواییانەدا لە سەرانسەری جیهاندا ناوبانگی پەیدا کردووە، بەڵام چای شین چەندین سەدەیە بوونی هەیە، لە گوڵە شینەکانی رووەکی بەزالیای ئاسیایی یان ئەوەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەم گوڵە رەنگەکەی وەک بۆیاخی خۆراکیی سروشتی لە وڵاتانی وەک: تایلەند، میانمار، ڤێتنام و ئوسترالیا بەکاردێت.
رەنگە ئەزموونی خواردنەوەی چای شین بۆ یەکەمجار سەرسوڕهێنەر بێت، بەو پێیەی رەنگی چایەکە لە شینەوە دەگۆڕێت بۆ وەنەوشەیی و پەمەیی، ئەمەش بەندە بەوەی تا چەند ئاوی لیمۆی تێدەکەیت کە ئاستی ترشیەکەی رەنگەکەی دەگۆڕێت.
سوودەکانی چای شین
رووەکی بەزالیای شین رێژەیەکی بەرزی دژە ئۆکسانی تێدایە و دژە میکرۆب و ئەنتۆسیانین و ماددە تەندروستەکانی تری تێدایە، هەرچەندە لێکۆڵینەوەکان لەسەر بەزالیای شین هێشتا لە سەرەتایدایە، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە دەریدەخەن چای شین سوودی تەندروستی جۆراوجۆری هەیە لەبەر ئەم هۆکارانە.

لە رەگە ئازادەکان دەتپارێزێت
تایبەتمەندی دژە ئۆکسانی چای شین لەش دەپارێزێت لە مەترسی توشبوون بە رەگە ئازادە زیانبەخشەکان کە دەبنە هۆی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و تێکچوونی گورچیلە و کێشەکانی هەرسکردن.

بۆ پێست باشە
ئەو فلاڤۆنۆید و دژە ئۆکسانانەی لە چای شیندا هەن هاندەری بەرهەمهێنانی کۆلاجینن، ئەمەش نەرمی و کشانی پێست بەرز دەکاتەوە و لە پیربوون دەیپارێزێت، هەروەها خواردنەوەی چای شین یارمەتی شێدارکردنی جەستە دەدات.

تەندروستی کۆئەندامی دەمار 
چای شین بڕێکی زۆر مەگنیسیۆمی تێدایە کە پێویستە بۆ پاراستنی تەندروستی کۆئەندامی دەمار.

تەندروستی ریخۆڵە 
ئەو فلاڤۆنۆیدانەی لە چای شیندا هەن، تەندروستی ریخۆڵەکان دەپارێزێت و کاریگەرییە نەرێنییەکانی حاڵەتەکانی وەک نیشانەکانی قۆڵۆنی عەسەبی و فشار کەم دەکەنەوە، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی و جەستەیی هەیە.
مێشک دەپارێزێت
چای شین هاندەری بەرهەمهێنانی مادەی ئەسیتیلکۆلینە، کە توانای پەیوەندی خانەکانی مێشک بەرز دەکاتەوە و کارکردنی مێشک و تەرکیز باشتر دەکات، هەروەها بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەدەستدانی بیرەوەری بەسوودە.

کێش کەم دەکاتەوە
چای شین جێگرەوەیەکی تەندروستە بۆ خواردنەوەی جۆرەکانی دیکەی چا و خواردنەوە شیرینەکان وەک: خواردنەوە گازییەکان، شەربەتی میوە، و خواردنەوە وزەبەخشەکان، بەو پێیەی شەکر و کاربۆهیدرات، یان چەوری تێدا نییە، هەروەها خواردنەوەی چای شین یارمەتیدەرە بۆ وەستاندنی ئارەزووی خواردنەوە شیرینەکان، ئەوەش یارمەتیدانی نەخۆشانی شەکرە و قەڵەوەکان دەدات بۆ دابەزاندنی کێش.

باری دەروونی 
چای شین وەک دژە خەمۆکی کاردەکات، بەو پێیەی یارمەتی کەمکردنەوەی فشاری دەروونی و گرژی دەدات و میزاج باشتر دەکات، ئەمەش وایکردووە چارەسەرێکی سروشتی بێت بۆ ماندوێتی بەتایبەت کاتێک لەگەڵ ئەناناس یان لیمۆدا دەخورێت.

پارێزگاریکردن لە قژ 
چای شین بۆ تەندروستی قژ زۆر باشە، بەو پێیەی ئەنتۆسیانینەکانی تێدایە، کە یارمەتیدەرن بۆ تەندروستی پێستی سەر لەڕێگەی هاندانی سوڕی خوێن، ئەمەش لە بەرامبەردا تاڵەکانی قژ بەهێز دەکات.

دژە هەوکردنە
چای شین لە پزیشکی تەقلیدی چینیدا وەک چارەسەرێک بۆ هەوکردن جێگیرکراوە، بەهۆی ئەو تایبەتمەندییە دژە هەوکردنانەی تێیدایە.

بۆ چالاکیی جگەر
توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە چای شین کارکردنی جگەر بەرز دەکاتەوە و رێگری دەکات لە هەندێک نەخۆشی مەترسیداری جگەر.

ئایا هیچ زیانێکی هەیە ؟
بەهۆی مامناوەندی رێژەی کافاین و کەمی رێژەی شەکر، هیچ زیانێکی نییە و تا ئێستا نەسەلمێنراوە کە هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی هەیە لە خواردنەوەیدا هەیە، بەڵام هەندێک کەس گەدەیان هەستیارە لە کاتی خواردنەوەی چای شیندا تووشی سکچوون دەبن، هەروەها ژنانی دووگیان یان شیردەر پێویستیان بە راوێژکردن بە پزیشک هەیە پێش خواردنەوەی ئەو جۆرە چایە.

باشترین کات بۆ خواردنەوەی چای شین کەیە؟
پسپۆڕانی خۆراکی کلینیکی پێشنیاری خواردنەوەی چای شین دەکەن بە گەرمی، نزیکەی سەعاتێک پێش یان دوای خواردنی ژەمە سەرەکییەکان.

چۆنیەتی لێنانی چای شین؟
چای شین وەک هەر چایەکی تر ئامادە دەکرێت، کیسەیەک یان کەوچک و نیوێک لە گەڵای گوڵی بەزالیای شین دەخرێتە ناو کوپێک ئاوی کوڵاوەوە و بۆ ماوەی 5 خولەک بەجێدەهێڵرێت، پێش ئەوەی بە گەرمی یان ساردی بخورێتەوە، هەروەها دەتوانرێت هەنگوین یان لیمۆ بۆ چای شین زیاد بکرێت ئەگەر نەتوانرا ئاسایی بخورێتەوە. 
سەرچاوە: زهرة الخلیج 

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان