دکتۆر دارا عەبدوڵڵا: زیاتر پیاوان تووشی جەڵتەی دڵ دەبن وەک لە ژنان

11:45 - 2023-05-28
دووتوێ
447 جار خوێندراوەتەوە

دیداری: هاوژین عەبدولواحید


زۆرجار گوێمان لە گرفتە تەندروستییەكانی نەخۆشانی دڵ دەبێت، دیارترینیان جەڵتەی دڵە، كە رەنگە نەخۆشەكە بە ژیانی خۆی باجەکەی بدات، سەرەکیترین هۆکاری مردن لە جیهاندا نەخۆشی دڵە. ئەگەرچی نەخۆشی دڵ بکوژە، بەڵام لە هەندێک کاتدا، دەکرێ پێشگیری لە روودانی بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە دکتۆر دارا عەبدوڵڵا چنارە پزیشكی پسپۆڕی هەناو دڵ و شەکرە،  باس لە هۆكارەكانی جەڵتەی دڵ و نیشانەكان دەکات

*نەخۆشی دڵ چییەو جۆرەکانی چین؟
نەخۆشی دڵ بەشێوەیەکی گشتی کۆمەڵێک نەخۆشی دەگرێتەوە کە تووشی بۆرییەکانی خوێن و سەمامەکانی دڵ و ماسولکە و پەردەی دڵ دەبن لەکاتی ئیلتیهابات به نەخۆشی ڤایرۆسی، ئەگەری هەیە پەردەی دڵ و ماسولکەی دڵ تێیدا زەرەرمەندبن بەهۆی ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسییەوە.
چەند جۆرێكی هەیە وەك نەخۆشكەوتنی ماسولكەی دڵ و خوێنبەرەكان و تێكچوونی لێدانی دڵ و كەموكووڕی و كێشەی دڵ لەكاتی لەدایكبوون و چەند جۆرێكی دیكە، زۆرجار کۆرپە لە سکی دایکیدا کێشە لە بۆرییەکان و سەمامەکانیدا دروست دەبێت، بەڵام دوای لەدایکبوون نەخۆشییەکە دەردەکەوێت.

*جەڵتەی دڵ چییە؟
جەڵتەی دڵ بریتییە لە داخران و تەسکبوونەوەی لوولەی خوێن، بەهۆکاری رەقبوونی خوێنبەرەکانەوە بەچەوری دەبێتە ھۆی نەچوونی خوێن و ئۆکسجین بۆ ماسولکەکانی دڵ، هەربۆیە خانەکانی ئەو بەشەی ماسولکەی دڵ دەمرێت و  دەبێتە ھۆی زیانگەیاندن و مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکە و دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ.
*بۆماوەیی یاخود رەگەز و تەمەن تاچەند رۆڵی هەیە؟ بۆ نەخۆشییەکانی دڵ بەگشتی و جەڵتەی دڵ بەتایبەتی؟
بێگومان بۆماوەیی و رەگەز و تەمەن رۆڵی هەیە و زیاتر پیاوان تووشی جەڵتەی دڵ دەبن وەک لە ژنان، ئەمەش بەهۆکاری هەبوونی سوڕی مانگانە لە ژناندا فشارەکانی دڵ کەم دەکاتەوە، بەڵام لە دوای وەستانی ئەم سوڕە له ژنان و هەڵکشانی تەمەنیان مەترسییەکان هاوسەنگ دەبێتەوە لەگەڵ پیاواندا، هەروەها تا تەمەن لە هەردوو رەگەزدا بەرەو ژوور بڕوات مەترسی جەڵتەی دڵ زیاتر دەبێت.
بۆماوەیی رۆڵێکی زۆری هەیە لە زۆربەی نەخۆشییەکاندا، نەخۆشی دڵیش لەمە بەدەر نییە بەتایبەت ئەو خێزانانەی کەسە نزیکەکانیان وەک باوک و دایک و خوشک و برا ئەو نەخۆشییەی هەبێت رێژەی تووشبوونیان بەو نەخۆشییە زیاترە وەک لەکەسێکی تر.

*بەپێی داتاکان ئەم نەخۆشییە لە  هەڵکشاندایە یاخود داکشان؟
رێژەی نەخۆشی جەڵتەی دڵ لەهەموو جیهاندا بەشێوەیەکی گشتی و کوردستان بەتایبەت رۆژ بە رۆژ لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە، چونکە ئەو هۆکارانەی مەترسین لەسەر نەخۆشی دڵ خۆیان لە زیادبووندان، کۆنترۆڵکردنی هۆکارەکان و خۆ دوورخستنەوە لە مەترسییەکانی تووشبوون ئەگەرەکانی تووشبوون بەو حاڵەتەکەم دەکاتەوە.

*هۆکارەکانی نەخۆشی جەڵتەی دڵ   چین و بۆچی دەگەڕێتەوە؟ 
کۆمەڵێک هۆکاری هەیە بەشێک لە هۆکارەکانیش بریتین لە بەرزبوونەوەی رێژەی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا و چەوری سیانی خوێن چەورییە زیانبەخشەکان و کەمبوونەوەی چەورییە سوودبەخشەکان لە خوێندا، هەروەها قەڵەویی و کەم جووڵەیی، جگەرەکێشان و ئەلکهول و مادە هۆشبەرەکان، لەگەڵ سترێسی زۆر و قەلەقی و دڵەڕاوکێ و پەستانی دەروونی بەردەوام ئەمانە ئەو هۆکارە باوانەن کە دەبنە هۆی جەڵتەی دڵ .

*نیشانەکانی چین؟
کێشەی ئێمە لەگەڵ نەخۆشی دڵ و جەڵتەی دڵ زۆرجار ئەوەیە ئەم نەخۆشیانە رەنگە هیچ نیشانەیەکیان نەبێت، کەواتە ئەو کەسانەی ئەو هۆکارە مەترسیانەیان تێدایە کە پێشتر ئاماژەمان پێیدا باشتر وایە زوو زوو پشکنینی دڵ بکەن، زۆرکاتیش رەنگە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک پەستانی خوێن و شەکرە هۆکاری جەڵتە بن، نیشانە باوەکانیشی بریتین لەوەی ئازارێک لە سینگدایە دروست دەبێت و دەچێت بۆ پەلەکان و قۆڵ و کۆڵنج و هەندێکجاریش بۆ شەویلگە و ددانەکان لەگەڵ تەنگە نەفەسی و دڵ تێكەڵهاتن و رشانەوە و خێرابوونی ترپەکانی دڵ و ئارەق کردنەوەیەکی زۆر، لە هەندێ حاڵەتدا نیشانەی ناکلاسیکی روودەدات وەک دڵە کزێ و سووتانەوەی گەدە، هەربۆیە وا پێویست دەکات پشکنینی دڵنیابوونەوەی دڵی بکات وەک هێڵکاری دڵ، ئەنزیمەکانی دڵ، ئیکۆی دڵ تا بزانێ ئایا کێشەکە دڵیەتی یاخود هەر لە چوارچێوەی نەخۆشییەکی تردایەو پەیوەندی بەدڵەوە نییە.
لەبەرئەوە زۆرجار ئەگەر نەخۆش تەمەنی سەروو 35 ساڵ بێت و فشاری خوێن یاخود شەکرەی هەبێت پێویستە کۆنترۆڵ بکرێت، ئەوانەی لەژێر چارەسەر و رێنمایی و چاودێری پزیشکیدان پێویستە ئاگاداری ئەو نیشانانە بن و گرنگی پێبدەن و بە کەمتەرخەمی لە نیشانەکان نەڕوانن و ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن.

*چۆن بتوانین ژەمە خۆراکییەکانی  رۆژانەمان رێکبخەین؟
رێکخستنی ژەمە خۆراکییەکان رۆڵێکی تایبەتیان هەیە لە رووبەڕووبونەوەی ئەم نەخۆشییە، بۆیه واباشترە ئەو خواردنانەی رێژەیەکی زۆر چەوریان تێدایە کەم بکرێنەوە، لەبری خواردنە سوورکراوەکان خواردنە کوڵاو برژاوەکان بخورێت، هەروەها گرنگییەکی زۆر بدرێت بە سەوزە و میوەکان بەتایبەت ئەوانەی ریشاڵیان تێدایە، چونکە ریشاڵەکان دەبنە هۆی ئەوەی رێژەی چەوری لە خوێندا کەمبێتەوە، لەگەڵ بەڕێژەیەکی باش رۆژانە ئاو بخورێتەوە، خواردنەکانیش هەمەچەشن و پڕ ڤیتامین بن واباشترە زیاتر خواردنە فرێشەکان بخورێت.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان