بەپێی ئامارەکان رێژەی تاوانە جۆراوجۆرەکان زیادی کردووە، بە تایبەت بەرامبەر ژنان تانیا تاهیر پارێزه‌ر و چالاكوانی بواری ژنان باس له هۆكاره‌كانی زیادبوونی رێژه‌ی تاوانەکان بە تایبەت کوشتن و رۆڵی یاسا و داواکاری گشتی دەکات لەو بوارەدا.
سازدانی/ سه‌هه‌ند كۆیی
* دۆخی ژنان له هه‌رێمی كوردستان چۆنە؟
- به‌گشتی ره‌وشی كۆی مرۆڤی كورد له رووی كۆمەڵایه‌تی، سیاسی، ئابووری و ته‌ندروستییەوە له ژێر هەڕه‌شه و له‌به‌ریه‌ك هەڵوه‌شان و لەیه‌كتر ترازاندایه، به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه خراپ و ناله‌بارەی هه‌رێم و ناوچەکە لەڕووی ئابووری و ناسەقامگیری سیاسییەوە پێیدا تێپەڕ دەبن، ئاشكراشه له هه‌موو حاڵه‌ته نه‌خوازراو و ناجێگیره‌كاندا به پلەی یه‌كه‌م ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و بوونەتە قوربانی، بارودۆخی ژنان لە هەرێم له خراپترین حاڵه‌تدا ده‌بینم، ئەرکی هەموو لایەکە دۆخەکە ئارام بکەنەوە تا دەروونی تاک ئارام بێت و توندوتیژی کەم ببێتەوە.
* به‌پێی ئامارەکان رێژه‌ی تاوان زیادیكردووه به‌تایبه‌ت كوشتن هۆکارەکەی چییە؟ ئایا یاساکان بەپێی پێویستن؟
- مرۆڤ كائینێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه سروشتی مرۆڤ خۆی دابه‌شكردووه به‌سه‌ر چاكه و خراپه‌دا، هۆكاره‌كانی بۆماوه‌یی و ژینگه و پێكهاته‌ی جه‌سته کاریگەریی هەیە لەسەر مەیلی تاوانکاری مرۆڤەکان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌ترسیداره زۆربه‌ی به‌هاكۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی مرۆڤایه‌تیمان له‌ده‌ستداوه و هیچ خوێندنەوه‌یه‌كی لۆژیكیمان نییه بۆ پێوه‌ر و به‌هاكانی مرۆڤ، به‌تایبه‌ت ژنان له‌م كۆمه‌ڵگەیه‌دا زۆر به ئاسانی ده‌توانرێت ده‌ستی بۆبه‌رن بۆیە تاوان رووی لە زیادبوونە، ئه‌م هه‌ڵكشانه له رێژه‌دا ته‌نها لاوازی یاساكان فاكته‌رنین ئه‌گه‌ر بڵێم ده‌قی یاساكان له‌باره‌ی تاوانی كوشتنی به ئه‌قه‌ست بێ كه‌موكورتین ره‌نگه هه‌ڵه‌نه‌بم، چونكه یاسای سزادانی عیراقی ژماره 111ی ساڵی 1969، یاسایه‌كی تونده ئه‌گه‌ر وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت به‌تایبه‌ت سزای له‌سێداره‌دان، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ی زانستی تاوانناسی بۆ تاوانی داناوه، ئێستا كۆمه‌ڵێك هۆكاری تر ده‌بینم كه هه‌ریه‌كه‌یان ده‌بنه‌وه به به‌شێك له‌هۆكاری پاڵنه‌ر و رێگا خۆشكه‌ر بۆ تاوانکردن وەک خەمساردی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەرامبەر بڕیاری دادگاکان و جێبەجێنەکردنی سزای لە سێدارەدان، دەرچوونی لێبوردنی گشتی، كارانه‌بوون و سه‌ربه‌خۆ نه‌بوونی داواكاری گشتی، چارەسەرکردنی کێشەکان بە سوڵحی عەشایەری، هه‌موو ئه‌مانه هه‌نگاوی پێچه‌وانه‌ن به‌رامبه‌ر سه‌روه‌ربوونی یاسا له‌لایه‌كی تر ئه‌و رۆڵه سلبییەی راگه‌یاندنه‌كانی ئێمه ده‌یبینێ له‌پیشاندانی رێگاكانی تاوانكاری و دروستكردنی پانتاییه‌ك له رق و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له ده‌روونی تاکدا گواستنه‌وه‌ی سیناریۆی تاوانه‌كان زۆر به ئاسانی.
* هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر ژنان چین؟
- نالۆجیكییه پێمان وابێت له بارودۆخێكدا کاتێک سه‌رتاپای كۆمه‌ڵگە رووبه‌ڕووی جۆره‌كانی توندوتیژی ده‌بنه‌وه به‌هۆی جه‌نگی داعش و قه‌یرانی دارایی و هەبوونی ناشه‌فافی له‌حكومه‌ت و داهات و جه‌نگی ده‌روونی و ئابووری، ده‌بێت ژنان له توندوتیژی بپارێزرێن و پریشكی ئه‌و ئاگره نه‌یانگرێته‌وه، لە کاتێكدا هه‌موومان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه و ناجێگیریی ده‌روونیداین، به‌ده‌ر له‌وه‌ش هه‌ڕه‌شه‌كانی وڵاتانی دراوسێ، حكومه‌تی ناوه‌ند، ناته‌بایی هێزه ناوخۆییه‌كان هه‌موومانی تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی كردووه، ئیدی چۆن توندوتیژی تاكه‌كان به‌رامبه‌ر یه‌كتر زیاد ناكات؟ ئەوەی ده‌گوزه‌رێت به‌ری ره‌نجی چه‌ند ساڵه‌ی رێكخراوه‌كانی ژنان و مافی مرۆڤ و چالاكوانانی له‌مایه‌پوچبوون نزیك كردۆته‌وه، خه‌ریكه ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵه به‌ده‌ستمان هێناوه له‌ڕووی مافی ژنیشه‌وه له‌ده‌ستی بده‌ین و بگەڕێینه‌وه بۆ خاڵه‌كانی سه‌ره‌تا، بڕوام وایه سه‌قامگیری سیاسیی و ئابووری، سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی و تاكیش فه‌راهه‌م ده‌كات، بۆیه به‌ده‌ر له‌و هۆكاره گشتیانه‌ی زانستی ده‌روونناسی و كۆمه‌ڵناسی جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه وه‌ك ژینگه و بۆماوه‌یی، ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا له‌پله‌ی یه‌كه‌می هۆكاری زیادبوونی توندوتیژی دێت به‌رامبه‌ر به ژنان.
* به‌شێك له ژنان په‌نا بۆ خۆكوشتن یان سوتاندن ده‌به‌ن بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی كێشه‌كان، ئایا ئه‌وه خراپترین بژارده نییه؟
- خۆكوشتن یان خۆسوتاندن مه‌ترسیدارترین و خراپترین بژارده‌یه، ئێمه كۆمه‌ڵگەیه‌كین هه‌ڵگری چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانین وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆمان ده‌مانه‌وێت، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی پێویسته بكرێت، به‌بێ گوێدانه خواست و ویستی لایه‌نه‌كانی ناو خود و سروشتی كێشه‌كه و له هه‌مانكاتیشدا فێربووین به‌شێوه‌ی کاتی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌كه‌ین نه‌ك هەمیشەیی، واتا به‌شێوه‌ی زانستی و بنه‌ڕه‌تی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ناكه‌ین، بۆیه كاتێك ڤایرۆسی نه‌خۆشییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه ته‌شه‌نه ده‌كات ئیدی چارەسەر ناكرێت یان زۆر قورس ده‌بێت، زۆرن ئه‌و ژنانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامن له‌ژیان، به‌ڵام له‌ڕووی رۆحییه‌وه مردوون و هه‌ریه‌كه‌یان له‌به‌ر هۆكارێك درێژه به‌ژیان ده‌ده‌ن،هه‌ندێكیش له‌و ژنانه توانای به‌رگه‌گرتنیان نییه ناچار كۆتایی به‌ژیانی جه‌ستەش ده‌هێنن.
* چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی پێش لە ژن کوشتن بگیرێت؟
- چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌بنه به‌شێك له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌ر له هه‌موو شت پێویستی به هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگەیه، خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێی زانستی سه‌رده‌میانه‌یه بۆ چه‌مكه‌كانی(شه‌ره‌ف، ئازادی، ماف و ئه‌رك) هه‌تا ئێمه شه‌ره‌فی بنه‌ماڵه‌یه‌ك، عه‌شیره‌تێك له په‌یوه‌ندییه‌كی دووكه‌سدا كۆنه‌كه‌ینه‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی پێویسته له‌سه‌ر چه‌مكی شه‌ره‌ف كۆمان بكاته‌وه دڵسۆزی و ئینتیمابێ بۆ خاك، نه‌ته‌وه، نیشتمان و رێزگرتن له‌یه‌كتری.
هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردنی یاساكان وه‌ك خۆی، پێداچوونه‌وه به پڕۆگرامی خوێندنمان، ده‌بێت كەلتوری ناتوندوتیژی له‌پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردنی قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه ببێته مه‌نهەج، تا نه‌وه‌یه‌ك به‌رهه‌م بهێنین هه‌ڵگری هزری نا توندوتیژی بێت، بۆ ئاشناكردن به ماف و ئه‌ركه‌كانی تاك و دروستكردنی گیانی لێبورده‌یی له‌جیاتی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، جگه له‌مه‌ش پێویسته ژنان به جورئه‌ته‌وه بڕیار له‌سه‌ر پرسه گرنگه‌كانی خۆیان بده‌ن، بوار نه‌ده‌ن كه‌سی دیكه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بڕیاره‌كانیان دروست بكات، چونكه ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ی كه‌سێكی تره له‌جیاتی ئه‌م ده‌بێت ژن خۆی باجه‌كه‌ی بدات، هه‌ندێكجار بیكاته قوربانیش، قبوڵكردنی سته‌م سته‌می تری به‌دوادا دێت ئه‌مانه ده‌كرێت ببنه قه‌ڵغانێكی به‌هێز بۆ پێگه‌ی ژن و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ر توندوتیژییه‌ك لێی ده‌كرێت، له‌سه‌ر ئاستی راگه‌یاندنیش دانانی راوێژكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن تا بڵاوکردنەوەی ئه‌و مه‌ترسییانه كه‌مبێته‌وه داهاتووی ئاشتی خێزان و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تیمان ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌وه‌ی ده‌توانێت هه‌موو ئه‌وانه‌ش بكات، بوونی ئیراده‌یه‌كی سیاسی به‌هێزه كه لەموجامه‌لاتی سه‌رشاشه و كۆبوونه‌وه‌كان و بڕیاره‌كانی مه‌جلیسه‌كانی رازیكردنی داواكارییه‌كانی ژنان ده‌ربچێت، ئه‌و ئیراده‌یه به فیعلی ویستی به‌كرداریكردنی به‌ڵێنه‌كانی هه‌بێت.
* هۆکارەکانی زیادبوونی رێژەی تەڵاق چین؟
- زیادبوونی رێژه‌ی ته‌ڵاق هێنده‌ی ئیجابییه هێنده سلبی نییه، به‌تایبه‌ت بۆ كۆمه‌ڵگەی ئێمه كه پێوه‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ر له سه‌ره‌تاوه زۆربه‌ی جار ناته‌ندروستن، یان ره‌نگه لایه‌نه‌كانی پڕۆسه‌كه ته‌نها خۆیان ده‌ستیان نه‌بێت له کردنی ئه‌و گرێبه‌سته گرنگه‌دا، بۆیه ئه‌گه‌ر به كه‌مترین زیانه‌وه كۆتایی بێت ئه‌وا باشتره، بۆیه هۆكاری بنه‌ڕه‌تی زیادبوونی رێژه‌ی ته‌ڵاق ده‌گەڕێنمه‌وه بۆ ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی به‌سه‌ر دونیای ژن‌دا هاتووه، له‌وه ده‌رچووه ته‌نها به‌ڵێ بكات و ملكه‌چ بێت، به‌رده‌وام له هه‌وڵی جوانكردنی ئه‌و جه‌هه‌ننه‌مه‌دا بێت كه‌پیاوێك بۆی خوڵقاندووه، بۆیه جیابوونه‌وه باشترین رێگاچاره‌یه نه‌ك به‌رده‌وامبوون.
* چۆن لە فرەژنی دەڕوانیت؟
- دژی فرەژنی و هه‌ر كردارێكی مر‌ۆڤم به‌رامبه‌ره‌كه‌ی پێ بێبه‌ها بكات و كه‌متر له‌خۆی ته‌ماشای بكات، پێویسته له مه‌فهومی یه‌كسانی مرۆڤه‌كان تێبگه‌ین، ده‌بێت ئه‌و راستییه بسه‌لمێنین هه‌موومان یه‌كسانین و له‌و شوێنه‌دا جیاوازی ده‌ست پێده‌كات كه تاقیكردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان ده‌كرێین، پێم وایه ژن توانیویه‌تی ئه‌وه بسه‌لمێنێ هه‌ركات ده‌رفه‌تی بۆ بڕه‌خسێت له‌بواری به‌شداری فیكری، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، زانستی، ئابووری و کارگێڕی و هەموو بوارەکانی تری ژیاندا دەتوانێت رۆڵی مه‌زن بگێڕێت، له هه‌رجێگەیه‌كدا ژنێك توانای كردنی كارێكی نه‌بێت له‌به‌رامبه‌ردا پیاویش توانای كردنی كارێكی نییه کە ژن ده‌توانێت بیكات و ئه‌و ناتوانێ، بۆیه هاوكێشه‌كان خۆیان به‌م جۆره هاوسه‌نگ ده‌بنه‌وه، ئیدی پیاو چۆن شه‌رعیه‌ت به‌خۆی بدات و هێنده له‌خۆی رازیبێت تا دوو ژن و سێ ژن و چوار ژن بخاته خزمه‌تی خۆیه‌وه، له‌كاتێدا هه‌ردووكمان یه‌ك خودامان هه‌یه، یه‌ك جۆری له‌دایك بوون و خواردن و خه‌وتن و مردنمان هه‌یه، هه‌روه‌ها له‌ڕووی ژیاری و واقیعی و لۆژیكه‌وه سه‌لمێنراوه فره‌ژنی نه‌یتوانیوه كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكات هێنده‌ی گه‌وره و زیادی كردووه.
تانیا تاهیر: خۆشگوزه‌رانی هه‌ر كۆمه‌ڵگەیه‌ك به‌نده به به‌شداری ژنەوە له هه‌موو كایەکاندا
* لە هەرێم به‌شداری ژن له‌كایەی سیاسی‌دا چۆنه؟
- پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانی هه‌ر كۆمه‌ڵگەیه‌ك به‌نده به به‌شداری ژن له هه‌موو كایه جیاوازه‌كانی ژیاندا، كایەی سیاسیش یه‌كێكه له‌وكایانەی ئه‌ركه ژنان به‌شداری تێدا بكه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌شداربوون له هه‌موو كایه‌كانی تردا ماف بێت وه‌ك تاك ئه‌وا له‌سیاسه‌تدا ئه‌ركه، له‌بارەی به‌شداری سیاسیشه‌وه ده‌توانم بڵێم به‌راورد به‌و كەلتوره عه‌قڵییه سیاسییه پیاو سالارییەی هەیه له‌كایەی سیاسی ئه‌م وڵاته‌دا و سیاسه‌تی قۆرخكردووه بۆ پیاو له‌ئاستێكی باشدایه سه‌رەڕای بوونی تێبینی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی و جۆری به‌شداریكردنه‌كه، بەڵام به‌راورد به توانا و خه‌باتی ژنانی كوردستان له شۆڕش و خه‌باتی رزگاری نیشتمانی و نه‌ته‌وەیی قوربانیدانیان هاوشانی پیاوان له هه‌رێمی كوردستان زۆر كه‌مه و جۆرێك له په‌راوێزخستنی فیعلی هەیه له‌م بواره‌دا،هەڵبه‌ت قسەکەم له‌سه‌ر به‌شداریکردنی فیعلییه نه‌ك ئه‌و به‌شدارییه شكڵییەی له‌ژێر ناوی كۆتا و شتی تردا دەیبینین.
پێویسته رێكخراوه‌كانی ژنان به شێوازی خەباتكردنیاندا بچنه‌وه بۆ ئه‌وەی به‌رده‌وام ئه‌نجامی باشتریان هه‌بێت، هەروەها هه‌وڵبده‌ن ئه‌و خوێندنه‌وه نه‌رێنییەی له‌ناو كۆمەڵگه‌دا لەسەریان هەیە بیگۆڕن
* له هه‌رێمی كوردستاندا شتێكمان هەیه بەناوی باوه‌ڕی فیمینیزم بۆ یه‌كسانی ژن و پیاو؟
- سروشتی خه‌باتی ژنی كورد به گشتی له هه‌رێمی كوردستان تایبه‌تمه‌ندی خۆی هەیه به‌حوكمی كێشه نه‌ته‌وایه‌تییەکە سه‌رباری كێشه ره‌گه‌زییه‌كەی وه‌ك ژن، بۆیه ئه‌گه‌ر ژنانی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی كێشه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كەی و له هه‌مانكاتیشدا كێشه سیاسییه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانیش ئه‌و ده‌رفه‌تەیان بۆ نەڕه‌خسابێ تابتوانن له هه‌موو چالاكوانان و ئه‌وانەی دان به مافی یه‌كسانی نێوان ژن و پیاودا ده‌نێن تا له‌ژێر چه‌تری بزوتنه‌وەیه‌كدا خۆیان كۆبكه‌نه‌وه و خۆیان رێكبخه‌ن بۆ ئه‌وەی بتوانین بڵێین بزوتنه‌وەی فیمینیزم به فیعلی بوونی هەیه، خۆشبه‌ختانه ده‌توانین بڵێین ئێستا سه‌ره‌تاكانی یان ئاماژه‌كانی ده‌ركه‌وتن و دروستبوونی فیمینیزم خه‌ریكه خۆی ده‌رده‌خات، به بەڵگەی ئه‌وەی نوخبەیه‌ك له ژنان و پیاوان هه‌ن خه‌بات ده‌كه‌ن بۆئه‌وەی ژن بگه‌ڕێته‌وه بۆ پێگەی راسته‌قینه و سه‌ربه‌خۆ و شایستەی خۆی لەڕووی كۆمەڵایه‌تی و رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی و كارگێڕییه‌وه، بۆ ئه‌وەی بیانتوانیایه میكانیزم و رێگه چارەیه‌ك بۆ ئه‌و كێشانه دابنێن.
* زۆرجار باس له‌وه ده‌كرێت رێكخراوه‌كانی ژنان كێشه‌كانی ئاڵۆزتر كردووه، تاچه‌ند ئه‌مه راسته؟
- به‌شێكی ئه‌و بۆچوونه بۆ تێنه‌گەیشتنی نێوان رێكخراوه‌كانی ژنان و تاكه‌كانی كۆمەڵگه ده‌گه‌ڕێته‌وه، تائێستا به‌شێكی زۆری كۆمەڵگەی ئێمه نایانه‌وێ به رێكخراوه‌كانی ژنان ئاشنابن، به‌شێكی تریش پەیوه‌ندی به ناهۆشیاری رێكخراوه‌كانی ژنانەوەیە له بارەی چۆنیه‌تی مامەڵه‌كردن و چوونه ناو جومگه سه‌ره‌كییه‌كانی كۆمەڵگه و چۆنیه‌تی باسکردنی پڕۆگرامه‌كانی خۆیان بۆ ناو ژیانی كاركردنی تاکەکان.
به‌شێكی دیكەش بۆ ئه‌وه ده‌گەڕێته‌وه ئه‌وكاتەی ژنێك له یه‌كێك له بواره‌كانی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایه‌تیدا ده‌سەڵاتی گرتۆته ده‌ست، نه‌توانراوه رووه جوانه‌كەی ده‌سەڵاته‌كەی نیشان بدرێت.
پێویسته رێكخراوه‌كان لەسه‌ر دوو ئاست كاربكه‌ن ئه‌وان بوونه‌ته فشار له‌سه‌ر كۆمەڵگه، یه‌كه‌م ده‌بێت به خۆیان و شێوازی خەباتكردنیاندا بچنه‌وه بۆ ئه‌وەی به‌رده‌وام ئه‌نجامی باشتریان هه‌بێت، دووه‌م ده‌بێت هه‌وڵبده‌ن ئه‌و خوێندنه‌وه نه‌رێنییەی له‌ناو كۆمەڵگه‌دا بۆ ئه‌وان هەیه بیگۆڕن.
* رۆڵی ژنان تاچه‌ند گرنگه لەكۆمه‌ڵگە و پێشخستنی وڵات‌دا؟
- گه‌شه‌سه‌ندن، خۆشگوزه‌رانی، ئاوه‌دانی، به‌خته‌وه‌ری، رۆشنبیری و زانست هه‌موو ئه‌مانه به‌نده به پێشكه‌وتن و به‌شداریكردنی ژنانه‌وه، مه‌حاڵه بتوانین كۆمه‌ڵگەیه‌كی زیندوو به‌رهه‌مبێت، بەڵام ئاستی به‌شداری و پێشكه‌وتنی ژنان (فیعلی نه‌ك شكڵی) له‌بواره جیاوازه‌كاندا له‌ئاستی پیاواندا نەبێت، هه‌رگیز ئه‌مه له مێژوودا و له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع نایه‌ته بوون، بۆیه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت كۆمه‌ڵگەیه‌كی ته‌ندروست و باشمان هه‌بێت، ده‌بێت به‌شێوەیه‌كی مرۆڤانه مامەڵه له‌گەڵ ژناندا بكرێت و بوار بڕه‌خسێنرێت بۆ به‌شداری فیعلی و جدی له‌بواری سیاسی و دادوه‌ریی و ئیداریدا.
گەڕانەوەی پێگەی راستەقینەی ژن لە بوارەکانی ژیاندا