سەرۆك كۆمار: هاندانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری و پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت

11:03 - 2023-05-29
عیراق
268 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لەمیانی پێشوازی لە هەردوو وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان و پیشەسازی و كانزاكان، تەئكیدیكردەوە لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ دابینكردنی ئاوی پێویست و هاندان بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە وڵاتدا.
لە دیدارەكەی سەرۆك كۆمار و عەون زیاب عەبدوڵڵا وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان، تاوتوێی دوایین پێشهاتەكان سەبارەت بە كەمیی ئاو لە وڵاتدا كرا. سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەو هەوڵانە كرد لە ئارادان بۆ داڕشتنی یاسای ئەنجومەنی باڵای ئاو، كە لەلایەن سەرۆكایەتیی كۆمارەوە پێشنیاز كراوە، هەروەك گفتوگۆش كرا لەبارەی كاركردن لە پڕۆژەی بەنداوەكان بۆ گلدانەوەی ئاو و بەردانەوەی بەپێی پێویست. جەختیشیكردەوە كە «پێویستە رێوشوێنە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەكانی ئاو بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و پێویست ئاو بۆ عیراق دابینبكرێت».
لە بەرامبەریشدا، وەزیر ئاماژەی بە پلانەكانی وەزارەت كرد بۆ چارەسەركردنی بەفیڕۆدانی ئاو و روبەڕوبوونەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.
لەلایەكی دیكەوە و لە دیداری سەرۆك كۆمار لەگەڵ خالید بەتال وەزیری پیشەسازی و كانزاكان، جەختكرایەوە لە خستنەگەڕی هەوڵەكان بۆ بەهێزكردنی دۆخی ئابووریی وڵات و رەخساندنی دەرفەتی كار. سەرۆك كۆمار، رایگەیاند: «عیراق بازاڕێكی وەبەرهێنانی ئومێدبەخشە»، لەوبارەیەشەوە ئاماژەیكرد بە گرنگیی هاندانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری و پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت لەڕێگەی جێبەجێكردن و رەخساندنی ئاسانكاریی پێویست بۆیان.
وەزیری پیشەسازی و كانزاكانیش، پێشكەوتنی كارەكان و پڕۆژانەكان و پلانەكانی داهاتووی وەزارەتی بۆ بەهێزكردنی كەرتی پیشەسازی لە وڵاتدا خستەڕوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان