بە بڕیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، د.شەونم زرار بڵباس وەک راوێژکاری سەرۆک بۆ کاروباری توانا مرۆییەکان دەستنیشانکرا.
لەپێناو زیاتر خزمەتکردنی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و سوودوەرگرتنی زیاتر لە توانا مرۆییەکانی هاوڵاتییان و کادرانی یەکێتی، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بڕیاریدا د. شەونم زرار بڵباس وەک راوێژکاری تایبەتی خۆی بۆ کاروباری توانا مرۆییەکان دەستنیشان بکات.
لەمیانی دەستبەکاربوونیشیدا سەرۆک بافڵ رێنمایی و بەرچاوڕوونیدایە د. شەونم بۆ راپەڕاندنی ئەركەکانی و رایگەیاند، کاری لەپێشینەمان خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و بەدەنگەوەچوونی داوا و خواستەکانیانە. بۆ ئەمەش بە سوودوەرگرتن لە توانا مرۆییەکان، بەرنامەڕێژییەکی تەواو لەناو ئۆرگانە حزبییەکانمان دەکەین و بەرنامەکانی یەکێتی زیاتر دەخەینەوە خزمەتی خەڵک.
لەبەرامبەر راپەڕاندنی ئەرکەکانی رابردووی و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی نوێ، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی د. شەونم زرار بڵباس کرد کە ماندوونەناسانە ئەرکەکانی بەجێگەیاندووە و هیواشی خواست لەم بەرپرسیارێتییە نوێیەیدا سەرکەوتووبێت.