زیندووكردنەوەی مادەی 140 و دەستكورتی لە جێبەجێكردنیدا

09:48 - 2023-05-30
ڕاپۆرت
392 جار خوێندراوەتەوە
پارێزگای کەرکوک

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

دوای پڕۆسەی ئازادی عیراق و داڕشتنەوە و نووسینەوەی دەستور لەلایەن سەرجەم پێكهاتەكانەوە، بڕگەیەك لە دەستوردا بە ناوی مادەی 140 جێگیر كرا، خۆی دەبینییەوە لە چارەسەركردنی كێشەی سیاسی و زەوی ‌و زار و جیۆپۆلەتیكی زەویناسی بۆ هەموو پارێزگاكانی عیراق كە كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان لەچوارچێوەی ئەو مادەیەدان.
بڕگەکانی گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەكان بۆ شوێنەکانی خۆیان هەروەها گەڕاندنەوەی ئاوارە كوردەكان بۆ زێدی خۆیان، تائێستا بە نیوەچڵی جێبەجێكراوە و كارێكی یەكلاكەرەوەیان نەكردووە بۆ گەلێك كێشەی تر، وەكو داگیركردنی زەوی و زارو موڵكدارێتی خانووبەرە.
دوای دەستبەكاربوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، جارێكی تر لەسەر مێزی گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە دەستپێشخەری بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جارێكی تر مادەی 140 لە بەرنامەی حكومەتەكەی سودانیدا کاراکرایەوە و لیژنە هاوبەشەكانی بۆ دانرایەوە، بەڵام ئەمجارە ئەرك و ماندوبوونێكی زۆرتری دەوێت.
کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140
ئێستا لیژنەیەكی هەشت كەسی بۆ قەرەبووكردنەوەی مادەی 140 دەستنیشانكراون، لەو ژمارەیەش سێ ئەندامیان كەركوكین دوانیان كوردن و ئەوی تریان توركمانە.
جوامێر عەبدوڵڵا یەكێكە لە ئاوارەكانی پارێزگای كەركوك و لە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراقەوە گەڕاوەتەوە زێدی خۆی و قەرەبووی مادەی 140 دەیگرێتەوە وتی، لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بە پڕۆسەی بە عەرەبكردنی شارەكە، ئاوارەی شاری سلێمانی بووم و ماڵ و موڵكم حكومەتی بەعس دەستی بەسەردا گرت و خانووەكەشم لە فرۆشتنێكی نهێنیدا بە عەرەبێكی هاوردە فرۆشرا.
وتیشی، بەپێی بڕگەكانی مادەی 140 بێت و بەپێی ئەو رێكەوتنەی لە نێوان حكومەت و هاوپەیمانان هەیە دەبوو قەرەبووی خانووەکەمیان بۆ بگێڕامایەتەوە، بەڵام تائێستا قەرەبوو نەکراومەتەوە لەبەرئەوەی كۆمەڵێك عەرەبی شۆڤێنی سەرپەرشتی کارەکە دەكەن ‌و هەوڵدەدەن پڕۆسەكە بە سستی بەڕێوەبچێت و لە بەرژەوەندی عەرەبە هاوردەکان کاردەکەن.
قەرەبووکردنەوەکە جیاوازە
محێدین مەجید یەكێكی ترە لە ئاوارەكانی كەركوك تائێستا قەرەبووی مادەی 140ی وەرنەگرتووە وتی، چەند ساڵێكە ناوم لە لیستی قەرەبووكردنەوەدا ئامادەیە و نزیكەی 10 ساڵ دەبێت ئەم پڕۆسەیە پەكی كەوتووە و بەشێكی زۆر لە ئاوارەكان قەرەبوویان وەرنەگرتۆتەوە، ئێستا نزیكەی ناوی 100 خێزانی ئاوارە هاتۆتەوە ناوی منی تێدا نییە، بۆیە داوا لە حكومەت و كار بەدەستانی ئەم كارە دەكەم بەدواداچوون بۆ كێشەكەمان بكەن و لە هۆكاری نەگەڕانەوەی ناوەكانمان ئاگادارمان بكەنەوە.
وتیشی، لە سەردەمی رژێمی بەعسدا زەوییەكی زۆرمان لە ناوچەی شوانی سەر بە پارێزگای كەركوك بەشێوەی گرێبەست بە ناوی عەرەبە هاوردەكانەوە كراوە و ئەگەر بەپێی بڕیارەكانی پەرلەمان بێت هەموو ئەو بڕیارانەی سەردەمی بەعس هەڵوەشێنراوەتەوە، بەڵام تائێستا هەر كاری پێدەكرێت و ئەو عەرەبە هاوردانەش كە قەرەبووكراونەتەوە وەكو كارتی فشار دژی ئێمە بەكاریاندەهێنن لەكاتی دروێنە و تۆوكردندا ئەم كارەش بە پاڵپشتی پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت جێبەجێ دەكرێت و هێزە ئەمنییەكانیش پاڵپشتیانن لەم گەلەكۆمەکی و دەستدرێژییەدا.
باسی لەوەشكرد، ئەگەر چەند جارێكیش لیژنەی مادەی 140 كارا بكرێتەوە ئەوە هیچ رۆڵێكی لە بەرژەوەندی ئاوارە کوردەکاندا نابێت، چونكە ئێستا پڕۆسەیەكی گەورەی بە عەرەبكردن لە كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان هەیە، ئەگەر رێگە لەم پڕۆسەیە نەگیرێت ئەوە بەخراپ بەسەر كورددا دەشكێتەوە، چونكە لە دوای رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەرەوە كورد لە ناوچەكانی كەركوك و كێشەلەسەرەكاندا ئەو دەسەڵاتە یاسایی و سەربازیانەی نەماوە تا پارێزگاریمان لێبكات، بۆیە پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌و گشت پەرلەمانتارە كوردەكان لە بەغدا و كەركوك بەتایبەتی كاری جدی بكەن و بێنە سەرخەت تا راستەوخۆ مادەی 140 كارا بكەنەوە.
قەرەبووکردنەوەی 100 کەس 
كاكەڕەش سدیق بەرپرسی ئۆفیسی كەركوكی مادەی 140 رایگەیاند،  یەکێک لە کارەکانی بەرنامەی حکومەتەکەی محەمەد سودانی كاراكردنەوەی مادەی 140 بوو، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە پێش دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە وەك دەستپێشخەرییەك بڕیاریدا بە قەرەبووکردنەوەی 100 ناوی ئاوارەكانی کەرکوک و وەرگرتنەوەی چەكەكانیان لە بەغدا، هەرچەندە ئەو بڕە پارەیەی لە بودجەدا دانراوە كەمە، بەڵام چاوەڕێ دەكەین دوای پەسەندكردنی بودجە پارەی زیاتر بۆ ئەو پڕۆسەیە تەرخان بكرێت، چونكە ئاوارەیەكی زۆر موڵك و زەوی و زاریان داگیركراوە.
وتیشی، ئێستا ناوی 100 كەس هاتۆتەوە، بەڵام دەبێت ئاوارەكان سەردانی بەغدا بكەن بۆ وەرگرتنەوەی چەكەكانیان و هەر لەوێ لە بانكێك بیگۆڕنەوە، جگە لەوەش بەندە پێداگری زۆریكرد تا ئاوارەكان لە كەركوك چەك و پارەكانیان وەربگرن، بەڵام بێسوود بوو، چونكە لیژنەی نوێی مادەی 140 وتیان، ئەمە بڕیاری لیژنەی دارایی عیراقە و گەڕانەوەی ئەو ناوانە بە هەوڵ و كۆششی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بوو لە بەغدا.
بەرپرسی ئۆفیسی كەركوكی مادەی 140 ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، حكومەت بڕی 200 ملیار دیناری بۆ مادەی 140ی تەرخان كردووە، بەڵام پێناچێت ئەو بڕە پارەیە وەكو خۆی بۆ قەرەبووكردنەوەی ئاوارەكان خەرج بكرێت لە كەركوك.
وتیشی، ماوەی شەش مانگ بۆ وەرگرتنەوەی چەكی قەرەبووی ئاوارەكان لە بەغدا دیاریكراوە، بۆیە داوا لە ئاوارەكان دەكەین سەردان بكەن و پارەكەیان لەوێ وەربگرن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان