گردی قالینچ ئاغا پێویستی بە كنەوپشكنینە

10:12 - 2023-05-31
ڕاپۆرت
308 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

گردی قالینچ ئاغا یەكێكە لە كۆنترین پاشماوە شوێنەوارییەكانی تائێستا لە شاری هەولێر ماوە، دەكەوێتە ناوجەرگەی شارەكە و نزیكەی یەك كیلۆمەتر لە باشووری قەڵای هەولێرەوە دوورە، ئەو گردە مێژووەكەی بۆ هەزاران ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە پاشماوەی سێ كۆنترین شارستانیەتی مرۆڤایەتی لێدۆزراوەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانی و پرسیارە تائێستا بەشێكی كەمی ئەو شوێنەوارە كاری كنەوپشكنینی بۆ كراوە و بەشە گەورەكەی بەبێ هەڵكۆڵین ماوەتەوە، خۆڵی هەزاران ساڵی لەسەر ماوە و نازانرێت شێوەی ئەو پاشماوەیە چۆنە و چیتری بۆ مرۆڤایەتی تێدا شاردراوەتەوە.
خەلیل عەلی بەرزنجی لێپرسراوی كاروباری شوێنەوار لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و كەلەپوری هەولێر رایگەیاند، گردی قالینچ ئاغا ئاسەوارێكی زۆر گرنگە، مێژووەكەی زۆر كۆنە و بۆ سەردەمی شارستانیەتەكانی (حەلەف) پێنج هەزار ساڵی پێش زایین، (عوبەید) نزیکەی چوار هەزار ساڵی پێش زایین و (ئوروك) مێژووەكەی بۆ 3500 ساڵ بەر لەزایین دەگەڕێتەوە
گردەکە بۆ سەردەمی حەلەف دەگەڕێتەوە
وتیشی، بەوەدا دەزانرێت گردی (قالینچ ئاغا)  لە هەولێر بۆ سەردەمی (حەلەف) دەگەڕێتەوە پێشتر گردێكی شوێنەواری لە پارێزگای ناسریەی باشووری عیراق دۆزرایەوە، بەڵام شوێنەواری سەرەكی ئەو سەردەمە لە سوریا دۆزرایەوە و ئاسەوارەكەی ناونرا (حەلەف) دیزاینی گۆزەكانیان هاوشێوەی گردەكەی هەولێر بوو.
لەساڵی چلەكانی سەدەی رابردوو هەردوو شوێنەوارناسی عیراقی د. تەها باقرو فوئاد سەفەر هاتوونەتە هەولێر و گردەكەیان لەوەقائیعی عیراقی تۆمار كردووە لە بەڵگەنامەی شوێنەواری ساڵی 1973 جێگیركراوە.
تائێستا %10 گردەکە کنەوپشکنینی بۆکراوە لێپرسراوی كاروباری شوێنەوار لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و كەلەپوری هەولێر دەڵێت، کاری کنەوپشکنین بۆ هەموو گردەکە پێویستی بە تەرخانكردنی پارەیەكی زۆرە و دەبێت تیمی گەورەش بێت وەكو پسپۆڕی تایبەتمەندی ئێسك و گۆزە و پسپۆڕی شارستانیەتەكان و gps، هەروەها پێویستی بە ژمارەیەكی زۆر كرێكار هەیە لەگەڵ هێنانی تاقیگەیەكی پێشكەوتوو، ئێمە بەشێك لەو پسپۆڕیەمان هەیە، بەڵام بەپێی پێویست نین.

 

کاری کنەوپشکنین بۆ هەموو گردەکە پێویستی بە تەرخانكردنی پارەیەكی زۆرە و دەبێت تیمی گەورەش هەبێت وەكو پسپۆڕی تایبەتمەندی ئێسك و گۆزە و پسپۆڕی شارستانییەتەكان و gps

 

پاشماوەی کۆنی تێدا دۆزراوەتەوە
لەکۆندا ئەو گردە گوندی كشتوكاڵی بووە و خەڵكەكەی خانووەكانیان بەقوڕ و پووش دروستكردووە بۆ ئەوەی پتەو و تەمەن درێژبێت ئێستاش لە هەندێك گوند ئەو جۆرە خشتە بۆ دروستكردنی خانوو بەكاردێت و خانوەكانیش بەدیزاینی خانووی خۆرهەڵاتی وەكو ئێستا دروستكراون حەوشە لەناو خانوەكانیدایە خانووی دەوڵەمەند و هەژاری تێدایە و دیزاینەكەیان وەكو یەكە تەنیا بەپانتایی جیاوازن، نزیكەی هەشت بینای تێدابووە بنەمای خانوو و بەشێك لەدیوارەكانی ماون، جگە لەوە پەرستاگایەكیشی تێدا دۆزراوەتەوە كەوتۆتە ناوەڕاستی خانووەكان پانییەكەی نزیكەی 24 مەتر چوارگۆشەیە پەرستگاكەی دوو دیواری هەیە، بەڵام تائێستا هیچ پەیكەرێكی خواوەندی تێدا نەدۆزراوەتەوە.
بەپێی ئەو کنەو پشکنینەی تائێستا کراوە چەندین گۆزە لەناو خاكی گردەكە دۆزراوەتەوە كە ئەوكات قاپ و شتی خواردن و عەمباری خواردنیش هەمووی لەناو گۆزە بووە هەندێك گۆزە زۆر گەورەن و بۆ بەغدا گوێزراونەتەوە و بەشێکیشی لە مۆزەخانەی هەولێرە.
گردێکی بەناوبانگی شوێنەواری هەولێرە
پڕۆفیسۆر د. نعمان جومعە مامۆستا لەبەشی شوێنەوار لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین كە یەكێك بووە لەو شوێنەوارناسانەی لەساڵی نەوەدەكان بەشداری لە كنەوپشكنینی گردی قالینچ ئاغا كردووە لەبارەی ئەو گردەوە دەڵێت، ئەو شوێنەوارە یەكێكە لە گردە بەناوبانگ و گرنگەكانی شوێنەواری شاری هەولێر دەتوانین وەكو سەلمێنەری مێژووی كۆنی هەولێر بیخەمڵێنین لە سەردەمی حكومەتی پێشووی عیراق لە ساڵانی شەستەكان پشكنینی بۆ كرا، بەڵام بەردەوام نەبوو ئێمە لە سەردەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر لەساڵی 1998 دەستمان بە كنەوپشكنین کرد تیایدا، بۆمان دەركەوت بەر لە شەش هەزار ساڵ ئەم شوێنە وەك گوندێك ژیانی تێدابووە و مرۆڤ تێیدا نیشتەجێبووە و كۆمەڵێك كاروچالاكی گرنگی تێدا کراوە.
وتیشی، بوونی ئەو گردە بەر لەداهێنانی نووسین بووە لەلایەن مرۆڤەوە، لەبەرئەوەی هیچ بەڵگەیەكی نووسینمان تێیدا نەدۆزیەوە، بۆیە ژیانی مرۆڤ لەو سەردەمە گوندنشین بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەرستگای هەبووە و كاری رێكخستنی خێزانی تێدا کراوە دەتوانین وەک شار هەژماری بکەین.
تەنها گردی قالینچ ئاغای شوێنەواری نییە پێویستی بە کنەوپشکنینە، لە هەرێمی کوردستان دەیان ناوچەی شوێنەواری هەیە کنەو پشکنینی بۆ نەکراوە و بەهۆیەوە مێژووەکەی نەزانراوە، یان شێوێنراوە و لەناوچووە، لە کاتێكدا دەکرێت ببێتە ناوچەیەکی شوێنەواری و گەشتیاری گرنگ و داهاتێکی باشی لێ بەدەست بهێنرێت.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان