پەیامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ یادی 48 ساڵەی دامەزراندن و 47 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ

05:50 - 2023-05-31
کوردستان
376 جار خوێندراوەتەوە

پەیامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ یادی 48 ساڵەی دامەزراندن و 47 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ
——-
-کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
 -كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی شۆڕشی نوێ و كاروانی بێ بڕانەوەی قوربانیدانی  گەلەكەمان .

-هەڤاڵانی تێكۆشەری ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 

یادی (48)ساڵەی دامەزراندنی یەكێیتییەكەتان و (47)ساڵەی بەرپابوونی شۆڕشی نوێتان لێ پیرۆزبێت. جەژنی دامەزراندن و بەرپابوونتان بە خۆشی و شادی تێپەرێت.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەلومەرجی دوای هەرەسدا دڕی بە شەوەزەنگی تاریکی دا و خۆری ئومێدی بە گەلەکەمان بەخشییەوە. هەزاران شەهیدی لەم هەوراز و نشێوەدا بەخشی، سەرەڕای دژواری رێگا، سەرەڕای ئەنفال و کیمیاباران، راگوێزان و تەعریب کۆڵی نەدا و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی حزبی کوردیدا خەباتی گەیاندە لووتکەی ڕاپەرینی رزگاری، گەیاندییە یەکەمین هەڵبژاردن و پێکهێنانی حوکمرانی ئیرادە و ئیدارەی گەلەکەمان و ئەزموونێکی بیناکرد کە ببێتە ناوەندێک بۆ خەونی کوردستانیی و چەقی روخاندنی رژێمی دیکتاتۆری بەعس لە (2003)دا  بە رزگاری سەرتاسەری کوردستانیشەوە.
ئەم خەباتە درێژخایانەی یەکێتی بە یەکڕیزی و یەک ئامانجی لەگەڵ هێزە کوردستانی و عیراقییەکان کارێکی کرد دەستووری عیراقی نوێ شەرعیەتی ئەزموونی دیموکراتی کوردستان بسەلمێنێ، رابەری شۆڕشی نوێش، سەرۆک مام جەلال،  ببێتە یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی کورد لە مێژووی عیراقدا.
ئەم ویستە خەباتگێڕییەی یەکێتی و کوردایەتی بناغەی پتەوی نەخشەڕێی دەستووری بۆ ناوچە دابڕاوەکان، بۆ تەوافوق و هاوسەنگی لە وڵاتی فیدراڵی دانا بە جۆرێک سەرەڕای پاشەکشێی چەند ساڵی رابردوو و هەوڵی گەمارۆی سیاسی لەسەر ئەزموونەکەمان، سەرەڕای هەوڵی تێکدانی پرەنسیبی  تەوافوق و شەراکەت، هێشتا رۆڵی یەکێتی لە پڕۆسەی سیاسیی وڵات و ناوەندی بڕیار لە  بەغدا ، رۆڵێکی گەورە و سەنگینە بە شایەتی یار و نەیار، هێشتا بێ بەشداری کارا و راوێژی یەکێتی هیچ پڕۆسەیەک لە عیراق و لە کوردستانیش سەر ناگرێ.
بێگومان ئەو رۆڵە سەنگینە هەمیشە بۆ قازانج و یەکڕیزی گەلی کوردستانە و ویستێکی نەتەوەیی و روانینێکی کوردستانی لە پشتە.

جەماوەری بەشەرەفی گەلەکەمان 
یەكێتی لە رووی رێكخراوەییەوە ئەزموونێكی چۆنایەتی  تێكۆشانی رێكخراوەیی و لە رووی رێوشوێنەكانی خەباتی پێشمەرگایەتی و نەبەردی و چالاكیشەوە شۆڕشێكی ناوازە بوو بۆ وڵاتەكەمان. لەم رەوتە 48 ساڵیەشدا بە شانازییەوە دەسكەوتەکانی  گەلەگەمان لەنزیكی پێنج دەیەو لەسی و دوو ساڵەی حوكمڕانی كوردستاندا پێشڕەوایەتی و جێپەنجەی دیاری یەكێتی  پێوەیە. یەكێتییەكەی رابەرمان سەرۆك مام جەلال لەم ئاستەدا سەربەرزی لای مەزاری شەهیدانە.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
 وەک یەکێتی ئەركی زۆرمان جێبەجێكردووە و ئەركی زۆرتریشمان لەپێشە كە دەبێت پێكەوە رای پەڕێنین و كۆڕی خەباتی بۆ  جۆشبدەین. بە تایبەتی ئەمڕۆ تەحەدداکانی بەردەم میللەتەکەمان لە تەنگژەی دیموکراسی و بۆشایی دەستووریدا وا پێویست دەکات بە هەمان نەفەسی سەرۆک مام جەلالەوە کۆشش بۆ یەکڕیزی میللەتەکەمان بکەینەوە.
یەکڕیزییەکی راستەقینە کە بەرژەوەندییە باڵاکانی دیموکراسی و هەڵبژاردنێکی دادپەروەر  و پاکژ  دامەزراوە نیشتمانییەکانمان مشتوماڵ بکاتەوە دوای سێ دەیە لە حکومرانی و پێگەیشتنی چەندین نەوەی تازە لە کۆمەڵی کوردەواریدا. بۆ ئەمەش یەکێتی بە گرنگییەوە لە پرسی یەکڕیزی و هەڵبژاردنی ئازاد و پاک و بێگەرد کە نوێنەرایەتی میللەتەکەمان بە نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی پێکهاتەکانیشەوە دەڕوانێ و کاری بۆ دەکات.
بۆیە هەڤاڵان ؛
 لەپاڵ بەرزراگرتنی سەروەری و نەبەردییەكانمان، زۆر گونجاوترە ‌ یادی ئەمساڵ بكەینە دەرفەتێك بۆ ئەركەكانی قۆناغی نوێ لە چاکسازی راستەقینە، بیكەینە بۆنەیەك بۆ خۆڕێكخستنەوە و ئاشتكردنەوەی جەماوەر كە سەرچاوەی هێزی لەبننەهاتووی یەكێتین لەڕێی ئامانجە دوورەكانی (ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین )دا.
با یادی یەكێتی بكەینە جەژنی گەردن ئازادیی و بەمەش رۆحی شەهیدەكانمان ئاسوودە بكەین. بیكەینە دەرفەت بۆ رێزلێنان لە تێكۆشانی هەڤاڵانی دێرین و جۆشدانی بەشداریی فراوانتری كچ و كوڕانی دوا رۆژ  كە داهاتوو بۆ ئەوان و هەر بەوانیش رەنگرێژ دەكرێت، چونكە رەوتی رووداوەکان بۆ هەموانی دەرخست هێشتاش ئەركە قورسەكانی خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك لە كوردستان و لەعیراقیشدا، هەر بە یەكێتی دەكرێت چونكە (یەكێتی بازووی پتەوی تێكۆشان بۆ داهاتووی كوردستان.
جارێكی تر ئەم یادەتان پیرۆزبێت.
درود و نەوازش بۆ رۆحی پاكی شەهیدان 
  سڵاو :
لەپێشمەرگە، رێكخستنەكان، زیندانیانی دێرین و لە پاڵەوانە زۆر و زەوەندەكانی شارو لادێی كوردەواری كە ئەم تەلارە بەرزەی  تێكۆشانیان ئاواكرد.
   مەكتەبی سیاسی 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
2023-6-1

بابەتە پەیوەندیدارەکان