احسان عباسلو
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
ولیه‌م فۆكنه‌ر (25/9/1897-6/7/1962) خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ، یه‌كێكه له ئه‌دیبه هه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌مریكا و جیهان. یه‌كه‌م رۆمانی به ناوی «حه‌قده‌ستی سه‌ربازان» له ساڵی (1925)دا نووسی، ساڵی (1929) رۆمانی «تووڕه‌یی و هاتوهاوار»-ی بڵاوكرده‌وه كه دیارترین رۆمانێتی و دوای ئه‌ویش رۆمانی (گۆڕبه‌گۆڕ)ی نووسی. ولیه‌م فۆكنه‌ر به كتێبی ره‌خنه‌یی «مالكۆم كاولی» سه‌باره‌ت به به‌رهه‌مه‌كانی ناوبانگی ده‌ركرد، هه‌روه‌ها به وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ له ساڵی (1949)دا ناوبانگی گه‌یشته لووتكه و بوو به یه‌كه‌م كه‌س له «میسیسیپی» خه‌ڵاتی نۆبڵی وه‌رگرت. دواتر دوو به‌رهه‌می خه‌ڵاتی پۆڵیتزه‌ریان وه‌رگرت، ئه‌وانیش (ئه‌فسانه‌یه‌ك1954-) و دوا رۆمانی واته (ریڤیرز) له ساڵی (1962). فاكنه‌ر له (6/7/1962) به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ئه‌سپه‌كه‌ی كه‌وته‌خواره‌وه جه‌ڵته‌ی دڵ لێیدا و كۆچی دواییكرد. رۆمانی «تووڕه‌یی و هاتوهاوار» له‌ناو سه‌د رۆمانی باشی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له پله‌ی شه‌شه‌مدایه.
زۆركه‌س كاریگه‌ریی ولیه‌م فۆكنه‌ر له‌سه‌ر چیرۆك و رۆمانی ئه‌مریكا واده‌بینین مایه‌ی سه‌رنجه، به‌شێوه‌یه‌ك كه جیهانی چیرۆك و رۆمان لای گابریل گارسیا ماركیز به ناوی "ماكوندۆ" لای خوان كارلۆس ئۆنتی به ناوی "سانتاماریا" به‌هۆی كاریگه‌ریی فۆكنه‌ره‌وه بووه. هه‌روه‌ها ده‌گوترێت كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر ماریۆ بارگاس یۆسا هه‌یه به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر رۆمانه‌كانی سه‌ره‌تای، هه‌روه‌ها كاریگه‌ری له‌سه‌ر رۆماننووسی فه‌ره‌نسی "كلود سیمۆن" و رۆماننووسی پرتوگالی "ئه‌نتۆنیۆ لۆبۆ ئه‌نتوس" هه‌بووه.
رێنماییه‌كانی ولیه‌م فۆكنه‌ر سه‌باره‌ت به نووسین:
1-نووسه‌ر مه‌به، خه‌ریكی نووسین به. نووسه‌ری یانی وه‌ستان و چه‌قین. نووسین نیشانه‌ی جووڵه و چالاكی و ژیانه. ئه‌گه‌ر ده‌ست له نووسین هه‌ڵگریت مردوویت.
2-پێم وایه واباشه زمانی ناوچه‌یی به‌كارنه‌هێنرێت، چونكه ئه‌و كه‌سانه‌ی شاره‌زاییان تیایدا نییه سه‌ریان لێ تێكده‌چێت. كه‌س رێگه به‌كاره‌كته‌ر نادات به‌ته‌واوی به زمانی قسه‌كردنی تایبه‌تی خۆی قسه بكات. ته‌نیا له چه‌ند جێگایه‌كی كه‌مدا به‌سه.
3-بخوێنه‌ره‌وه، بخوێنه‌ره‌وه، بخوێنه‌ره‌وه، هه‌موو شتێك بخوێنه‌ره‌وه-كلاسیكه‌كان، باش و خراپه‌كان-بزانه چۆنیان نووسیوه.
4-كاره‌كته‌ر له‌ناو مێشكی خۆتدا دروست بكه. كاتێك له‌ناو مێشكتدا دروستت كردبێت و رێك ئه‌وه بێت كه ده‌بێت و راسته‌قینه بێت، ئه‌وسا ئیشی خۆی ده‌كات. ئه‌وسا ئه‌وه‌ی پێویستته ئه‌وه‌یه دوای بكه‌ویت و هه‌رچی ده‌یكات و ده‌یڵێیت بینووسیت. ده‌بێت كاره‌كته‌ره‌كه‌ت بناسیت و باوه‌ڕت پێی هه‌بێت و بزانیت زیندووه.
5-"رۆماننووسێكی باش" هه‌رگیز له‌وه‌ی نووسیوێتی رازی نییه. ئه‌وه‌ی نووسراوه هه‌رگیز له‌وه باشتر نییه كه ده‌توانرێت بنووسرێت. هه‌وڵمه‌ده له هاوچه‌رخانت و ئه‌وانه‌ی پێش خۆت باشتر بیت. هه‌وڵبده له خۆت باشتر بیت.
6-حه‌قیقه‌تی راسته‌قینه له دڵی مرۆڤه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت. هه‌وڵمه‌ده بیرۆكه‌كانت "له جیاتی كاره‌كته‌ره‌كه‌ت" به‌خوێنه‌رانت بده‌یت. به پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵ بده چۆن كاره‌كته‌ره‌كانت ده‌بینی ئاوا وه‌سفیان بكه‌یت. شتێك له كه‌سانی ده‌وروبه‌رته‌وه وه‌ربگره و شتێكی تر له كه‌سێكی تره‌وه، ئه‌وسا كاره‌كته‌ری سێهه‌م دروست بكه، ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی خه‌ڵك سه‌یری ده‌كه‌ن و ئه‌و كه‌سه‌ی رووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه ده‌یناسن و لێی تێده‌گه‌ن.
7-باشترین ته‌مه‌ن بۆ رۆمان‌نووسین له سی و پێنج ساڵییه‌وه‌یه. ئاگری ده‌روونت هێشتا ته‌واو نه‌بووه و باشتر ده‌زانیت، رۆمان هێواشتر دێت. بۆ شیعر له حه‌ڤده ساڵییه‌وه بۆ بیست و شه‌ش ساڵی باشه.
8-هه‌ر نووسه‌رێك پێویستی به سێ شته: ئه‌زموون، بینین، خه‌یاڵ. هه‌ر یه‌كێ له‌مانه ده‌توانێت بۆشایی ئه‌وانیتر پڕ بكاته‌وه.
9-هه‌میشه كاتێك هه‌یه بۆ نووسین. هه‌ر كه‌سێك بڵێت ناتوانم بنووسم له رووكه‌شێكی درۆزنانه‌دا ده‌ژی. خاوه‌خاو مه‌كه. ئه‌گه‌ر ئیلهامی شتێكت بۆ هاتووه بینووسه.
10-هه‌ر چیرۆكێك كه نه‌توانی به‌یه‌ك رسته بیڵێیت یان به‌لای كه‌مه‌وه به په‌ره‌گرافێك بینووسیت، به‌های نووسینی نییه.
شرۆڤه‌كردنی خاڵه‌كان:
*خاڵی یه‌كه‌م یانی ئاگات له ناو و ناونیشانی قه‌به بێت. هه‌ندێك ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه خه‌ریكی نووسین و چاپی چیرۆك یان رۆمانێكن بۆ ئه‌وه‌ی له مه‌یدانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا وه‌كو نووسه‌ر خۆیان بنوێنن. له ئێران له‌به‌رئه‌وه‌ی نووسه‌ر پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌تی هه‌یه، هه‌موان هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌ر چۆنێك بێت كتێبێك چاپ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ببن به نووسه‌ر و بگه‌نه ئه‌و پێگه‌یه، فۆكنه‌ر هه‌موو پاڵنه‌ره درۆزنه‌كانی ره‌تكردۆته‌وه و باوه‌ڕی وایه ده‌بێت بنووسیت به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌دوای ناو و شتی لابه‌لاوه بیت. هه‌مان بابه‌ت ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی زه‌ینی نووسه‌ر ته‌نیا ته‌ركیزی له‌سه‌ر نووسین بێت، به‌و پێیه ده‌قێكی باشتر ده‌نووسێت.
*فۆكنه‌ر كه خۆی وه‌كو نووسه‌رێكی ناوچه‌یی زۆر دیاره و له‌و لایه‌نه‌شه‌وه كه ناوبانگێكی جیهانی هه‌یه، ئاماژه بۆ خاڵێكی گرنگ ده‌كات، ئه‌و خاڵه‌ی خه‌می زۆر له نووسه‌رانی تریشه. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه تاچه‌ند زمانی ناوچه‌یی به‌كاربێنن؟ ئایا كاره‌كته‌ره‌كان له ده‌قه‌كه‌دا ده‌بێت زمانی ناوچه‌یی خۆیان به‌كاربێنن؟ فۆكنه‌ر زۆر به راشكاوی وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه كه باشتر وایه به‌كاری نه‌هێنن و له حاڵه‌تی پێویستدا زۆر زۆر كه‌م به‌كاربێت. هۆكاری ئه‌مه‌شی باسكردووه: "چونكه ئه‌و كه‌سانه‌ی شاره‌زای ئه‌و زمانه ناوچه‌ییه نین سه‌ریان لێ تێكده‌چێت."
ئه‌مه‌ش ئه‌وه نیشان ده‌دات به‌لای نووسه‌رێكی گه‌وره‌وه كه خه‌ڵاتی نۆبڵ و پۆڵیتزه‌ری وه‌رگرتووه، خوێنه‌ر گرنگی خۆی هه‌یه و له‌به‌رخاتری خوێنه‌رانی ئاماده نییه ده‌قه‌كه‌ی بكاته ده‌قێكی ناوچه‌یی. بۆیه خوێنه‌ر ئه‌وله‌ویه‌تی یه‌كه‌می ئه‌و و هه‌موو نووسه‌رێكه.
*فۆكنه‌ر له درێژه‌ی رێنماییه‌كانیدا باسی خوێندنه‌وه‌ی كتێبی جۆراو جۆر و به‌رهه‌می نووسه‌رانی باش و خراپ ده‌كات. مه‌به‌ستیشی له‌مه سه‌رنجدانی شێوازی ئیشكردنیانه. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت به‌وردی سه‌رنجی شێوازی نووسینیان بده‌یت نه‌ك ئه‌وه‌ی چیان نووسیوه، هه‌ر كتێبێك كڵاسێكه بۆ فێربوون. ئه‌مه‌ت بیرنه‌چێت.
*كاره‌كته‌ر ئه‌گه‌ر ئێستایی بێت، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی راست فۆرمه‌ڵه بووبێت ئیتر پێویست به‌وه ناكات نووسه‌ر زیهنی خۆی دیل بكات كه ئێستا ده‌بێت چی بكات و چی بڵێت. كاره‌كته‌ر ئیشی خۆی ده‌كات و نووسه‌ر وه‌كو كامێرایه‌ك هه‌موو شتێك تۆمار ده‌كات. ئه‌م ئیشه سه‌ربه‌خۆیی ده‌خوازێت كه له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌وه ده‌بێت به‌كاره‌كته‌ر بدرێت، به‌ڵام پێویستی ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه ئه‌وه‌یه كاره‌كته‌ر راست و واقیعیانه دروست بكرێت.
*ده‌كرێت هه‌میشه باشتر بنووسیت و ببیته نووسه‌رێكی باشتر. قه‌ت وابیر مه‌كه‌ره‌وه ئه‌گه‌ر ده‌قێكی باشت نووسی هه‌میشه ده‌بێت هه‌مان ده‌ق بنووسیت. ده‌توانیت باشتر بنووسیت. ده‌قی داهاتوو ده‌كرێت باشتر بێت. بۆ باشتربوون خۆت له‌گه‌ڵ كه‌سانی دی به‌راورد مه‌كه، له‌گه‌ڵ خۆت خۆت به‌راورد بكه.
*كاره‌كته‌ر ده‌بێت واقیعی بێت و بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت له خه‌ڵكه‌وه نموونه وه‌ربگریت. بچۆره ناو خه‌ڵكه‌وه و له بیرۆكه‌ی زه‌ینی خۆت نزیكیان بخه‌ره‌وه و دواجار كامیان له بیرۆكه‌ی زه‌ینیته‌وه نزیك بوو ئه‌وه بنووسه. ئه‌نجامی ئه‌مه كاره‌كته‌ری سێیه‌م ده‌رده‌چێت، دواجار هه‌وڵبده ئه‌و كاره‌كته‌ره لای خه‌ڵك جێگه‌ی باوه‌ڕ بێت.
*فۆكنه‌ر باسی جیاوازی نێوان رۆمان و شیعر ده‌كات و پێی وایه رۆمان دره‌نگتر دیته خه‌یاڵی نووسه‌ره‌وه و شیعر به‌رهه‌می ساته‌وه‌خته، به‌ڵام رۆمان كاتی ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی روون بێته‌وه. زۆركه‌س هه‌وڵده‌ده‌ن له سی ساڵیدا به‌ناوبانگ بن. به‌ڵام فۆكنه‌ر باوه‌ڕی وایه دوای سی و پێنج ساڵی كاتی نووسینی رۆمانه.
*جاریوایه ئه‌زموونی خۆمان ده‌نووسینه‌وه، جاریواشه ئه‌زموونی كه‌سانی دی، جاریواشه په‌نا بۆ خه‌یاڵ ده‌به‌ین، ده‌شێت ئه‌م سیانه پێكه‌وه ته‌واوكه‌ری یه‌كتری بن.
*هه‌میشه بابه‌تێك هه‌یه بۆ نووسین و كاتیش هه‌یه بۆ نووسینی. هه‌میشه ده‌بێت خه‌می نووسه‌ر چۆنێتی نووسین و ورده‌كاریی بێت. نووسین قورس نییه، جاریوایه وه‌كو ده‌رده‌ڵ وایه له‌گه‌ڵ كه‌سانی تر. دیاره نووسین ته‌كنیكی ده‌وێت، به‌ڵام ته‌كنیكیش قابیلی فێربوونه، مه‌رج نییه هه‌میشه بۆ نووسین ته‌كنیكی ئاڵۆز پێویست بێت.
*زۆربه‌ی نووسه‌ران باوه‌ڕیان به كورتنووسین هه‌یه. گه‌وره‌ترین رۆمان له بچووكترین بیرۆكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. جاریوایه پێویست ده‌كات بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كی به كورتترین شێواز بنووسرێت. جاریوایه ئه‌م ورده‌كاریانه له ته‌نیشت یه‌كه‌وه داده‌نرێن و رۆمانێكی گه‌وره‌یان لێده‌رده‌چێت.
سه‌رچاوه: naghdedastan.ir