زانیار محه‌مه‌د
باره‌گای (ژه‌نه‌ڕاڵ ئه‌به‌دی) بڕیاری بنه‌بڕكردنی كه‌مئه‌ندامی و ناته‌واویی له شار ده‌دات. ئه‌وه‌ی له زگماك ئه‌ندام، یان پتر له ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ی نابێت، یان به‌هه‌ر هۆیه‌ك له ده‌ستیانده‌دات، وه‌ك مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ریتم و رێكی شار داده‌نرێت. یاسا ده‌یگرێته‌وه و نابێت له شه‌قام ببینرێت. له‌هه‌ر هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یه‌كدا ده‌گیرێت و بۆ زیندان ده‌برێت.
بڕیاری بنه‌بڕكردنی كه‌مئه‌ندامی ده‌كرێته پڕۆسه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری. به‌ناونیشانی "نیشتمانی رێك و مرۆڤی بێخه‌وش" ده‌ستپێده‌كات. له هه‌موو لایه‌كه‌وه ده‌ستگیركردنی ناته‌واوان به‌دیده‌كرێت. به‌هۆی كه‌موكورتیی جه‌سته‌وه، هه‌زاران كه‌س ده‌گیرێن و زیندانیان لێ پڕ ده‌كرێن. شێواوی و كه‌مئه‌ندامی به‌تاوان و مه‌ترسی ده‌ناسێنرێن.
ده‌سته‌ی تایبه‌ت به‌دژایه‌تیی كه‌مئه‌ندامی پێكده‌هێنرێت. هه‌ر كه‌س ناته‌واو یان شل و شێواو به رێگه‌دا بڕوات ده‌گیرێت. سه‌دان سیخوڕ له شه‌قام و بازاڕ بڵاوده‌كرێنه‌وه. ئه‌ركیان چاودێری و ته‌ماشای رێوڕۆیشتنی خه‌ڵكه. له‌گه‌ڵ بینینی ناڕێكی، یاخود شێواوی، یان كه‌موكورتی له رۆیشتندا ده‌ستگیرده‌كرێن.
*
دوای سێ ساڵ له ده‌رچوونی یاسای"بنه‌بڕكردنی كه‌مئه‌ندامی" ده‌ڕۆم بۆ سه‌ر شه‌قام. باوك ده‌ڵێت"ده‌تگرن" پاشگه‌ز نابمه‌وه، جه‌خت له رۆیشتن ده‌كه‌مه‌وه. وه‌ك مه‌ترسی بۆ ره‌وشتی جه‌ماوه‌ر و شار داده‌نرێین. له رۆژنامه وه‌ك "بۆمبی ته‌وقیتكراو" ناوده‌برێین. گوایه ناڕێكی و گه‌نده‌ڵی و گومڕایی بڵاوده‌كه‌ینه‌وه. كێشه بۆ سیما و رێكی شار دروستده‌كه‌ین. له شه‌قام دوور ده‌خرێینه‌وه. له هه‌ر ماڵێك ژوورمان پێده‌درێت و رێگه له هاتنه‌ده‌ره‌وه‌مان ده‌گیرێت.
سێ ساڵی پێشوو سه‌خت تێده‌په‌ڕێت. پاش ده‌رچوونی یاسا، جه‌ماوه‌ر به‌جۆشه‌وه پێشوازیی لێده‌كه‌ن و واتای پیرۆزی پێده‌ده‌ن. چه‌ند دانه‌یه‌كمان له زیندان و ئه‌وانه‌ی دیكه‌یشمان، له ماڵ كه‌نارگیر ده‌كرێین. چه‌شنی خاشاك له شه‌قام كۆ ده‌كرێینه‌وه. وه‌ك پارچه‌گۆشتی بێفه‌ڕ، له ژوور فڕێ ده‌درێین. سێ ساڵ مانه‌وه له ماڵ، جه‌سته‌م ده‌ڕزێنن. لۆچی زه‌مه‌ن، هه‌ست و خه‌ونم داده‌پۆشێت. پێشێل ده‌كرێم و ده‌بمه خودی كینه"من مر‌ۆڤم، یان تۆز و با؟ راسته‌قینه‌م، یاخود مێژوو؟ كێشه‌م، یان ئایدیا؟."
كراسی سوور و پانتۆڵی زه‌یتوونی ده‌پۆشم. قژم شانه ده‌كه‌م و عه‌تر له خۆم ده‌ده‌م. پێش ئه‌وانه‌یش، ردێن ده‌تراشم. به‌ڕاستی لێی بێزارم. تۆپه‌ڵه مووه و هێنده نابات سه‌ر ده‌ر ده‌كاته‌وه و روخسار تاریك ده‌كات. گه‌له‌ك كه‌س به‌هێشتنه‌وه‌ی مشته‌موو، نه‌خشه‌ی رێكی و ته‌واویی بۆ روخسار ده‌كێشێت. ئه‌وه‌یشی به‌رده‌وام پیاوی ئایین داكۆكی له‌م تاڵه مووانه ده‌كه‌ن، په‌یوه‌ندیی به‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌وه هه‌یه كه هی پیاوه. به‌هاوكاریی باره‌گای (ژه‌نه‌ڕاڵ ئه‌به‌دی) ردێن و چووك له شار بره‌و په‌یدا ده‌كه‌ن. دووئامێرن، پیاوی ئایین له مینبه‌ره‌وه شانازییان پێوه ده‌كه‌ن. پێده‌چێت ئاماژه‌بێت بۆ كێشه‌ی دێرینیان له‌گه‌ڵ خانماندا.
*
كار به‌كۆمپانیای"ته‌واو رێك و روون" ده‌سپێردرێت، سه‌رتاپای شار بۆ كه‌مئه‌ندام ده‌گه‌ڕێت. كۆمپانیا یاسای بنه‌بڕكردنی كه‌مئه‌ندام بڵاوده‌كاته‌وه. بۆ بواری دیكه‌شی ده‌گوێزێته‌وه. ده‌سته‌ی ئه‌ندازیار، ئه‌ركی قه‌ڵاچۆی ناڕێكی له بواری ئه‌ندازه و بیناسازی وه‌رده‌گرن. شار ده‌كه‌نه رستێك بینای هاوشێوه و رێك و كۆنكرێتی. ده‌سته‌ی رێكخواز له كه‌رنه‌ڤاڵی رێكی ره‌ها خه‌ڵات به رێكترین تێكست ده‌ده‌ن. ناڕێكی له‌ناو تێكست قه‌ده‌غه ده‌كرێت. گرووپ ده‌كه‌ونه پشكنین. له پنت و كه‌نار و ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی تێكست، بۆ ناڕێكی و ناڕوونی ده‌گه‌ڕێن. كاره‌كته‌ری ناته‌واو و كه‌مئه‌ندام، قه‌ده‌غه ده‌كرێت. لێپرسینه‌وه له نووسه‌ر ده‌كرێت و بۆ زیندان ده‌برێت.
ده‌سته‌ی ئیمانداری رێك و ره‌وان، ده‌كه‌وێته پێداچوونه‌وه به په‌رستگا و مه‌راسیمی نوێژدا. هه‌موان له‌یه‌ك كات و به‌هه‌مان شێوه روو له په‌رستگا ده‌كه‌ن. وه‌ك یه‌كدی و به‌یه‌ك ریتم، جێبه‌جێی ده‌كه‌ن. به‌هه‌مانشێوه و جووڵه بۆ ماڵ ده‌گه‌ڕێنه‌وه. ده‌سته‌ی جلوبه‌رگ و ئارایشت، تایبه‌ت به یه‌كخستنی جلوبه‌رگی خانمان ده‌بن. گرووپی ئه‌ندازه‌ی گۆڕ، كاریان به‌خشینی رێكییه به‌گڵكۆ و گۆڕستان. شه‌قام له ناته‌واویی پاكژ ده‌بێته‌وه و رێكی بۆ سیمای ده‌گه‌ڕێته‌وه.
*
گوێ به رێنوێنیی باوك ناده‌م. دارشه‌ق له بنباڵ ده‌نێم و بۆ شه‌قام به رێده‌كه‌وم. هاتنم ره‌تكردنه‌وه‌ی رێكی و ریتمه، كه سێ ساڵی رابوردوو باره‌گای (ژه‌نه‌ڕاڵ ئه‌به‌دی) له شار ده‌یسه‌پێنێت. به‌هه‌زاران مرۆڤ به‌پاساوی كه‌موكورتی و ناڕێكی له پیاده‌ڕۆیی ده‌گیرێن و ده‌خرێنه زیندانه‌وه.
ئه‌وه‌ی یاسا پێشێل ده‌كه‌م و ناڕێكی له‌گه‌ڵ خۆم ده‌گێڕم، خۆم وه‌ك یاخیبوو پیشانده‌دات. له‌و باوه‌ڕه‌شدام، هه‌ر كه‌سێك له شه‌قام ده‌مبینێت، نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی له جووڵه و ره‌فتارم به‌دیده‌كات. چه‌نده له‌و چاره‌نووسه‌ی ناته‌واویی به‌جه‌سته ده‌دات تووڕه‌م، هێنده‌ش له‌وانه‌ی ناڕێكی و كه‌موكورتی له جه‌سته قه‌ده‌غه ده‌كه‌ن.
هه‌ر كه‌سێك لێم ده‌ڕوانێت، بینینیم له شه‌قام په‌سه‌ند ناكات. پێم ده‌ڵێن "بۆچی ده‌ڕژێیته شه‌قام، ریتم و هاوشێوه‌یی ده‌شێوێنیت؟"،"كوا پابه‌ندبوون به یاسای مرۆڤی بێخه‌وشه‌وه؟." به‌خته‌وه‌ری و نیگه‌رانی كێبه‌ركێیانه. جه‌نگێكی خوێناوییم تێدا هه‌ڵده‌گیرسێنن. ده‌ڵێت "بگه‌ڕێوه و شه‌قام مه‌شێوێنه" ده‌ڵێت "ئامێزی بۆ بكه‌ره‌وه و تا كۆتایی له‌گه‌ڵیدا بڕۆ." هه‌نگاو ده‌نێم و ئازادی بۆ ناوه‌وه‌م ده‌هێنمه‌وه.
*
رێكی مانیفێست ده‌بێت. هه‌موان به‌یه‌ك ریتم و شێوه له‌ماڵ دێنه‌ده‌ر. به‌هه‌مان ریتم و شێوه‌یش ده‌گه‌ڕێنه‌وه. به‌هه‌مان رێكی له شه‌قام ده‌جووڵێنه‌وه. به‌هه‌مان تۆن پێده‌كه‌نن. هاوشێوه‌یی شه‌قام ده‌گرێته‌وه. یه‌ك كڵێشه بۆ مامه‌ڵه‌ی ناو بازاڕ ده‌ستنیشان ده‌كرێت. كڕین و فرۆشتنی پێ جێبه‌جێده‌كرێت. كاری پۆلیس و دادگا ده‌بێته گرتن و بڕینه‌وه‌ی سزا بۆ ئه‌وانه‌ی ریتم ده‌شێوێنن. رێكی و پاكژی و ته‌واویی بۆ قوتابخانه و بازاڕ و سینه‌ما و رۆژنامه و چایخانه و شه‌قام و چێشتخانه و په‌رستگا و باڕ ده‌گه‌ڕێته‌وه. بگره ده‌یشبێته پیرۆزی له سه‌رووی مرۆڤه‌وه.
*
له شه‌قام ده‌ڕۆم و به‌ربه‌ستم نایه‌ته رێ. نیگه‌رانی بڵاوده‌كه‌مه‌وه. نائاشنایان ده‌ڕوانن و ده‌ڵێن"بگه‌ڕێوه جه‌نابی كه‌موكورتی... ریتم مه‌شێوێنه."
سیمایه‌ك به‌ره‌و خۆیم به‌كێش ده‌كات. له‌ناخدا هه‌ڵچوون و كێشه ده‌نێته‌وه، یاده‌وه‌ریم ده‌ورژێنێت. له مێژه ئه‌و روخساره نابینم. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ناو یاده‌وه‌ریمه‌وه بێت، بۆ لای خۆیم ده‌بات. وێنه په‌رش و بڵاوه‌كانیم بۆ كۆ نابنه‌وه. هه‌ست ده‌كه‌م خه‌ڵكانێك له ده‌ورین، سه‌رنجیان ناده‌م. ده‌چمه به‌رده‌میان و پێشیان لێ ده‌گرم. له‌و باوه‌ڕه‌یشدام، ده‌مناسێته‌وه.
ده‌چمه پێشێ و له سیمای ده‌گمه‌نی، ورد ده‌بمه‌وه. له ناخیدا ناڕێكی ده‌بینم. هه‌ست به ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ر به‌وه‌ی له ئارادایه ده‌كه‌م. له خۆم ده‌پرسم چۆن دڵنیاببمه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌یبینم ناڕێكی و ناڕه‌زایی، یان پابه‌ندی و هاوشێوه‌ییه؟. به پێی وڕێنه و یاده‌وه‌ریی شێواوم، هه‌مان روخساره. ئه‌و كاته‌ی دایك له گه‌ڕه‌كی كه‌ناری شاره‌وه خواردنم بۆ (ژه‌نه‌ڕاڵ ئه‌به‌دی) له كێ‌و پێدا ده‌نێرێت، له‌به‌رده‌م ماڵیانه‌وه تێده‌په‌ڕم و ده‌یبینم. ئه‌ویش به‌رده‌وام ته‌ماشام ده‌كات.
له نزیك ماڵ چاوه‌ڕوان ده‌بم، دێته‌ده‌رێ و شادی‌م ده‌داتێ. جوانیی نامۆیه. ده‌یكه‌مه خوو، به‌ر له‌وه‌ی خواردن بگه‌یه‌نمه ده‌ست پاسه‌وانی (ژه‌نه‌ڕاڵ ئه‌به‌دی)، لای ماڵیان ده‌وه‌ستم و چاوه‌ڕوان ده‌بم. ده‌یبینم و ده‌ترازێم. له‌ودا له دایكده‌بمه‌وه. لێی ده‌ڕوانم و ده‌گه‌مه قووڵایی بوون. نوێبوونه‌وه و تێپه‌ڕاندنم ده‌داتێ.
پێكه‌نینی ده‌متاسێنێت. به‌هۆیه‌وه رۆژانه له گه‌یاندنی خواردن دوایش ده‌كه‌وم. ئه‌و رۆژه‌ی گه‌ردن و سینه‌یم پیشانده‌دات، رێگه ده‌دات ده‌ستیان لێبده‌م. شه‌یدا و سه‌رگه‌ردانی ده‌شت و كێوی كه‌ناری شار ده‌بم. به‌ده‌م رێگه‌وه یادی سینه و ماچی قووڵی ده‌كه‌م. وێڵم و رێگه بزر ده‌كه‌م. زرمه له‌ژێر پێم هه‌ڵده‌ستێت. چاو ده‌كه‌مه‌وه له‌سه‌ر چرپای نه‌خۆشخانه‌م.
*
پاش سێ ساڵ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، ناڕێكترینیان به‌دارشه‌قه‌وه بۆ شه‌قام دێت. ریتم و هاوشێوه‌یی تێكده‌دات. كێشه بۆ شار ساز ده‌كات.
به گوێره‌ی راپۆرتی دادگا چه‌ند جارێك و چه‌ند كه‌سێك ئاماژه و هۆشداریی ده‌ده‌نێ، بۆ ماڵ بگه‌ڕێته‌وه. بێباكانه له شه‌قام ده‌مێنێته‌وه و ده‌ستبه‌ردار نابێت. به‌پێی راپۆرت، بینینی كوڕی پارێزگاری شار له‌گه‌ڵ ده‌ستگیرانیدا، ده‌یتاسێنێت. رێگه‌یان پێ ده‌گرێت. پاسه‌وانی كوڕی پارێزگاری لێ دێنه ده‌ست. پۆلیسی رێكسازی و هاوشێوه‌یی ده‌یگرن. خۆی و دارشه‌قی ده‌پێچنه‌وه و بۆ به‌رده‌م دادوه‌ری ده‌به‌ن.