كۆسرەت رەسوڵ عەلی: پێكەوە دەست لەناو دەست بۆ گەشەپێدانی یەكێتی

پەیامی كۆسرەت رەسوڵ عەلی لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا

11:37 - 2023-06-01
کوردستان
181 جار خوێندراوەتەوە

(48)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە خۆمان و تێكۆشەرانی یەكێتی، پێشمەرگە قارەمانەكان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و كەمئەندامانی سەنگەر، گەنجان و لاوان، ژنان و خوێندكاران، یەكێتییەكان و خەڵكی كوردستان پیرۆز دەكەم، ئومێد دەكەم ئەم یادە ببێتە مایەی گەشانەوەی زیاتری یەكێتییەكەمان.
ئەوێ رۆژێ، شۆڕشی كوردی؛ كۆتاییهاتبوو، دوژمنانی كورد خەونیان بە لەناوچوونی كورد و كۆتاییهاتنی دۆزە رەواكەی دەبینی، نائومێدی باڵی بەسەر گەلەكەمان كێشابوو، لەم كاتەدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دامەزرێنرا و دوای تەنها ساڵێك لە شاخەكانی كوردستان خەباتی چەكداری دەستپێكردەوە، پێشمەرگە قارەمانەكانی یەكێتی وتیان: تا كوردێك مابێ و شاخێك بەپێوە وەستابێ، كورد بەردەوام دەبێ لە خەبات.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دامەزرا و رابەرایەتیی شۆڕشی نوێی گەلەكەمانی كرد، كۆڵی نەدا و خەباتی كرد، رێكخستنە نهێنییەكان لەناو شار، پێشمەرگە قارەمانەكان لە شاخ بەردەوام بوون تا لە راپەڕین رژێمی بەعسی فاشیستیان لە كوردستان وەدەرنا و یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا و حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرێنرا.

 

«یەكێتی، حزبێكی تێكۆشەرە و خاوەن مێژوویەكی پڕ لە سەروەری و شانازییە، مێژووی یەكێتی، مێژووی هەزاران شەهید و سەدان داستان و قارەمانێتی و نەبەردییە، مێژووی بەرەنگاربوونەوەی بەعس و تاریكپەرستانە، مێژووی رێكخستنە نهێنییەكان و زیندانیانی سیاسی و قارەمانانی ژێرپەتی سێدارە و دروشمی كەم بژی و كەڵ بژی-یە»

 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبێكی تێكۆشەرە و خاوەن مێژوویەكی پڕ لە سەروەری و شانازییە، مێژووی یەكێتی، مێژووی هەزاران شەهید و سەدان داستان و قارەمانێتی و نەبەردییە، مێژووی بەرەنگاربوونەوەی بەعس و تاریكپەرستانە، مێژووی رێكخستنە نهێنییەكان و زیندانیانی سیاسی و قارەمانانی ژێرپەتی سێدارە و دروشمی كەم بژی و كەڵ بژی-یە، بۆیە ئەركە لەسەر شانی هەموو یەكێتییەكان لەئاست گەورەیی ئەو مێژووە بن و خەبات بكەن بۆ پاراستن و گەشەپێدانی، دەبێ هەموومان باش ئەو راستییە بزانین یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرهەمی خوێن و خەبات و قوربانیدانی هەموو تێكۆشەران و شەهیدان و قارەمانانە، ئەركە لەپێناوی ئەم رابردووە پڕ لە شانازی و سەروەرییە هەموو پێكەوە دەست لەناو دەست خەبات بكەین بۆ گەشەپێدانی لە داهاتوودا.
ئەمڕۆ كە (48)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی سەخت و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەئاستی پێویستدا نییە، دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان سەختە، ئایندەی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا روون نییە، بۆیە ئەم یادە پیرۆزە بەپێویست دەزانم رایبگەیەنم كە ئەركە لەسەر شانی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان بەرژەوەندییەكانی خۆیان وەلابنێن و خەبات بكەن لەپێناوی دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ گەلەكەمان و دانانی ستراتیژێكی نەتەوەیی بۆ ئایندەی گەلەكەمان و هەنگاونان بەرەو ئەو ئاوات و ئامانجانەی ساڵەهایە خەباتیان بۆ دەكەین و  نەهاتوونەتە دی.
جارێكی تر پیرۆزبایی ئەم یادە پیرۆزە لە خۆمان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و تێكۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم یەكێتییەكان دەكەم و دەخوازم ئەم یادە بكەینە هەوێنی زاڵ بوون بەسەر كێشەكان و چارەسەركردنیان.


كۆسرەت رەسوڵ عەلی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان


بابەتە پەیوەندیدارەکان