پسپۆڕێكی ئابووری هۆكاری كەمی داهات لە سلێمانی ئاشكرا دەكات و دەڵێت: حكومەت بەمەبەست داهاتی پارێزگای سلێمانی وشك كردووە و چەندین كۆمپانیا هەیە لە سلێمانی تەنها پارە لەم پارێزگایە كۆدەكەنەوە و باجەكەشیان بۆ هەولێرە.
لەو بارەیەوە، د.عیزەت سابیر مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی بواری ئابووری بەPUKmediaی راگەیاندووە: بەشێكی زۆر لە كۆمپانیا گەورەكانی سلێمانی قازانج و سوودیان لە پارێزگای سلێمانییە، بەڵام كاتێك دێتە سەر باج، دەچن باجەكەیان لە هەولێر دەدەنە حكومەت و حكومەتیش بڕیاریداوە كە داهاتی هەر پارێزگایەك بۆ خودی پارێزگاكە بێت، كە ئەوەش دیارە پێشتر ئیشی لەسەر كراوەو بەرنامەی بۆ داڕێژراوە.
وتیشی: لە سلێمانی كۆمپانیای چیمەنتۆی ماس و كارگەی شیشی ماس لە ناوچەی بازیان، فاملی مۆڵ و ماجدی مۆڵ، تەنانەت چەندین كۆمپانیای دیكە، كە لەداهاتوودا ناوەكانیان بڵاودەكەمەوە، لە پارێزگای سلێمانی قازانج دەكەن، بەڵام لە هەولێر باج دەدەن، ئەوەش وایكردووە لە سلێمانی داهات كەم بێت و داهاتەكەی سلێمانیش بچێتەوە بۆ هەولێر.
د.عیزەت سابیر، ئەوەشی خستەڕوو كە هۆكاری كەمیی داهاتی باج لە سلێمانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كۆمپانیا گەورەكانی سلێمانی باجەكانیان بۆ هەولێر دەگەڕێننەوە، نەك لە ناوخۆی پارێزگاكە باج بدەن و بچێتە سەر داهاتی ناوخۆی سلێمانی، هەروەها حكومەت بە كۆمپانیاكانی راگەیاندووە كە دەبێت بنكەی سەرەكی كۆمپانیاكانتان لە هەولێر بێت، كاتێكیش بنكەی سەرەكییان لە هەولێر بێت، لە شارەكانی دیكەی هەرێم تەنها نووسینگە دەكەنەوە و پاشانیش دەچن لە هەولێر باجەكانیان دەدەن، لەم بارودۆخەشدا سلێمانی و خەڵكی سلێمانی سوودیان بۆ كۆمپانیاكان دەبێت، كۆمپانیاكانیش سوودیان بۆ هەولێر دەبێت و باجەكەیان بۆ ئەو پارێزگایە دەبەن.