قوباد تاڵەبانی: بەسەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ هیوا دەگەڕێنینەوە بۆ گەلەکەمان

09:18 - 2023-06-03
کوردستان
341 جار خوێندراوەتەوە

مەراسیمی داگیرساندنی مۆمی 48 ساڵەی تەمەنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر بە ئامادەبونی باڵیۆز و کونسوڵ و نێردە و دیپلۆماتکاری وڵاتان و سەرکردەی حزبە کوردستانی و عیراقییەکان و نوێنەرانی حکومەت بەڕێوەچوو، تیایدا قوباد تاڵەبانی وتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی خوێندەوە و رایگەیاند، "بەسەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ و بەهێزێکی نوێ هیوا دەگەڕێنینەوە بۆ گەلەکەمان".
قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال لە مەراسیمەکەدا رایگەیاند، "یەکێتی لە قەیرانێکی سیاسی گەورەدا دروست بوو، لەگەڵ دروستبونیشی هیوای بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان گەڕاندەوە، هەر لە سەرەتای دامەزراندنیشەوە لەسەر بنەماکانی دیموکراسی پرەنسپی خۆی دیاریکرد و لەسەر بنەماکانی خۆی بەردەوامە، کە (ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین) بووە".
وتیشی، "لەگەڵ روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، یەکێتی سەردەمێکی نوێی دەستپێکرد و لەگەڵ هیوایەکی نوێدا دەرفەتی نوێ، چاوەڕوانی نوێ هاتە ئاراوە، هەروەها دوای 10 ساڵ لە کێشە و ئاڵۆزییەکان بۆ یەکێتی و لە دوای نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلال و پاشان کۆچی دوایی کرد، لەو قۆناغەدا قارەمانێکی گەلەکەمان کاک کۆسرەت و خانمە پۆڵاینەکەی یەکێتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، نەخۆشکەوتن و ناچاربوون دووربکەونەوە لە سیاسەت، دواجار هیوا و سەقامگیری بۆ حزبەکەمان بە سەرکردایەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بە هێزێکی نوێ دەگەڕێتەوە".
وتیشی، "ئەمڕۆ وەک ساڵی 1975 کوردستان پڕبووە لە بێ هیوایی و پەیامەکان روونن کە خەڵک داوای خزمەتگوزاری و کوردستانێکی باشتر دەکەن، یەکێتی نەک هەر پرەنسپەکانی نوێ دەکاتەوە بەڵکو پشتیوانی ژنان و بنبڕکردنی گەندەڵی و هێنانە کایەی شەفافیەت و هەموو ئەو پرسانە دەکات کە خزمەتی خەڵک دەکەن، هەروەها یەکێتی پێیوایە ئابوورییەکی بەهێزمان لەگەڵ بەغدا بە یەکگرتووی دەستدەکەوێت، ئەمە جگە لەوەی پێویستە لە کوردستانیش یەکگرتوو بین، تا لە بەغدا بەهێز بین".
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی وت، "یەکێتی وەک هەمیشە دیالۆگی بە چارەسەری کێشەکان زانیوە، بۆیە ئێستاش تەئکید دەکەینەوە، با دەست بکەین بە دیالۆگی نیشتمانی لەپێناوی خەڵکدا، چونکە روداوەکانی ئەم دواییە دەریانخست کە سیاسەتی قۆڵبادان و فەرزکردنی ئیرادە بەسەر یەکتریدا تەنها دەبێتە هۆی شکستی بەکۆمەڵ، کەواتە لەگەڵ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن، بەڵی هەڵبژاردنیش دەکرێت، هەر لێرەشەوە رایدەگەیەنین کە یەکێتی بەردەوام دەبێت و کاردەکات بۆ ئاشتی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین، بۆ کۆمەڵگەیەکی بەهێز و بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و هەوڵەکانمان لە بەغدا چڕتردەکەینەوە".
ئاماژەشی کرد، "دڵنیام داهاتووی یەکێتی و کوردستانەکەمان لە چوارچێوەی عیراقێکی فیدراڵیدا بەهێزتر دەبێت، هەروەک چۆن لە ساڵی 1975 دا جارێکیدیکە هیوای هاووڵاتیانمان بەدیهێنایەوە".

بابەتە پەیوەندیدارەکان