دوایین زانیاری لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم

09:23 - 2023-06-03
کوردستان
134 جار خوێندراوەتەوە

 دوای نزیکەی دوو مانگ لە رێکەوتنی ھەولێر و بەغدا، ھێشتا ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە و گفتوگۆکانی عیراق و تورکیاش لەو بارەیەوە بەردەوامن.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، ھێشتا لەگەڵ تورکیادا لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدان.
ھەروەھا وەزیری نەوت لە بارەی بازاڕەکانی وزە لە جیھاندا وتی، ئۆپیک پڵەس سڵ لە ھیچ بڕیارێک ناکاتەوە کە ھاوسەنگی زیاتر بۆ بازاڕەکانی نەوت دەستبەربکات و دەبێت بڕیارێک بدەن لە بەرژەوەندی بەکاربەران و بەرھەمھێنەران و وەبەرھێنەرانی بواری نەوت بێت.
رۆژی 25ی مانگی ئاداری ئەمساڵ، دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، تورکیا لەسەر داوای عیراق ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی لە رێگەی بۆری جەیھانەوە راگرت، ھەرچەندە چواری مانگی نیسان، ھەولێر و بەغدا رێکەوتن کە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و لە بەندەری جەیھانەوە دەستپێبکاتەوە، بەڵام تائێستا ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەستیپێنەکردۆتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان