زیانەکانی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا

09:41 - 2023-06-04
ئابووری
652 جار خوێندراوەتەوە
#فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی

ھیوا فەرەیدون *


داخستنی گەشتە ئاسمانییەکانی  تورکیا  بە رووی فرۆکەخانەی سلێمانیدا زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری گەیاندووە، چونکە وەک لای ھەمووان روونە یەکێک لە دەروازە گرنگەکانی ئابووری لەسەرانسەری جیھاندا فرۆکەخانەیە، بەجۆرێک دەتوانێت  سوودی زۆر بە ئابووری وڵات بگەیەنێت بە تایبەتی لە رووی گەشتیاری و بازرگانییەوە، ھەرێمی کوردستانیش کە خاوەنی دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتییە ئێستا بوونەتە پێشەنگ لەسەر ئاستی تەواوی عیراق، ئەمەش بەھۆی ئارامی ناوچەکە و پێشکەوتنی فرۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستانەوەیە، ئارامی ناوچەکە کارێکی کردووە زۆربەی گەشتیاران فرۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی کوردستان بەکاربھێنن، بە تایبەت فرۆکەخانەی سلێمانی کە لە ساڵی 2005وە بە تەواوی دەستی بە گەشتەکانی کردووەو بە رووی جیھاندا کراوەتەوە، گوندی کارگۆکەی باشترین کارگۆیە لەھەموو عیراق کە بۆتە ناوەندێک بۆ بازرگانی بۆ گواستنەوەی کاڵا و شمەک، ھەفتانە چەندەھا تۆن کاڵا و شمەکی تێدا ئاڵوگۆڕ دەکرێت، ئەم فرۆکەخانەیە لە چوار سێکتەر پێکھاتووە (سێکتەری گەشتیاران، سێکتەری گوندی کارگۆ، پەیمانگای فرۆکەوانی شارستانی، سەنتەری راھێنانی کەشناسی)، کە دوو سێکتەری کۆتایی لە ھیچ فرۆکەخانەیەکی دیکەی عیراقدا نین، ئەمانەش یەکێکن لە ھۆکارە گرنگەکان بۆ پێشکەوتنی بواری فرۆکەوانی.

یەکەم جاریان نییە
لەساڵی 2019دا زۆرترین رێژەی گەشتیار لە ھەرێمی کوردستاندا گەشتیان کردووە، فرۆکەخانەی سلێمانی 475 ھەزار گەشتیار گەشتیان تێدا کردووە و  بەردەوام خزمەتگوزارییەکانیان زیاتر دەبێت، بەڵام ئێستا بەداخەوە ئەم فڕۆکەخانەیە دووچاری زیانێکی ئابووری بۆتەوە، ئەویش بەھۆی داخستنی ئاسمانی تورکیا بە رووی گەشتە ئاسمانییەکانی سلێمانیدا، ئەمەش یەکەم جار نییە، چەند جارێکی دیکە و بە پاساوی جۆراوجۆر تورکیا  ئاسمانی خۆی بە رووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا داخستووە، لە ساڵی 2017دا کاتی ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان داخرا و داخستنەکە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێریشی گرتەوە، جارێکی دیکەش لە ساڵی 2018دا بە پاساوی ئەمنی گەشتەکانی بەرەو سلێمانی راگرت، بۆ جاری سێیەم لە سەرەتای مانگی رابردوودا بە ئیمەیلێک و چەند پەیامێکی بەرپرسانی تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەیان بە رووی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا داخستەوە، دەوڵەتی تورکیا لە رۆژی حەوتی نیسانی مانگی رابردوودا و دوای چوار رۆژ لەراگرتنی گەشتەکانی، لە رێگەی درۆنەوە ھێرشی کردە سەر فرۆکەخانەکە کە دواتر بە گوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ راگەیەنرا کە گوایە (مەزڵوم عەبدی) فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات لەوێوە گەشتی کردووە وگومان دەکرێت ئامانجی سەرەکی هێرشەکە ئەو فەرماندەیەی ھەسەدە نەبووبێت، بەڵکو ئامانجەکەی ئەوە بوو کە بە ھێڵە ئاسمانییەکانی دیکەی وڵاتانی ئەوروپاو عەرەب بڵێت کە ئاسایشی فرۆکەخانەی سلێمانی پارێزراو نییە.

ناتوانن تکتەکانیان ساغبکەنەوە
ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لە رووی گەشتیارییەوە بۆ نازناوی ئارامی شاری سلێمانی، وادەکات چیتر گەشتیاران لە فرۆکەخانەی سلێمانییەوە ھەست بە ئارامی نەکەن و لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە گەشتەکانیان نەکەن، لە رووی گەشتیارییەوە لە شاری سلێمانی نزیکەی 200 کۆمپانیا و بریکار و نووسینگەی گەشتیاری ھەن، کە %75ی کارەکانیان لە تورکیایە و ئێستا ئاسمانی تورکیایان بە روودا داخراوە، بۆیە ناتوانن تکتەکانیان ساغبکەنەوە، چونکە فڕۆکەخانەی سلێمانی نزیکەی نیوەی ژمارەی گەشتەکانیان راگیراون لەوانە:
تورکش ئێرلاین 11 گەشتی چوون و ھاتن، عیراقیە سێ گەشت، کۆندۆر دوو گەشتی چوون و ھاتن بۆ دۆسڵدۆرف-سلێمانی، سلێمانی-دۆسڵدۆرف، لەگەڵ گەشتێکی تایبەتی گەشتیاریی پێگاسۆسی تورکی.
بەھۆی راگرتنی ئەم گەشتانەوە کە بە قسەی بەرپرسانی تورکیا داخستنەکە بۆ  سێ مانگە، زیانی زۆر بەر ئابووری سلێمانی دەکەوێت، زیانەکانیش بە حەوت ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، بەم جۆرەی لای خوارەوەیە: 
ئێستا سێ ھێڵی ئاسمانی داخراون (تورکش ئێرلاین، ھێڵی ئاسمانی عیراقی، کۆندۆر) کە لەو سێ مانگەدا 392 گەشت رادەگیرێت، زۆرینەی ئەو گەشتانەش ترانزێتن بۆ ئەوروپا، تەنھا بەھۆی وەرنەگرتنی باجی تکتەوە فرۆکەخانەی سلێمانی سێ ملێۆن و 300 ھەزار دۆلار زیانی بەردەکەوێت، جگە لەوەی فرۆکەخانەکە تەنھا لە ھاتن و دەرچوونی فرۆکەکان زیانی 800 ھەزار دۆلاری بەر دەکەوێت، بە خەمڵێنراوی کۆمپانیاکانی گەشتیاری فرۆشتنی تکت زیانی دوو ملێۆن و 400 ھەزار دۆلاری بەردەکەوێت، لەگەڵ پاڵاوگەی دابینکاری بەنزینی فڕۆکە لە سلێمانی بەھەمان شێوە ئەویش زیای گەورەیان بەردەکەوێت.

تێچووی گواستنەوە زیاد دەکات
ئەم زیانانەی تیشکمان خستەسەر تەنھا نێو بەشی لە هاتوچۆی گەشتیاران و تکت و ھێڵی فرۆکەوانییەکاندا بوو، بەشێکی سەرەکی و گرنگی تری فرۆکەخانەی سلێمانی کە ئەویش (گوندی کارگۆ)یـە و کاری سەرەکی گواستنەوەی کەلوپەل و شتومەکە بۆ شاری سلێمانی لە وڵاتانی ئەوروپا و چینەوە، ئەوانیش زیانمەند دەبن، لەبەرئەوەی %60 بۆ %70ی چالاکییەکانیان کەم دەبێتەوە، بارگرانییەکی زۆریشی دروست کردووە بۆ بازرگانان و تێچووی گواستنەوەی کاڵای بازرگانی زیاتر بووە، هەروەها نرخی بلیتی فرۆکە بەرزبۆتەوە، ھاووڵاتیان ئەگەر ویستیان گەشت بکەن بۆ تورکیا دەبێت ھێڵێکی دیکە بەکاربھێنن و پەنا بەرنەبەر گواستنەوەی وشکانی، یاخود رووبکەنە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و کەرکوک.
ئێستا گەشتە بەردەوامەکانی ھەفتانە لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەم جۆرەیە:
گەشتی ھێڵی فرۆکەوانی عیراقیە، 12 گەشتە بۆ (بەغداد، میسر، دوبەی، لوبنان)، قەتەر ئێرلاین حەوت گەشت (چوون و ھاتن)، ماھانی ئێرانی سێ گەشتە، رۆیاڵی ئوردنی سێ گەشت، فڵای دوبەی سێ گەشتە. ئەمانە خشتەی ھەفتانەی گەشتن لە فرۆکەخانەی سلێمانی، کە لە راستیدا فرۆکەخانەکە لە توانایدایە لە رۆژێکدا پێشوازی لە (100 گەشت) بکات. 

بەهۆی کەمتەرخەمییەوە
لە لایەکی دیکەوە بەھۆی پەرەپێنەدانی حکومەت بە فرۆکەخانەکان و سەیرنەکردنی وەک سەرچاوەیەکی ئابووری و کەمتەرخەمی لە دەزگا و فەرمانگەکانی گەشتوگوزارەوە کە نەیانتوانیوە لە رێگەی ئەنجامدانی چالاکی و دیدار و (Expo)ی گەشتیارییەوە گەشتیارێکی زۆری بیانی رابکێشێت و فڕۆکەخانە و خەڵکی سوودمەند ببن، ئەمە جگە لەو گەشتانەی کە راگیراون، ھیوادارین ئەم راگرتنانە بەردەوام نەبێت، چونکە وەک ئاماژەمان پێدا زیانی دەبێت، ئەم زیانە گەورەیە مانگانە بەر ئابووری سلێمانی دەکەوێت گەر زوو چارەسەر نەکرێت کاریگەری دەبێت لەسەر بازاڕ و زیان بەر دانیشتوانی شاری سلێمانی دەکەوێت لە رووی گەشتیاری و بازرگانی و گرانی شتومەکەوە، داواکارین بە زووترین کات بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی سلێمانی ئەم کێشەیە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا چارەسەربکەن، ئەو پەیامەش بگەیەننە وڵاتان کە سلێمانی شارێکی ئارامە و فرۆکەخانەی سلێمانی دامەزراوەیەکی مەدەنییە و دوورە لە ھەموو کاروبارێکی سیاسی و سەربازییەوە، با چیتر سلێمانی ھێندە زیانمەند نەبێت و نەبێتە قوربانی، با دووبارە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی جمەی ھاتن و چوونی بێت لە گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی.

*بەرپرسی راگەیاندنی کۆمەڵەی گەشتوگوزارناسانی کوردستان/لقی سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان