هه‌وراز محه‌مه‌د سیناریست و ده‌رهێنه‌ر، خاوه‌نی چه‌ندین خه‌ڵاته، فیلمه‌كانی هەمەڕەنگە، سیاسی، مێژووی، كۆمه‌ڵایه‌تییه، له پیشه‌ی ده‌رهێنه‌ری دانه‌بڕاوه و به‌رده‌وامه.
هه‌وراز محه‌مه‌د به دوالاپه‌ڕه‌ی راگه‌یاند: ساڵی 2001 یه‌كه‌م فیلمم به‌ناوی دواشه‌وی پایز به‌رهه‌مهێناوه و 17 فیلمی دۆكیۆمێنتاری و 15 كورته فیلمیشم هه‌یه، زیاتر له 30 خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی ناوخۆییم بۆ فیلمه‌كانم به‌ده‌ستهێناوه، به‌شداری پێنجه‌مین فێستیڤاڵی نوسری سینه‌مایی مه‌غریبیشم كرد، لای من سینه‌ما رێگایه‌كه بۆ تۆماركردنی مێژووی مرۆڤایه‌تی له دیدی هونه‌رمه‌نده‌وه، بێگومان مێژوویه‌ك نا كه سیاسه‌ت و رووداوه‌كان ده‌ینووسنه‌وه به‌ڵكو مێژووی مرۆڤه‌كان له‌ناو دۆخه تایبه‌ته‌كاندا، ئاشكرایه كه سینه‌ما باسی ژیانی مرۆڤ ده‌كات، بۆ من سینه‌ما ده‌بێت باسكردن بێت له ژیانی مرۆڤی كورد له‌م چه‌رخه‌دا، گێڕانه‌وه‌ی دۆزی كورد بێت له‌ناو رووداوه گه‌وره‌كاندا.
هه‌وراز وتیشی، فیلمی (پێكه‌نین و بیرچوونه‌وه) له خولی پێنجه‌می فێستیڤاڵی نوری سینه‌مایی له مه‌غریب خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا، فێستیڤاڵه‌كه ساڵانه له مه‌غریب و له‌شاری كازابلانكا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه خه‌ڵاتی یه‌كه‌می فێستیڤاڵه‌كه له ژێر ناوی (الجائزة الكبری) ده‌به‌خشرێته باشترین فیلمی به‌شداربوو
فیلمی (پێكه‌نین و بیرچوونه‌وه)، فیلمه‌كه مێژویی سیاسی كۆمیدیه، باس له رووداوه‌كانی ساڵانی بیسته‌كان ده‌كات، ئه‌وكاته‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق دروست ده‌كرێت و باشووری كوردستانی ده‌خرێته سه‌ر، له فیلمه‌كه‌دا باس له چایخانه‌یه‌ك ده‌كرێت كه چای نیيه بیفرۆشێت، ئه‌ویش به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی ئینگلیزه‌كانه‌وه كه چه‌ند مانگێكه هه‌موو جووڵه‌یه‌كی بازرگانیان به ئامانج گرتووه، به‌هۆی ئه‌م چا نه‌خواردنه‌وه‌یه‌وه خه‌ڵكی شاره‌كه هه‌مووی سه‌ریان ده‌یه‌شێت، به‌ڵام سه‌ڕه‌رای ئه‌و ئازارانه‌ی كه هه‌یانه به‌رده‌وام خه‌ڵكه‌كه نوكته ده‌گێڕنه‌وه و پێ ده‌كه‌نن، ئه‌م فیلمه له هاوینی ساڵی 2018 له سلێمانی به‌رهه‌مهاتووه، زیاتر له شه‌ست هونه‌رمه‌ند له پشت و به‌رده‌م كامێرا كاریان تێدا كردووه.
هه‌وراز محه‌مه‌د خه‌ڵكی شاری سلێمانیه، ئێستا خوێندكاری ماسته‌ره له بواری كۆمه‌ڵناسیدا، تێزی توێژینه‌وه‌كه‌ی له‌باره‌ی شوناسی كۆمه‌ڵایه‌تی تاكی كوردەوەیە له سینه‌مای كوردیدا.
دیانا ئه‌حمه‌د