لە رۆژێکدا چەندە پێویستمان بە باوەشپێداکردنە؟

10:43 - 2023-06-04
دووتوێ
270 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان

باوەشپێداکردن ئامرازێکە بۆ دەربڕینی سۆز و خۆشەویستی، توێژینەوەکان دەریانخستووە باوەشپێداکردن تەندروستتر و دڵخۆشترمان دەکات، بە وتەی زاناکان بێت سوودەکانی باوەشپێداکردن لەو هەستە گەرمە زیاترە کە هەستی پێدەکەین، بەو پێیەی رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت بۆ رزگاربوون لە ناتەواوییە دەروونییە باوەکان، بۆیە لێرەدا سوودەکانی باوەشپێداکردن و چەند لە رۆژێکدا پێویستە دەخەینەڕوو:

سترێس کەمدەکاتەوە 
کاتێک هاوڕێیەک یان ئەندامێکی خێزانەکەت مامەڵە لەگەڵ شتێکی ئازاربەخش یان ناخۆشی ژیانیدا دەکات، باوەشپێداکردن باشترین چارەسەرە بۆ ئەم هەستانە، وەک زاناکان دەڵێن، پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ کەسێکی تر لەڕێگەی دەست لێدانەوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشاری دەروونی ئەو کەسەی خەمبارە، تەنانەت سترێسی ئەو کەسەی پشتگیرییەکە دابین دەکات کەم دەکاتەوە.
لە لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر 20 ژن و مێرد کرا، پیاوەکان بەر تەزووی ناخۆشی کارەبا دەکران، لەکاتی شۆکەکاندا هەر ژنێک قۆڵی هاوسەرەکەی گرتبوو، توێژەران بۆیان دەرکەوت ئەو بەشانەی مێشکی هەر ژنێک کە پەیوەندییان بە فشاری دەروونییەوە هەیە، چالاکی کەمتریان تێدا دەرکەوتووە، لەکاتێکدا ئەو بەشانەی پەیوەندییان بە پاداشتەوە هەیە کاتێک باوەش بە کەسێکدا دەکەین بۆ ئەوەی ئارام بێتەوە، ئەو بەشانەی مێشکمان چالاکتر دەبن.

لە نەخۆشی دەتپارێزێت
لە لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر زیاتر لە 400 کەس کرا، توێژەران بۆیان دەرکەوت باوەشپێداکردن رەنگە ئەگەری نەخۆشکەوتن کەم بکاتەوە، بەو پێیەی ئەو بەشداربوانەی سیستمی پاڵپشتی گەورەتریان هەبوو، ئەگەری نەخۆشکەوتنیان کەمتر بوو، ئەوانەی سیستمی پاڵپشتی گەورەتریان هەبوو و نەخۆش کەوتبوون نیشانەکانیان لە چاو ئەوانەی پاڵپشتییان کەمتر بوو نیشانەی سووکتریان تێدا دەرکەوتبوو.
بۆ تەندروستی دڵ
باوەشپێداکردن دەتوانێت بۆ تەندروستی دڵ باش بێت، لە توێژینەوەیەکدا زاناکان گروپێکیان دابەشکرد کە نزیکەی 200 کەسی پێگەیشتوو بوون بەسەر دوو گروپدا:
گروپێک هاوبەشەکانیان بۆ ماوەی 10 خولەک دەستیان گرتبوون و دواتر بۆ ماوەی 20 چرکە باوەشیان بە یەکدا کردبوو، بەڵام گروپەکەی تر هاوبەشەکانیان بۆ ماوەی 10 خولەک و 20 چرکە لە بێدەنگیدا دانیشتبوون، دواجار کەسانی گروپی یەکەم دابەزینی زیاتری ئاستی پەستانی خوێن و لێدانی دڵیان بە بەراورد بە گروپی دووەم نیشاندابوو، ئەمەش ئەنجامێکە سوودی باوەشپێداکردن بۆ تەندروستی دڵ و پەستانی خوێن پشتڕاست دەکاتەوە.

یارمەتی دەردانی 
هۆرمۆنی بەختەوەری دەدات
ئۆکسیتۆسین مادەیەکی کیمیاییە لە جەستەماندا زانایان هەندێکجار پێی دەڵێن «هۆرمۆنی لەئامێزگرتن» ئاستی بەرز دەبێتەوە لە کاتی لە باوەشپێداکردن و دەست لێدان یان لە نزیک کەسێکی خۆشەویستتەوە دابنیشیت، ئۆکسیتۆسین پەیوەندی بە دڵخۆشی و کەمبوونەوەی فشاری دەروونییەوە هەیە، زانایان بۆیان دەرکەوتووە ئەم هۆرمۆنە کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر خانمان هەیە، بەو پێیەی ئۆکسیتۆسین دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن و هۆرمۆنی سترێس.
لە لێکۆڵینەوەیەکدا سوودە ئەرێنییەکانی ئۆکسیتۆسین دەرکەوتووە کاریگەرییەکەی بۆ ئەو ژنانە بەهێزترە کە پەیوەندییان لەگەڵ هاوبەشی ژیانیان باشە، هەروەها خانمان هەستیان بە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئۆکسیتۆسین کرد کاتێک کۆرپەکانیان لە نزیکەوە لەباوەشگرتووە.

بۆ کەمکردنەوەی ئازار
لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن رەنگە هەندێک جۆری دەست لێدان بتوانێت ئازار کەم بکاتەوە، لە یەکێک لە لێکۆڵینەوەکاندا ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی «فيبروميالجيا» ریشاڵبوونی ماسولکە بوون، شەش چارەسەری دەست لێدانیان بۆ کردوون، هەریەکەیان بریتی بووە لە دەستلێدانی سووکی پێست، بەشداربوان باسیان لە بەرزبوونەوەی کوالیتی ژیان و کەمبوونەوەی ئازارەکانیان کردووە، باوەشپێداکردن جۆرێکی ترە لە دەست لێدان کە رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار.

پێویستمان بە چەند باوەشپێداکردنە  لە رۆژێکدا؟
ئێمە پێویستمان بە 4 باوەشپێداکردنە لە رۆژێکدا بۆ ئەوەی بژین، رۆژانە 8 دانە بۆ ئەوەی ژیانێکی خۆشتر بژین، 12 باوەشپێداکردن بۆ ئەوەی گەشە بکەین، لەکاتێکدا رەنگە بوترێت ئەوە زۆرە، بەڵام باوەشپێداکردن زۆر بێت باشترە لەوەی بەشی پێویست وەرنەگریت.

سەرچاوە: سیدتی.نت

بابەتە پەیوەندیدارەکان