جەلال شێخ ناجی: بەرامبەر ئارامی و ژیانی خەڵک و ئۆقرەیی، سڵ لە کەس ناکەینەوە

04:48 - 2023-06-05
کوردستان
425 جار خوێندراوەتەوە

جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری لەگەڵ هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا کۆبۆوە.
لە سەرەتادا جەلال شێخ ناجی پیرۆزبایی گەرمی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرە نوێکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەزگای ئاسایش کرد و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆخواستن لە ئەرک و بەرپرسیارێتی نوێیاندا.
لە کۆبوونەوەکەدا هەماهەنگی هەواڵگری و ئەمنی و کاراترکردنی رێوشوێنە ئەمنییەکان و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا و بڕیاردرا لەسەر هەموو ئاستەکان پەیوەندییەکان  فراوانتر بکرێن و لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان و بەرژەوەندی گشتیدا ئەرک و فەرمانەکان جێبەجێبکرێن. 
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا بەدواداچوون کرا بۆ رێوشوێنە ئەمنی و سەربازییەکان لە سنوورەکانی هەرێم و  دووپات لە جێبەجێکردنی رێکار و رێنماییەکان کرایەوە لەپێناوی پاراستنی ژیانی خەڵک و رێگرتن لە هەر کارێکی نایاسایی کە زیان بە بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی نیشتمانی بگەیەنێت و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا  جەلال شێخ ناجی تەئکیدیکردەوە لە هاریکاری نێوان هەموو هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان کە وەک یەک تیم ئەرکەکان رابپەڕێن و رایگەیاند، بەتوندترین شێوە رووبەڕووی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش و  یاساشکێنان و هەموو ئەوانەی کاری تێکدەرانە دەکەن، دەبینەوە و  بەرامبەر ئارامی و ژیانی خەڵک و ئۆقرەیی سڵ لە کەس ناکەینەوە و رێگەش نادەین تۆمەتباران مەرامەکانیان بهێنەدی و ئەولەویەتی کارەکانیشمان تەرخاندەکەین بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان.

#ئاسایش #ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری

بابەتە پەیوەندیدارەکان