ئا: دڵان سامان
رۆژنامەنووسی فۆتۆگرافیی روحانی کور بەدوای چیرۆکی سێ بووکی بچووکدا دەچێت لە ویلایەتی هاریانا لە باکوری هیندستان لەگەڵ بارودۆخی قورسی ژیاندا هێشتا وازیان لە خەونەکانیان نەهێناوە بۆ خوێندن و کارکردن.
ئەوانیش بریانکا و میناکشی و شیوانی-ن لە گوندی دامدامای کشتوکاڵی نیو سەعات دوورە لە جورجاون کە گەڕەکێکی گرانبەهایە لە دەلهی پایتەخت، ئەو کچانە ئێستا تەمەنیان تەنیا 16 ساڵە لە منداڵییەوە هاوڕێن و زۆر بە منداڵی بە شوو دراون، تەنانەت یەکێکیان لەتەمەنی 10 ساڵیدا شوویکردووە، هەرچەندە بەپێی یاسا لە هیندستان نایاساییە کچ لە خوار 18 ساڵەوە بدرێت بەشوو، بەڵام تا ئێستا ئەو جۆرە بەشوودانە بەهۆی سیستەمی باوکسالاریی و هەژارییەوە لە زۆر ناوچەی وڵاتدا بەردەوامە.
بە پێی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان «یونسێف» بێت هیندستان وڵاتێکە زۆرترین بووکی بچووکی تێدایە بەرێژەی ئەوەی سێ بەشی ئەو ژمارەیە لە دونیادا لەوێیە، هەروەها مەزەندەی دەکات ساڵانە کەمتر لە 1.5 ملیۆن کچ خوار تەمەنی 18 ساڵ لە هیندستان دەدرێن بەشوو.
ساڵی رابردوو حکومەتەکەیان پرۆژە یاسایەکی پێشکەش بە پەرلەمان کرد بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی شووکردن بۆ 21 ساڵ، بەڵام تائێستا نەبووە بە یاسا.
حەزیان بە ژیانی سەربەخۆیە
ئەو سێ هاوڕێیە زۆر حەزیان بەوەیە ژیانێکی سەربەخۆ بژین، بەڵام دەزانن زۆر کۆت و بەند لە رێیاندایە، بریانکا تەمەنی 10 ساڵ بوو کاتێک خێزانەکەی بەشوویان دا، ئێستا حەوت ساڵ تێپەڕیووە لە پۆلی 11 ەیە و هێشتا لە ماڵی باوکی دەژی، بەڵام پێیوتراوە ناچار دەبێت لەگەڵ مێردەکەی بژی کاتێک کاری دەستدەکەوێت، چونکە مێردەکەی ئێستا خەریکی تاقیکردنەوەیە بۆ چوونە نێو هێزی پۆلیسەوە، بریانکا دەترسێت و هەموو تواناکانی لە خوێندندا بەکاردێنێت و دەڵێت «بە شووکردنەوە کۆت و بەندم مەکەن، من زۆر بچووکم، نامەوێت بچمە لای خەسووم و بووکەڵەکەم لە دوای خۆم جێبهێڵم».
بریانکا دەڵێت راستە خوێندکارێکی زۆر زیرەک نییە، بەڵام حەزی لەوەیە یارمەتی خوشکەکەی بدات لە ئارایشتگەکەی و هیواخوازە ئەوە وایلێبکات ماوەیەکی زیاتر لە ماڵی باوکی بمێنێتەوە، وەکو ئامۆزاکەی لێنەیەت کە شووی بە برای بریانکا کردووە و لەو ئارایشتەگەیە کاری دەکرد، بەڵام دوای شووکردنی ناچاربوو وازبێنێت، بۆیە بریانکا هیوای ژیانێکی جیاواز دەخوازێت.
نابێت پێشئەوەی خەونەکانمان بەدیبێنین شوو بکەین
ساڵی پار کاتێک میناکشی چووە پۆلی 11 یەکەم کچ بوو لە خوێندنگەکەی چووە بەشی زانستی، ئەو کاتە وتی بەختەوەرییەکەی سنووری نییە، لەو کاتەدا پەتای کۆرۆنا ژیانی خەڵکی گۆڕیبوو، ملیۆنان کەس وەزیفەکانیان لەدەستدا و زۆریان ناچاربوون بگەڕێنەوە شار و گوندەکانی خۆیان، لەو ماوەیەدا زۆرێک لەدایکان و باوکان بەرامبەر داهاتووی کچەکانیان لە دڵەڕاوکێدا بوون، بۆیە پێش تەمەنی باڵق بوون شووکردنیان بۆ رێکدەخستن، زۆربەی هاوپۆلەکانی میناکشی لەو ماوەیەدا شوویان کرد، بەڵام ئەو هیوای وابوو بە سینگڵی بمێنێتەوە و وتی «تەمەنی گونجاو بۆ شووکردن نازانم، بەڵام تا خەونەکانمان بەدینەهێنین نابێت شوو بکەین» بەڵام لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا ئەویش چووە نێو گروپی ئەوانەی شوویان کردووە.
هێشتا نیشانەی خەنەبەندانەکەی بەدەستییەوە دیارە کاتێک مۆبایلەکەی دەردێنێت کە پڕە لە نامەی مێردەکەی و ئەو تەمەنی 16 ساڵە بەو دەستەی کە بازنی سووری شووشەی تێدایە وەڵامی یەکێک لە نامەکانی دەداتەوە.
مێردەکەشی دەخوێنێت، بۆیە دایک و باوکی پێیانوتووە لە ئێستادا دەتوانێت لە خوێندنگە بمێنێتەوە، میناکشی هیوای وایە باوانی و خێزانی مێردەکەی رێگەی پێبدەن چەند بیەوێت لە خوێندندا بمێنێتەوە.
خەونی کارکردن لە بانک
جۆش و خرۆش بە روخساری شیوانی-یەوە دیارە کاتێک باسی خوێندن دەکات و حەزی بە چوونە خوێندنگەیە و دەیەوێت ببێت بە فەرمانبەر لە بانک-دا، بەڵام کاتێک دایکی ئەلبوومی وێنەکانی رۆژی شووکردنەکەی دەردەهێنێت شیوانی دەگەڕێتەوە واقیع و دەزانێت کاتێک پۆلی 12 تەواو دەکات داهاتووی بەدەست خۆی نابێت، شیوانی و خوشکە گەورەکەی لە هەمان رۆژدا شوویانکرد، کاتێک دوای نەخۆشکەوتنی باوکیان مامیان لەگەڵ زەماوەندی کچەکەیدا ئاهەنگی زەماوەندەکەیانی بۆ رێکخستن، دایکی شیوانی دەڵێت «هیچ شتێک نەگۆڕاوە لە تەمەنی پانزە ساڵیدا شوومکرد هەروەها کچەکەشم»هەرچەندە باوکیان بەڵێنی پێدابوون قۆناغی ئامادەیی تەواو بکەن، بۆیە ئەو دوو خوشکە بەهیواوەن وابێت.
ئاشو پێش دەرچوونی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان چووە ماڵی مێردەکەی، دەیویست زیاتر بخوێنێت رەنگە یاسا بێت، هیواخوازبوو ماڵە خەزوورانی رازیبن، بەڵام دوای چەند مانگێک دووگیان بوو هەروەها لەمساڵدا منداڵی بوو.
لەگەڵ بەردەوامیی ژیان لەو گوندە و لە رۆژێکی پایزدا بریانکا و شیوانی و میناکشی هاوڕێیەکیان کە مونو-یە بینی، ئەو فشاری شووکردنی لەسەر نییە، کاتێک سواری یاری کورسی کورسی بوون بەخۆشییەوە هاواریان دەکرد، دەنگی جیڕەی یارییەکە بەرزبۆوە و لەگەڵ خێرابوونیدا ئەو سێ بووکە بچووکە بۆ ماوەیەکی کاتیی ترس و دڵەڕاوکێی ژیانیان لەو ساتە خۆشەدا لەبیرچۆوە.
سەرچاوە: BBC عربی