ئا: نەسرین كوردە
ژنانی گومناوی کاروانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لێرەدا باسی خەباتی ژنی تێکۆشەری ماندونەناس و دڵسۆزی گەل و نیشتمان دەکەین کە هاوکاری باوک و هاوسەر و براو کوڕیان بوون وەک تەتەری ناو شاخ و شار خۆڕاگری و خەباتی خۆیان دەگێڕنەوە.
سوعادەت عەبدولمەجید
یەکێکی دیکە لەو ژنانە سوعادەت عەبدولمەجید سوڵتانە، له ساڵی 1939 له‌دایكبووە و لە سەرەتای پەنجاکاندا، 1950 بۆ 1951 پەیوەندیكردووه به رێكخستنه‌كانه‌وه، بە ناوی نهێنی (گۆیژه).
ئەو لە باسی سەرەتاکاندا دەڵێت: کە منداڵ بووم، خاڵەکانم شیوعی بوون، کە بە بنەماڵەی حاجی قادری حەڵواچی ناسراوین، هەندێک کاریان بە من دەکرد. چاکەتێکی لۆکەدارم هەبوو، خوارەوەی چاکەتەکەی بۆ هەڵوەشاندبووم. هەموو جارێک بەو چاکەتەوە دەیناردم بۆ لای مامۆستا گۆرانی شاعیر، کە دەچووم مامۆستا گۆران چاکەتەکەی لەبەر دادەکەندم و شتی تێدەکردو دەچوومەوە بۆ لای خاڵم، خاڵیشم لە به‌ریدادەکەندمەوە، هەموو جارێکیش ئەم کردارە دووبارە دەبۆوە من سەیرم لێ دەهات، بۆیە جارێک لە جارەکان دامکەندو بینیم شتێکی رەق لە تەریبی چاکەتەکەدا بوو. وەکو بنێشتی سەهم پێچرابوو. دەرمهێناو رۆیشتمەوە بۆ لای خاڵم، ئەویش بانگی کردم و وەک هەموو جارێک چاکەتەکەی لەبەرم داکەندو رۆیشتە دەرەوە، کە گەڕایەوە تەماشای کردم و پرسی: لەکوێ بوویت؟ منیش وتم: لای مامۆستا گۆران بووم، پرسی: چاکەتەکەت دایە؟ منیش وتم: بەڵێ، ئەوەی بۆی ئەگەڕێیت ئەوەتا بە منە لەناو دەستمدا، خاڵم هەرگیز دڵی نەهاتووە هیچم پێ بڵێت، زللەیەکی لێدام و پرسی: بۆ دەرتهێناوە؟ وتم: ئێوە بەردەوام ئەم چاکەتە دادەنێن و دەیکەنەوە بەرم. منیش وتم: بزانم ئەمە چییە! خاڵم وتی: زۆرزان ئەمە لە کوێوە دەزانیت؟ وتم: چووم لە شیوەکە چاکەتەکەم داکەندو ئەو شتەم دەرهێنا. ئەقڵم بەوە دەشکا کە ئەمە کارێکی مەترسیدارە و سوێندم خوارد کە لای کەس باسی نەکەم. پرسیم: ئەمە چییە؟ بۆ لە چاکەتی مندایە؟ وتی: ئەوە ئیشوکاری نێوان من و مامۆستا گۆرانە، پوورە ناهیدەم بانگی کردم، وتی: سوعادەت، تۆ کچێکی زیرەک و ئاقڵیت نابێت لای کەس باسی بکە‌یت، ئەوە کاری سیاسییە. بۆ ئەوەی لەم حکومەتە رزگارمان بێت و بە ئازادی بژین. ئیتر من لەو ساتەوە ئەوە بە مێشکمدا چوو کە خولیای سیاسەت ببم.
ژنانم هاندەدا
هەروەها دەڵێت: زۆر هانی ژنانم دەدا، هەر لە پەنجاکانەوە تا ئەمڕۆ تا بەشداریی خەباتی سیاسی بکەن،
پاشان وتی: ئێمە ماڵمان لە سەرشەقام بوو. ماڵی میرزا کەریم، حەلاوە خانی ژنی و بەدیعە خان و چەند کەسێکی تر کە لە رێکخستندا بوون و بە تەمەن لە من گەورەتر بوون، بانگیان دەکردم و ده‌یانوت: بچۆ سەربان ئێمە خۆپیشاندان دەکەین، لەو رۆژگارەدا داریان لە سەربان هەڵدەچنی بۆ زستان. دەمەو پایز بوو کە خۆپیشاندانەکە کرا لە نێوان ساڵانی 1951-1952 بوو. لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا پۆلیسەکان پەلاماری خۆپیشاندەرانیان دەداو ئێمەش لە سەربانەوە دارە هەڵچنراوەکانمان بۆ هەڵدەدانە خوارەوە تا بتوانن بەرگریی لە خۆیان بکەن.
لە کاتی شۆڕشی 14ی بارەگامان کردەوە لەگەڵ جەیرانی شێخ مەحمود کارمان دەکرد لەگەڵ حزبی شیوعیدا، من لێپرسراوی گەڕەکی چوارباخ و سەرشەقام و باخی شێخ لەتیف بووم، بارەگاکەمان لەبەردەم مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانیدا بوو.
لەکۆبونەوەکاندا ئاڕاستەمان دەکردن کە دەبێت ژنی کورد وریا بکەینەوە لەدەست زوڵم و زۆر‌و نەخوێندەواری، وایان لێبکەین کە داوای ئازادی بکەن. هەروەها هەردوو رۆژنامەی (طریق الشعب) و (رێگای ئازادی) دەردەچوون، ئەو رۆژنامانەش هۆکاربوون بۆ وریا بوونەوەی مێینەی کورد لەو سەردەمەدا.
دەستبەکاربووم
لەدەیەی شەستەکاندا من هەر لەگەڵ حزبی شیوعیدا کارم دەکرد کە دەیەیەکی پڕ لە جەنگ و کوشتارو ئەرکی قورس بوو، لە ساڵی 1963 دا کە حەرەس قەومییەکان ئینقیلابیان کرد، ئەوکاتە غەنی هاوسەرم دەستگیرکرابوو. کوڕێکی بچووکمان هەبوو لەگەڵ ئەوەشدا دووگیانیش بووم بە منداڵی دووەممەوە، حزب پێیان وتم لەکاتی سەرداندا ئەو بەیاننامەیە بەرە بۆ بەندیخانە. بێگومان بڵاوکراوەکان زۆریش بوون و هەمووی دژی حکومەت نووسرابوو. هاوسەرەکەم لە خۆپیشانداندا دەستگیرکرابوو.
رۆژی خۆپیشاندانەکە براکەم هات وتی: باجی خۆت بپێچەرەوە و هەرچی شتێکی حزبی هەیە لەو ماڵەدا مەیهێڵە کاک غەنی گیراوە کە دواتر رەوانەی کەرکوک کرابوو بۆ هەیئەی کەرکوک. ئیتر زەکیە بابان بردمی بۆ لای کاک نایب و هەندێک بەیاننامەی پێدام، منیش بردم بۆ بەندیخانە بۆ لای غەنی.
هاوسەرەکەم ساڵێک بوو دادگایی کرابوو کە کچەکەم لەدایکبوو، کاتێک باوکی ئازادکرا کچەکەم تەمەنی حەوت مانگ بوو، پاش سێ مانگ دووبارە دەستگیرکرایەوە و لە بارێکی زۆر ناخۆش و پڕ ترس‌دا دەژیاین.
پرۆگرامی حزبم دەبرد بۆ بەندیخانە
لەكاتی مه‌نعه ته‌جه‌وله‌كه‌ی 1963دا خاڵه‌كانم و زۆربه‌ی هاوڕێكانیان ده‌ستگیركران و كۆمه‌ڵێكی زۆر له هاوڕێیانی حزبی شیوعی له حامیه‌دا ده‌ستگیركران، من بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ به‌یاننامە و په‌یڕه‌و و پرۆگرامی حزبم ده‌برد بۆ به‌ندینخانه، رۆژێكیان وه‌كو رۆژه‌كانی تر له‌كاتی چاوپێكه‌وتنه‌كانی به‌ندیخانه‌دا، پێش کودەتاکەی 1963 چەند کەسێک چووبوون عه‌ریزه‌یان دابوو به عەبدولكه‌ریم قاسم، ئه‌و كۆمه‌ڵه ئازاد بوون و په‌نجا دیناریشیان پێدابوون، ئێمه‌ش بڕیارماندا بڕۆین بۆ بەغدا بۆ چاوپێكەوتنی غه‌نی، چونكە له خۆپیشاندانەكەدا بەدوای چه‌ند رۆژێك نه‌جیبە و قه‌ده‌م خێر و زۆر هاوڕێی شیوعیمان له به‌غداد دەستگیركرابوون و دیار نه‌بوون، په‌یمانمان پێدرا کە رۆژی دواتر ئازادیان بكەن، بۆ سبه‌ی کودەتا شوومەكەی 1963روویدا، ئێمه له پاسه‌كه‌دا بووین بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سلێمانی كه هه‌واڵی کودەتاکەمان پێگەیشت، من له سلێمانی پرسه‌یان بۆ دانابووم و وتبوویان خۆی و هه‌ردوو منداڵه‌كه‌ی تیاچوون، چونكه نه‌مانتوانی بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سلێمانی و گه‌ڕێندراینه‌وه بۆ به‌غدا بەڵام پاش چه‌ند رۆژێك رۆژانە چوار سەعات مه‌نع ته‌جه‌ول هەڵدەگیرا و ئۆتۆمبێلیان بۆ گرتین و گه‌ڕاینه‌وه.
بەردەوامبووم لەکارەکانم
سوعادەت عەبدولمەجید لە درێژەی قسەکانیدا وتی: من به‌رده‌وام بووم له كار و كۆبوونه‌وه و بڵاوکردنەوەی بەیاننامە، جله كۆنه و پێداویستی پزیشكییمان دەگەیاندە به‌ری قه‌ره‌داغ و كه‌ڵكه سماق.
تا ساڵی 1971 لەگەڵ حزبی شیوعی بەردەروام بووم، ساڵی 1972-1974 په‌یوه‌ندیم كرد به سه‌بری مام ئه‌حمه‌د و دەستبەكار بووم لای براده‌رانی پارتی، به‌هه‌مانشێوه به‌رده‌وام بووم له كاری رێكخستن.
له ساڵی 1976دا كاتێك شۆڕشی نوێ ده‌ستیپێكرده‌وە من له 17/7/1977 په‌یوه‌ندیم به شۆڕشه‌وه كرد و لەگه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالیستدا ده‌ستبه‌كاربووم، من و جه‌مال و حه‌مه نوقڵە و شێخ حەسیب ده‌ستمان به كاری ناوشار كرد.
له ساڵی 1979دا و دوای شه‌هید بوونی براكه‌م، هەواڵیان له شاخه‌وه بۆ ناردم و بوومه لێپرسراوی لقی ئافره‌تانی سلێمانی/ به‌شی رێكخستن و پیشه‌یی.
پێنج شانه‌م هه‌بوو
پێنج شانه‌م هه‌بوو، سیانیان ژن و دووانیان پیاو بوون، 1981-1982 به‌رده‌وام خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی پارەو كۆكردنه‌وه‌ی جل بووم، دواتر دەمبرد له مه‌زاتخانه‌كه دەمفرۆشت و ده‌مكرد به پاره و نزیكی 550 دیناری سویسری بوو، كه بۆ ئه‌و كاته بڕێكی زۆر بوو. دواتر له سه‌ركردایه‌تییه‌وه سوپاسنامه‌م بۆ هات.
ئێمه چەندین جار پێشمەرگەمان له‌ماڵی خۆماندا حەشارداوە و بردوومانەتە دەرەوە، ئه‌وکاته من لێپرسراوی لقی سلێمانی بووم، دوای ئه‌وه په‌یوه‌ندیم به قادر جەبارییەوه کرد‌و نامه‌ی بۆ ده‌نووسیم که‌س نەیدەزانی نامه‌که ئه‌و نووسیوێتی ته‌نها پارچه کاغەزیکی سپی بوو، له ئاومان هه‌ڵده‌کێشاو نامه‌که‌مان ده‌گرت به ئاگره‌که‌دا و ده‌مان خوێندەوه، دواتر کاری دەرەوه‌یان پێڕاسپاردم وتیان: تۆ زۆر وریایت دەبێت کاری ده‌ره‌وه‌مان بو بکە‌یت.
هەروەها دەڵێت: من له‌ژيانمدا یه‌ک سەعات ده‌ستگیرکراوم ئه‌ویش ژنێکی دراوسێمان ئیخباری كردبووم که گوایه من ئه‌نوه‌ری برامم بردۆته ده‌ره‌وه، پێش شەهیدبوونی ئەنوه‌ر، باوکم له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستگیرکرابوو له (قه‌لعه‌سکه‌ر) به‌ندکرا، منیش چووم بۆ بەندینخانە بۆ لای باوکم، لەکاتی گەڕانەوەمدا دەستگیریان کردم، من ته‌نها ئه‌و جاره ده‌ستگیرکراوم و یه‌کسه‌ر ئازاد کرام.
ساڵی 1981بۆ 1982 بەیانیان زوو هەڵدەستام و دەچوومە ناو ئۆتۆمبیلەکەوە و شتم دەهێناو دەمبردە دەرەوە بۆ دۆڵە توو.
رۆژێكیان هەندێک بەیاننامەیان پێدام و رۆیشتم بۆ دۆڵه توو. مامۆستا سه‌عد که پێشمه‌رگه بوو جووتیاری شێخ عه‌لی و نزیکه‌ی 30 پیاوی تر دانیشتبوون و کۆبوونه‌وه‌یان دەکرد که تیایدا منیان بۆ ئەندامی سه‌رکردایه‌تی هه‌ڵبژارد، وتم: من ئه‌و کاره ناکەم، من ماڵ و منداڵ و مێردم هه‌یه، ناتوانم وازیان لێ بهێنم، هه‌روه‌ها ئه‌و کارانەی ناو شاریش سه‌ختتر و ترسناکترن من ته‌نها پۆست و چه‌ک و هه‌رچی بێت دەیبه‌م، به‌ڵام ناتوانم لێره بمێنمه‌وە، فه‌رمان ده‌رکرا که من بووم به لێپرسراوی لقی سلێمانی و لێپرسراوی رێکخستنه‌کان.
وتیان: خۆت پۆست بەره‌و مه‌یده‌ره دە‌ست که‌س، لەوکاته‌وە ئیتر هەر خۆم و پووره حه‌لاو پۆسته‌کانمان ده‌برد.
له‌ساڵی1981دا لە کۆنگرەی یەکەمی حزبدا لە دۆڵە توو بەشداریم کرد، لە توونی گه‌رماوه‌کەی ماڵه‌وه هه‌ميشه 15 قتو سپرای تێدا بوو، شه‌وانه هه‌ریه‌که‌مان له گه‌ڕه‌کێک شتمان ده‌نووسی من و جوانه‌ی کچم و ئازادی کوڕیشم شەوانه له چوارباخ شتمان ده‌نووسی، کاتێک که قوات خاسه ده‌هات رامان ده‌کرد، من هه‌ميشه ده‌مانچه‌یه‌ک و دیکتارۆفێکی ده‌ستیم پێ‌بوو، بۆئەوەی له‌دواوه پارێزگاریی ئه‌و که‌سانه بکەم که دروشمه‌کانیان ده‌نووسی له‌گه‌ڵ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەشدا هێشتا ده‌موت پێویسته کاری گه‌وره‌تر بکه‌م.
ساڵانی هەشتاکان
لە سەرەتای هەشتاکان دوای گەڕانەوەم بۆ ناو شار لە سەرکردایەتی سۆشیالیستەوە منیان گواستەوە بۆ قڕناقا و پشتئاشان و قەندیل، بۆئەوەی لە نێوان قەندیل و سلێمانی کار بکەم، لەو ساڵەدا چه‌ندین جار چووم بۆ قەندیل، کۆمەڵێک بەیاننامە و ناوی 350 کەسیان پێدام کە تازە هاتبوونه ناو رێکخستنەکانەوە و بردمن بۆ قەندیل.
بەڵام بۆ ماوه‌ی ساڵ و نیوێک پێش راپه‌ڕین لەکار دابڕام، به‌ڵام له راپەڕیندا ده‌ستبه‌کاربوومه‌وه، سه‌بری مام ئه‌حمه‌د و ست به‌هێ مەعروف و جه‌یرانی مام مەحمود ناردبوویان به‌دوامدا، وتیان: تۆش وه‌ره بۆ باخچه‌ی ساوایانی خۆماڵی خه‌ریکی کردنه‌وه‌ی بنکەکەمان بووین کردمانه‌وه و هه‌ر حزبێک ژوو‌رێکی هەبوو له باخچەیەكدا، دوای گه‌ڕانه‌وەشمان لەدوای کۆڕەو کاکە حه‌مە به دلێر جه‌لالدا نامه‌یه‌کی بۆ ناردبووم، نووسیبووی بابێت بۆ لام ئیشم پێیه‌تی، رۆیشتم بۆلای بۆ چوارباخی پێنجوێن وتی: باره‌گای خۆت بکەره‌وه و شوێن بگره بۆ بنکه و باره‌گای ژنانی سۆشیالیست، ئه‌وه‌بوو بنکه‌مان له چوارباخ کرده‌وه به‌شێوه‌ی به‌ره لەگەڵ ژنانی حزبی شیوعی و پارتی و یه‌کێتی و سۆشیالیست ئیشمان ده‌کرد بۆ ژنان، کارەکانمان بەرگریکردن بوو لە مافی ژنان، بوومە بەرپرسی حەوت بنكه به‌دە‌سته‌وه بوو، له‌وانه: حه‌سیب ساڵح و فیرقە و نه‌خۆشخانە‌ی چوارباخ و له باره‌گاکه‌ی خۆمان کارگه‌ی دروومانم بۆ کەسوکاری شەهیدان کردەوە و جلم بۆ ماڵە شەهیدان و کەمدەرامەتەکان دەدووری،
لەکۆتایی قسەکانیشیدا هیوای خواست گه‌لی كورد یه‌كگرتوو سه‌ركه‌وتوو بێت.