مەكتەبی راگەیاندن ئۆفیسی محاورون دەكاتەوە

09:51 - 2023-06-07
کوردستان
188 جار خوێندراوەتەوە

مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئۆفیسی (محاورون من اجل القضیة)ی كردەوە و بڕیاریشە لە هەولێر و كەركوك و بادینانیش ئۆفیسی محاورون بكرێتەوە.
بە ئامادەبوونی نوێنەری قوباد تاڵەبانی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن، گروپی محاورون كرایەوە كە ئامانجی خستنەڕووی دید و بۆچوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە لەبارەی پرسە هەنووكەییەكانەوە و رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لەسەر ئاستی عیراق و میدیای عەرەبی.
دوێنێ، لەچوارچێوەی چالاكییەكانی یادی 48 ساڵەی دامەزراندنی ی.ن.ك-دا، لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی ستران عەبدوڵڵا لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و فریال عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی كەناڵەكان و ئەندامانی مەكتەب و راگەیاندنكاران، ئۆفیسی (محاورون من اجل القضیة) كرایەوە.
لە رێوڕەسمەكەدا، ستران عەبدوڵڵا، لە وتەیەكدا باسی لە مێژووی راگەیاندنی یەكێتی و قۆناغەكانی گەشەكردن و  كاریگەرییەكانی كرد و سوپاسی گروپی محاورونی كرد كە دڵسۆزانە رۆڵیان هەبووە لە گەیاندن و روونكردنەوەی دیدگا و سیاسەتی یەكێتی بە شەقامی سیاسیی عیراقی و رایگەیاند: «بۆ گەشەپێدانی محاورون، ئۆفیسەكانی لە هەولێر، كەركوك و دهۆكیش دەكەینەوە». 
لەو چوارچێوەیەشدا پشتیوانیی مەكتەبی راگەیاندنی دووپاتكردەوە بۆ سەرخستن و پەرەپێدانی زیاتری.
سەبارەت بە كردنەوەی ئۆفیسی محاورون، بورهان شێخ رەئوف ئەندامی گروپی محاورون، رایگەیاند: «گروپی محاورون، لەسەر پێشنیازی لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن، ساڵێك زیاترە دامەزرێنراوە، لەو ماوەیەدا رۆڵێكی گرنگی لەسەر ئاستی عیراق و میدیای عەرەبی بینیوە». وتیشی: زیاتر لە 110 كەناڵ لە بەغدا هەیە، پێویستیان بە دید و بۆچوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە لەسەر هەموو ئەو پرسانەی لە عیراقدا دێنەپێشەوە، كە بۆ ئێستا و داهاتوو لە رێگەی گروپی محاورونەوە بە گوڕوتینێكی نوێوە پەرە بە دید و بۆچوونی یەكێتی دەدرێت».
گروپی محاورون لە 23 ئەندام پێكدێن، كە كۆمەڵێك نووسەر و رەوانبێژی سیاسی و كادری پێشكەوتووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن و بە زمانی عەرەبی هەڵسەنگاندنی زانستییانە بۆ پرسەكان دەكەن و سیاسەتی یەكێتی بە روونتر دەگەیەنن بە هەموولایەك.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان