نەریتی عیراقییەكان لە رەمەزاندا

10:06 - 2022-04-30
کەلتور
768 جار خوێندراوەتەوە

ئیدریس جەبار

یاری (المحیبس) و سین و  زەرف و یارییەكانی تر و خورمای بەسرە و خەستاوی و زلابیە و نۆمی، دەركەوتووترین ناوەكانی نەریتی رەمەزانن و نەوە لە دوای نەوە لە ناوچە جیاجیاكانی عیراقدا پارێزگارییان لێكراوە وێڕای رەوشی نالەباری خەڵك و تەنگژە یەك لەدوا یەكەكان كە روویان لە وڵات كردووە.
ئەم مانگە لە عیراقدا نەریتی تایبەت بە خۆی هەیە و لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی تر جیاوازە، بەڵام زۆربەیان خۆیان لە سەردان بۆ لای خزم و دراوسێ‌ و داوەتكردن بۆ ژەمی رۆژووشكاند دەبیننەوە و دەكرێت ببێتە مایەی پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەنێو خێزانە عیراقییەكان.  
بازاڕكردن 
یەكەم هەنگاوەكانی خۆئامادەكردن، چوونە بۆ بازاڕ و كڕینی پێداویستییەكانە، لەمساڵدا هاووڵاتیان و بە تایبەت خاوەن داهاتە سنوردارەكان، كێشەی خۆئامادەكردن و پێشوازیان لەم مانگە پیرۆزە بۆ دروستبوو، لەڕووی ئامادەكردنی خوانی رەمەزان پاش ئەوەی نرخی مەوادە خۆراكییەكان بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە كرد.
ژنان لە ماڵەكاندا پێداگرن لەسەر پێشوازیكردن لەو مانگە و سیمایەكی پڕ لە گەرموگوڕی و شادی دەدەن بە هاتنی رەمەزان كە خۆی لە هەڵكردنی فانۆس و گڵۆپە خامۆشەكاندا دەبینێتەوە بەر لە چەند رۆژێك لە هاتنی ئەو مانگە پیرۆزە . 
لە نەریتە دیارەكان لە ناوچە جیاجیاكانی عیراق، ئاڵوگۆڕكردنی خواردن و خواردەمەنی رەمەزانە لەلایەن ماڵەكانی گەڕەك یان دانیشتووی باڵەخانەكان. 
ئەم نەریتە هەر تەنیا لە رەمەزاندا نییە و لە رۆژە ئاساییەكانیشدا باوە، بەڵام لەم مانگە پیرۆزەدا زیاتر دەبێت. 
ماڵەكان بڕێك لە خواردن یان خواردنەوەی رۆژووشكاندنیان بۆ ماڵە دراوسێكان دەنێرن، ئەم نەریتەش بۆ زیاتر پتەوبوونی گیانی هاوبەشی و لێكنزیكبوونەوەیە لە رۆژگارەكانی رەمەزان و سیمایەكی روحانی و كەشێكی پڕ لە خۆشەویستی دەبەخشێت و دەبێتە مایەی پتەوكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی نێوان خەڵك. 
نەریتەكانی رەمەزان 
لەو جیاكارییەی لە عیراقدا هەیە، ئەوەیە زۆربەی خەڵك پابەندن بە نەریتەكانی مانگی رەمەزان رۆژوو نوێژ و قورئان خوێندنە، مزگەوتەكانیش پڕدەبن لە نوێژخوێن لە توێژ و تەمەنە جیاوازەكان و پێكەوە نوێژی تەراویح دەكەن.
چیرۆكی تۆپی بەربانگ
لە دیاردەكانی مانگی رەمەزان لە عیراق تۆپی بەربانگە، رەچەڵەكی چیرۆكی ئەم تۆپی بەربانگەش بۆ سەردەمی عوسمانییەكان دەگەڕێتەوە، لەو دەمەدا تۆپ تەقاندن بەكاردەهێنرا بۆ ئاگاداركردنەوەی خەڵكی بەغدا لە وادەی رۆژووشكاندن، لەڕێی تەقاندنی تۆپێك لە هەوادا كە دەنگێكی بەرزی هەبووە، بەكارهێنانی ئەو تۆپەش لەبەر نەبوونی رادیۆ و میدیا جیاجیاكان بووە لەو دەمەدا، ئەو تۆپە تا ئەمڕۆ وەك نەریتێك ماوەتەوە و میدیا رەسمییەكانی عیراق پارێزگاریان لێكردووە و پاراستوویانە، بەڵام تۆپی ئەمڕۆ وێنەیەكی سێ‌ رەهەندییە و بە كۆمپیوتەر دیزاین كراوە، بە تایبەتی منداڵان بە جۆشەوە چاوەڕوانی دەكەن بەر لە بانگدانی راستەوخۆی ئێوارە.
یاری (المحیبس) 
یاریی (المحیبس) لە مانگی رەمەزاندا لە زۆربەی پارێزگا عیراقییەكانی وەك بەغدا و نەینەوا و ئەنبار و دهۆك و پارێزگاكانی تر بەربڵاوە، یارییەكە خۆی لە دانیشتنی یاریزانەكانی دوو تیپدا دەبنێتەوە بەرامبەر یەك دەبن، یەكێكیان هەڵدەستێت و ئەنگوستیلە یان ئەڵقەیەك لە دەستی یاریزانێكی تیپەكەیدا دەشارێتەوە، پاش ئەوەی پەشتەماڵێك دەدات بە پشتی خۆیدا، بۆ ئەوەی تیپەكەی بەرامبەر نەیبینی كە لە دەستی كێدا شاردراوەتەوە، پاشان یەك یاریزان بە هاوكاریی یاریزانەكانی تر لە تیپەكەی تردا، هەوڵدەدات بزانێت ئەڵقەكە لە كام دەستدا شاردراوەتەوە، تا خاڵەكان بەدەستبهێنن و ئەڵقەكە بكەوێتە دەستی خۆیان و تیپەكەی رۆڵی شاردنەوە وەربگرێت، پرۆسەكە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت.
خاڵەكان بەپێی قەبارەی یارییەكە و كەسە بەشداربووەكان دەبێت، دەكرێت تیپێك لە دوو كەس یان دوو سەد كەس پێكبێت، بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانیش، یاریی سین و زەرف یان (المحیبس) بە رەچەڵەك عیراقییە و مێژووەكەی بۆ سەردەمی عەباسییەكان دەگەڕێتەوە، ئەمەش كاتێك یەكێك لە خەلیفە عەباسییەكان ئەڵقەكەی لێ ون دەبێت و پاشان دەیدۆزێتەوە، بەمشێوەیە یارییەكە دروستبووە.
یاریی سین و زەرف 
شەوانی رەمەزان لە پارێزگای كەركوك، جیاوازیی نییە لە پارێزگاكانی تر، لەم پارێزگایەك كەشێكی پڕ لە بەزمە ساتی هەیە، یاریی (سین و زەرف) یش لەنێوان دوو تیپدایە وێڕای بوونی هاندەران كە لەلایەن دانیشتوانی پارێزگاكەوە بۆتە نەریت، لەنێو یارییەكەشدا ناوبڕی گۆرانی وتن و شیعرخوێندنەوە و چاوپێكەوتنی نێوان گۆرانیبێژەكانی تێدەكەوێت، بۆنموونە چاوپێكەوتنەكە بە وتنی بەندێك لەلایەن گۆرانیبێژەكان یان ئامادەبووەكانەوە دەستپێدەكات و گۆرانیبێژێكی تر بە بەندێك وەڵامی دەداتەوە، بەمشێوەیە دیمەنەكە لەلایەن هەردوولایانەوە دووبارە دەبێتەوە و پاشان هەردوولا گۆرانییە میللییە فۆلكلۆرییە جوانەكان دەڵێنەوە.
خەڵكی بەمشێوەیە خۆشترین كات لە شەوانی مانگی رەمەزانی پیرۆزدا بەڕێدەكەن، پێشبڕكێ‌ لەنێوان چایخانەكانی گەڕەكەكانی كەركوكدا دەكرێت، وێڕای پێشبڕكێ‌ لەنێوان شار و شارۆچكەكان، بەو پێیەی یاریزانەكان لەگەڵ هاندەرانیان دەچنە ناوچەكانی تری وەك هەولێر و داقوق و خورماتوو و دوبز، یاری سین و زەرف لە دوای نوێژی تەراویح دەستپێدەكات و تا پارشێو بەردەوام دەبێت.
یاری سین و زەرف، یارییەكە پشت بە شاردنەوەی ئەڵقەیەكی بچووك لە نێو ژمارەیەک فنجانی لە ئاسن دروستكراو دەبەستێت كە بە تەنیش یەكەوە دادەنرێن لەسەر سینییەكی مس، لە یارییەكەدا تەنیا سێ‌ كەس لە هەر تیپێك بەشداریی دەكەن و ژمارەكەش هەندێك جار دە كەس تێدەپەڕێنێت، یەكێك لە سێ‌ كەسەكە سەركردایەتی تیپەكەی دەكات و ئەڵقەكە لەنێو یەكێك لە فنجانەكاندا دەشارێتەوە و بە پارچەیەك قوماش لەلایەن دوو ئەندامەكەی ترەوە دادەپۆشرێت، تا سینییەكە بشاردرێتەوە.
یارییەكە قورسە و پێویستی بە لێزانین و كارامەیی و زیرەكی و وردبینی هەیە، تا ئەڵقە شاردراوەكە لەژێر فنجانەكاندا بدۆزرێتەوە كە لە مس یان ئاسن دروستكراون. 
لەنێو یارییەكەدا شرینی وەك پاقلاوە و زلابیە بەسەر ئەندامانی هەردوو تیپی ركابەر و هاندەر و ئامادەبواندا دابەش دەكرێت.
دامەزراوە رەسمییەكانی عیراق دەڵێن، بەكاربردنی گەلی عیراق لە مانگی رەمەزاندا بۆ دوو هێندە بەرزدەبێتەوە، بەهۆی سفرەی رۆژووشكاندن و هەمەجۆری، بەپێی ئەو سەرچاوانەش زۆرترین ئەو خواردن و خواردنەوانەی بەكاردەهێنرێن، شەربەت و خورما و برنج و نیسكن. 

سەرچاوە: - ماڵپەڕی  www.almasra.iq 

بابەتە پەیوەندیدارەکان