سەرۆک بافڵ پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق دەکات

08:16 - 2023-06-07
کوردستان
288 جار خوێندراوەتەوە

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق کرد.

‏‎لە دیدارێكدا كە رەفعەت عەبدوڵڵا، بڕیاردەری دەستەی كارگێڕی ئامادەبوو، دوایین گۆڕانكارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكانی هەرێم و عیراق گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە بەردەوامیی دیالۆگی نیشتمانی و بونیادنەرانە كرایەوە بەئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی 
‏‎سەقامگیریی ناوچەكە.


‏‎سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی هەرێم بەگشتی و پرسی هەڵبژاردن و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بەتایبەت رایگەیاند، سیاسەت و ستراتیژی یەكێتی سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن روونە و لە سەرەتاوە لەگەڵ هەڵبژاردندا بووین بەڵام هەڵبژاردنێكی بێگەرد و دوور لە دەستوەردان. ئەمەش بە یاسایەكی نوێ و كۆمسیۆنێكی بەهێز دەكرێت نەك یاسایەك دەرفەت بۆ هەڵبژاردنێكی رووكەش بڕەخسێنێت. ئێستاش كات ماوە و دەتوانرێت بە سازان پرسەكە یەكلایی بكرێتەوە كە ئەمەش خواستی زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمە.

‏‎وتیشی، بەداخەوە سەروەریی دەسەڵاتی دادوەری لە ژێر پرسیاردایە و حزب دەستوەردان لە كارەكاندا دەكات، ئەمەش پێشهاتێكی مەترسیدارە و دەبێت رێگریی لێبكرێت.

‏‎لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەوڵە ئەرێنییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان سەرۆك بافڵ وتی، كاری پێكەوەیی لەگەڵ دۆستەكانمان لە بەغدا و فراوانكردنی هاوكاری و هەماهەنگییەكان لە بوارە جیاوازەكاندا، فاكتەری بەهێزبوون و مانەوەمانە وەك قەوارەیەكی بەهێز و خزمەتكردنی زیاتری خەڵكەكەمان.

‏‎هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکراشیکرد، ئەو دۆخە سیاسییەی ئەمڕۆ لە هەرێم هاتۆتەئاراوە نەك خزمەت بە هیچ لایەنێك ناكات بەڵكو لە سیاسەت و حوكمڕانییەكی تەندروست دوورمان دەخاتەوە، ناشتوانین كۆتایی بەو دۆخە بهێنین ئەگەر واز لە عەقڵییەتی سەپاندن و تاكڕەوی نەهێنین و پێكەوە لەپێناوی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان كار نەكەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان