زەنگی ساڵێکی گەرم بەهۆی دیاردەی (ئێل نینیۆ)وە

10:44 - 2023-06-10
ژینگە
1072 جار خوێندراوەتەوە

خالد سلێمان

بۆ ماوەی چەند مانگێکە ناوەندە زانستییەکانی جیهان لە مشتومڕی ئەوەدان کە ئایا دیاردەی (ئێل نینیۆ)) لە زەریای هێمن دەبێتە هۆی ساڵێکی تری گەرم لە جیهاندا؟
سەرنجام دوێنێ، هەینی 9\6\2023، بەڕێوەبەرایەتی زەریا و بەرگەهەوای ئەمریکی بەشێوەیەکی فەرمی، رایگەیاندا کە دیارە لە رێگەیە و دەستی پێکردووە و دەبێتە هۆی ساڵێکی گەرم و دروستبوونی باوبۆران لە زۆر شوێنی دنیادا.
ئوسترالیا و ئاسیا دەکەنە ژێر بارە قورسەکەی ئەم دیاردە سروشتییەوە، کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە، زیاتر بووە و کاریگەرییەکانی لەسەر کەشی جیهان قورستر بوون.
ئەم دیاردەیە مەترسی لافاو لە پیرۆ زیاد دەکات و لێزمە باران لە کالیفۆرنیا، ئەندەنوسیا دەخاتە بەردەم وشکەساڵی و راوەماسی لە دەریای شیلی هەژار دەکات.
ئێل نینیۆ چییە؟
دیاردەی ئێل نینۆ سوڕێکی سروشتییە لە زەریای هێمندا، هەر دوو بۆ حەوت ساڵ جارێک دروست دەبێت و بە شێوەیەکی گشتی 12 بۆ 18 مانگ دەخایەنێت. ئەم دیاردەیە کاتێک دەستپێدەکات کە بای بازرگانی یان ئالیزێ خاودەبێتەوە. بای بازرگانیش لە زۆنی کەمەرەیی زەریای هێمن بەرەو رۆژئاوا دەستپێدەکات و ئاوی رووکەشی زەریا لە کەنارەکانی دووردەخاتەوە. لەژێر کاریگەی ئەم راکێشانەی ئاوی رووکەشەوە، ئاوە قووڵەکان لە نزیک کیشوەرەکە بەرز دەبنەوە و خواردنێکی باش لەگەڵ خۆیاندا دەگوازنەوە. ئەمەش جەژنی ماسییەکان و راوچییەکانە بەیەکەوە.
کاتێک بای بازرگانی خاو دەبێتەوە، ئێل نینۆ دەستی پێدەکات. بەرزبوونەوەی ئاوە فێنکەکانی قوڵایی لە نزیک کیشوەرەکە دەوستێت و پلەی گەرمای رووکەشی زەریاکە لە ژێر تیشکی هەتاوی کەمەرەییدا بەرز دەبێتەوە. زەریاکە دەبێتە حەوزێکی گەرم و لەسەرەوەش هەوای گەرم و شێدار بەرەو ئاسمان بەرز دەبێتەوە. دەبێتە لێزمە بارانیش لە باشووری رۆژئاوای ئەمریکای باشوور.
جگە لەوەش ئەو هەوا گەرمەی کە بەرز دەبێتەوە، دەبێت لە شوێنێکدا بێتە خوارەوە. کاتێکیش دەگاتە بەرگەهەوا سەرەوخوار دەبێتەوە بۆ هێلی پانییە بەرزەکان - 30° باکوور و 30° باشوور - و دەبێتە هۆی تێکدانی رەوتە دەردەرەکان یان رژێنەکان کە سەرچاوەی دابارینن لە شوێنەکانی دیکەی جیهاندا.
کاریگەرییە دوور مەوداکانی دیاردەی ئێل نینیۆ بەشێوەی جیاواز دەردەکەون، وەک کەمبوونەوەی دابارین لە ئەندەنوسیا و باکووری ئەمریکای باشوور، بارانبارینی زۆر لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا و باشووری ئەمریکا . لە دەرەنجامیشدا دەبنە هۆی لەناوبردنی بەرووبوومی دانەوێڵە و لافاو و دیاردەی تری توند لە سیستمی کەشوهەوادا.
بەو پێیەی بەرزبوونەوەی ئاوە قووڵ و ساردەکانی زەریای هێمن لە دەرەنجامی ئێل نینیۆدا خاو دەبێتەوە، توانای هەڵمژینی گەرما کەم دەبێتەوە. هەر ئەمەش وادەکات پلەی گەرمی جیهان بەرز ببێتەوە بۆ نزیکەی 0.06 پلەی سەدی، دەتوانرێت پێشبینی ئەوە بکرێت کە ساڵی 2024 پلەیەکی پێوانەیی تۆمار بکات.
هەڵبەتە فاکتەری یەکەمی بڵاوبوونەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی ئێل نینیۆ، هەروەها لانینیا بەسەر زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا ئەوەیە کە زەریای هێمن گەورەترین زەریایە لەسەر گۆی زەوی و رووبەرە پان و بەرینەکەی وا دەکات، ئەو گۆڕانکاریانی تیایدا روودەدەن، کاریگەری بەسەر هەموو دنیاوە بەجێبهێڵن.

#ژینگە

بابەتە پەیوەندیدارەکان