گۆڕینی پڕۆگرامەكانی خوێندن یان ئاڵۆزكردنیان؟

10:20 - 2023-06-11
ڕاپۆرت
459 جار خوێندراوەتەوە

سدیق سەعید رواندزی

گۆڕانكاریی لە هەر پڕۆگرامێكی خوێندن، لە بازنەی یەكەمی قۆناغی بنەڕەتیدا، كە پۆلەكانی یەك تا سێ دەگرێتەوە، بە تایبەتیش لە بابەتەكانی زمان و خوێنەوەدا كە بناغەی فێركارین بۆ خوێندكارانی ئەو قۆناغە، دەبێ بەجۆرێك بێت بگونجێنرێت لەگەڵ لایەنی هزریی و دەروونی خوێندكار لەو پۆلانەدا.
ئاستی تەمەن، رادەی وەرگرتن و پاشان تێگەیشتن و فێربوونیان، بكرێتە پێوەر. كەچی زۆرجار لە پەڕاوێزی ئەو گۆڕانكارییانە نەك هەر رەچاوی ئەم لایەنانە ناكرێت، بەڵكو دانەرانی كتێبێكی خوێندن، بیریان دەچێت ئەوان بابەت بۆ منداڵێكی تەمەن حەوت ساڵان، یاخود تەمەنێكی دیاریكراو دادەنێن، بەمەش دەبێت بە عەقڵیەت و تێگەیشتن و دنیابینی ئەو منداڵانە بابەتەكان دابنێن نەك بە تێگەیشتنی خۆیان. خوێندنەوەی كوردی، یەكێكە لەو میتۆدانەی لە ناوەندەكانی خوێندن بایەخی خۆی هەیە، چونكە لەلایەكەوە بنەماكانی فێربوونی زمانی دایكە، لەلایەكی دیكەشەوە رێگەیەكە بۆ فێربوون و نووسین و خوێنەوە بە گشتی.
گەلێك جار گۆڕانكاری لە بابەتی خوێندنەوەی كوردی دەكرێت، وەك ئەوەی ئەلف و بێی باڵدار چەند ساڵێك لەمەوبەر بەكتێبێكی دیكەی دوو وەرزی گۆڕا. زۆربەی هەرە زۆری ئەو مامۆستایانە وانەی ئەلف و بێی پۆلی یەكەمی بنەڕەتی دەڵێنەوە و ئەزموونێكی زۆریان لەگەڵ ئەو بابەتە هەیە، بڕوایان وایە كتێبەكەی باڵدار بۆ فێربوونی خوێندكاران سەركەوتووتر و پەروەردەییتر بوو، لە بابەتی خوێندنەوەی كوردی ئێستا كە دەخوێنرێت.
بابەتەكانی زمان، بڕگەكانی خوێندنەوە و نووسین و لایەنە رێزمانییەكان لەخۆ دەگرێت بێگومان هەموو ئەمانەش پێویستیان بە رێگەیەكی وانەوتنەوەی سادە و دیارە، هاوكات زانستی و گونجاوە، بۆئەوەی خوێندكار بە تایبەتیش لە سێ پۆلەكانی یەكەمدا، بە ئاسانی فێری زمانی كوردی بكرێن. ئەمساڵی خوێندن، لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییانەی ساڵانە لە هەر بابەتێكدا دەكرێt، گۆڕانكاریی لە خوێندنەوەی كوردی پۆلی دووەمی بنەڕەتی كرا ئەویش وەك پۆلی یەكەم كرایە دوو كتێب و بەسەر دوو وەرزی خوێندندا دابەشكرا. واتا لە هەر وەرزێكی خوێندن، كتێبێك دەخوێنرێت لە كتێبی وەرزی دووەمدا، دوانزە مامۆستا و پسپۆڕی پڕۆگرامەكان دایانناوە، چەندین كەموكورتی زانستی و پەروەردەیی و دەروونی هەن، پێدەچێت دانەرانی ئەم پڕۆگرامە بیریان چووبێت ئەوان كتێب بۆ منداڵێكی تەمەن حەوت ساڵ دادەنێن. بۆیە بەجۆرێك بابەتەكانیان داڕشتووە نەك هەر لەگەڵ بیری خوێندكارێكی پۆلی دووەمی بنەڕەتی ناگونجێت، بەڵكو لە ئاست خوێندكارێكی پۆلی نۆی بنەڕەتیش نییە، چونكە بابەتەكان ئەوەندە قوrس و ئاڵۆزن لەگەڵ توانستی هزریی و جەستەیی منداڵێكی تەمەن حەوت ساڵان ناگونجێن.
درێژی بابەتەکان
یەكێك لە خەوشە هەرە دیار و ناپەروەردەییەكانی ئەو كتێبە، درێژی بابەتەكانی خوێندنەوەیە. بێگومان لە پۆلەكانی بازنەی یەكەمدا، دەبێ بابەتی خوێندنەوە ئاسان و سادەبێت و نابێت لە چەند رستەیەكی كورت تێپەڕێت، كەچی لەم كتێبەدا بەهیچ شێوەیەك رەچاوی ئەوە نەكراوە. بۆ نموونە: وانەی (پەڕەسێلكە و بۆق) 27 دێڕە. ئایا بابەتێكی لەم شێوەیە، لە ئاست هزری منداڵێكی حەوت ساڵانە؟ ئەم بابەتە درێژە چۆن دەخوێنرێتەوە؟ چۆن دەنووسرێتەوە؟ برازایەكی پۆلی دووم هەیە، یەكێكە لەخوێندكارە هەرە زیرەكەكان و هەموو نمرەكانی نایاب بوون، كەچی بە دەست خوێندنەوە و نووسینەوەی ئەو بابەتەوە دەگریا.
بە هەمان شێوە بابەتی (مریشكە سوور) 26 دێڕ خوێندنەوەیە، بابەتی خێزانەكەم (21) دێڕە. لە كاتێكدا لە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی، بابەتی خوێندنەوە هەیە ژمارەی دێڕەكانی تەنها هەشت دێڕە، وەك بابەتی (بەسەرهاتی گوڵە گەنمێك، حەپسەخانی نەقیب). درێژی بابەتەكانی خوێندنەوە کە دواتر دەبێت بنووسرێنەوە هەڵەیەكی پەروەردەیی گەورەیە، چونكە لە توانای منداڵێكی پۆلی دوودا نییە.
بڕگەی واتای وشەکان
بڕگەیەكی دیكەی كتێبەكە، بڕگەی هاو واتای وشەكانە، ئەویش لێكدانەوەی واتای وشە دەگرێتەوە. ئەم بڕگەیە، بەهیچ شێوەیەك بۆ خوێندكارێكی پۆلی دووەمی بنەڕەتی پەروەردەیی و لۆژیكی و زانستی نییە، چونكە هاو واتای وشەكان كردەیەكی هزریی و واتایانەیە و پێویستی بە زمانزانی و زانینی فەرهەنگ و ئاستی گوزارشت و دەربڕینی زمان هەیە، كەچی دانەرانی كتێبەكە بەبێ ئەوەی رەچاوی هزری منداڵێك لەم رووەوە بكەن، هاتوون چەندین وشەی قورسی وەك وشەكانی (كل ، كولو ، خلەخل، بزڤرینەڤە، دەستەمۆ، خەرتوم، قورتم، خەمڵاندن، ماف ، هاوچەرخ، چاودێری ) ئەمانە و چەندین وشە و چەمكی ئاڵۆزی تریان، وەك نموونەی لێكدانەوەی هاو واتای وشەكان لەو كتێبەدا داناوە. ئایا خوێندكارێكی پۆلی نۆش دەزانێت چەمكەكانی ( ماف و هاوچەرخ و چاودێری و خەمڵاندن) مانایان چییە؟ چۆن دەبێ ئەم چەمكە فیكریانە، بۆ خوێندكارێكی تەمەن حەوت ساڵ باس بكرێن و ئەمیش ناوەڕۆكەكەیان لێكبداتەوە؟ مەگەر ئەمە خۆی لە خۆیدا، ئاڵۆزكردن و شێواندنی هزری منداڵێك نییە، تەنها ساڵێكە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی بڕیوە؟ دانەرانی كتێبەكە، چۆن رەچاوی ئەوەیان نەكردووە نابێت هزری منداڵ ئاشنای چەمكێك بكرێت لە توانای كەسێكی گەورەشدا نییە، چونكە بە هەزاران كەس نازانن مانای ئەم چەمكانە چییە؟
بڕگەی گفتوگۆ
لە بڕگەی گفتوگۆدا، بەهەمان شێوە رەچاوی توانستی هزری منداڵ نەكراوە. بۆ نموونە: پرسیار لە خوێندكاران كراوە، زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل چییە؟ زیانی پاڵاوگەكان چییە؟ چۆن منداڵێك دەزانێت پاڵاوگە چییە؟ بۆ دەبێت لە كۆی ملیۆنان وشە و هەزاران پرسیاری سادە و جوان و پەروەردەیانەی تر، بێن پرسیار لە بارەی پاڵاوگەی نەوت بكرێت؟ زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل، هەر تەنها پرسیارێكی سادەی زمانەوانی نییە، بەڵكو هزریشە و پێویستی بە لێكدانەوەی هزرییانە هەیە تاكو كاریگەریەتی پاڵاوگە و ئۆتۆمبێلەكان، لە سەر ژیان دەربخرێن. ئەم پرسیارانە، چەندین لایەنی تەندروستی، ژینگەیی، بازرگانی، مرۆیی، پیشەسازیی و كارگێڕیان هەیە. 
بۆیە نەك نالۆژیكییە پرسیاری لەو شێوەیە لە منداڵ بكرێت، بەڵكو ئەوپەڕی نا پەروەردەیی و نا دەروونیشە، لە چەندین شوێنی ئەم پڕۆگرامەدا، هەڵەی زەق كراوە و لیژنەی دانان كە دەرزەنێكن دركیان پێ نەكردووە. لە بابەتی ( من هەنار) م هەڵەیەكی زەق كراوە و نووسراوە (دەگوشرێم و خۆشاوم لێ دروست دەكرێت). بەمەش دانەرانی ئەم كتێبە (خۆشاو) و (سركەیان) لە یەكتری جیا نەكردۆتەوە، چونكە خۆشاو لە ترێ دروست دەكرێت، نەك هەنار وەك ئەوەی ئەوان تێی گەیشتوون. لە بڕگەی ئایا دەزانیت، دوو زانیاریی یەكجار دوور و نائۆرگانیكی و نافەرهەنگی و ناپەروەردەیان هێناوەتەوە پیشانی خوێندكارانی دەدەن ئەوانیش (شەمشەمەكوێر) و (بڵندگۆن). باشە هیچ شتێك ئەم دوانە بە یەكتری دەبەستێتەوە؟ ئایا هیچ پەیوەندییەكی فەرهەنگی، زمانی، واتایی، پەروەردەیی و هزری لە نێوان ئەو دوو شتەدا هەیە؟ ئەگەر دانەرانی كتێبەكە مەبەستیان شتە زیندوو نا زیندووەكان بێت، ئەوا لە زانستی پۆلی دوو ئەم بابەتە دەخوێنرێت، كەواتا پێویست ناكات دوو چەمكی یەكجار دوور لە یەكتری، بە یەكەوە لە چوارچێوەی پرسیاری ئایا دەزانیت لە خوێندكاران بكرێت. سەیر و سەمەرەیە، لە كۆی ملیۆنان زانیاریی هەمەجۆری ژیان، دانەرانی كتێبەكە دێن شەمشەمە كوێر و بڵندگۆ، بە یەكەوە دەبەستنەوە، كە ئاسمان و رێسمان دوورن لە یەكتریی و سەر لە خوێندكاران دەشێوێنن. 
بڕگەی خاڵبەندی
بڕگەیەكی دیكەی ئەم كتێبە، خاڵبەندییە. بێگومان گرنگە خوێندكار هەر لە سەرەتاوە، فێری بنەماكانی خاڵبەندی بكرێت، بەڵام ئەمە بەهیچ شێوەیەك نابێت لە پۆلی دووەمی بنەڕەتییەوە دەست پێ بكات، بەڵكو دەبێت لە پۆلی پێنجەمەوە بێت. تائێستاش بە سەدان نووسەر هەن كتێبیان نووسیوە و چاپكردووە بەردەوامیش دەنووسن، هێشتا شارەزایەكی بنەڕەتییان لە رێساكانی خاڵبەندی نییە، ئیدی نازانم چۆن خوێندكارێكی تەمەن حەوت ساڵ، نیشانەكانی پرسیار و سەرسوڕمان و جووت خاڵ و چەندانی دیكەش، لە یەكتری جیا دەكاتەوە و دەزانێت پەیڕەویان بكات. خاڵبەندی، لایەنێكی گرنگی زمانە، بەڵام دوای فێربوونی زمان و نووسین و داڕشتن، دەبێ پەیڕەوی بكرێت. بە پێچەوانەوە لەو پۆلانەدا، دەبێت تەنها جەخت لە وشە بە تەنها بكرێتەوە. لە كۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم وێرای ئەم هەڵانە، تەنانە لە ناونیشانی كتێبەكەش هەڵە كراوە، چونكە نووسراوە (خوێندنی كوردی) لە كاتێكدا دەبوو بنووسرێت (خوێندنەوەی كوردی)، چونكە خوێندنی كوردی، بەرامبەر الدراسة الكوردییە. داواكارم وەزیری پەروەردە، لەڕێگەی پڕۆگرامەكانی خوێندنەوە، ئەم كتێبە رەتبكاتەوە بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن، كتێبێكی سادە و ئاسانی یەك بەرگی بۆ خوێندكارانی پۆلی دوو دابنێن.

*مامۆستای زمانی كوردی لە رواندز


# پەروەردە

بابەتە پەیوەندیدارەکان