راپۆرتی، هێمن ئەحمەد
میوانداری وەك هەر پەیوەندییەکی كۆمەڵایەتی دیکە بەپێی رۆژگار گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە بەشێوەیەك ئەو پەیوەندییانە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ژیانی ئێستادا خۆی بگونجێت.
میوانداری بنەمای خۆی هەبوو
جومعە عەلی، تەمەن 60 ساڵ، دانیشتووی گەڕەكی زێوێ، لەسەر میوانداری لە جاراندا، وتی: میوانداری جارانی ئێمە هاوپەیوەست بوو بەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییانەی لە گەڕەك و شار و خێزان و فەرمانگەكان و پەیوەندییەكانی نێو خۆشی و شادییەكان بوو، چونكە گرێدرابوو بە كۆمەڵێك دابونەریتی ئەو كاتە، بەوەی پەیوەندییەكان زۆر پتەوبوون و كۆڵەكەیەكی كۆمەڵایەتی گرنگیان هەبوو، خۆی دەبینییەوە لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییانەی تاكەكان دروستیان دەكرد بەشێوەیەكی چڕو هەمەلایەنە.
تایبەتمەندی خۆی هەبوو
وتیشی: تاكەكانی جاران لە مەراسیمی میوانداریدا رەچاوی سەردانیكردنی ئەو ماڵانەیان دەكرت سەردانیان کردبوون، یان بەو شێوەیە رێزیان لە تاكەكان دەگرت كە ئارەزووی میوانداری هەبوو، بۆیە هەموو كاتێك یان پێش چەند رۆژێك خاوەن ماڵەكەیان ئاگادار دەكردەوە بۆ سەردانیكردنیان، چونكە ئەوەیان لەبەر چاو دەگرت تا چەند توانای پێشوازیكردنیان هەیە، هاوکات میوانداری جاران لە نێو تاكەكاندا تام و بۆنێكی تایبەتی خۆی هەبوو دووربوو لە بەرژەوەندی تایبەتی و ماددی زیاتر وەک نەریتێک پەیڕەو دەکرا.
میوانداری ئێستا چێژی نییە
ئاودێر عەلی، تەمەن 30 ساڵ، لەسەر ئەم بابەتە دەڵێت: لە رابردوودا باسی میوانداری دەكەن لەگەڵ ئێستادا جیاوازییەكی زۆری هەیە، ئەو جیاوازییەش لەوەدا سەرچاوەی گرتووە گۆڕانكارییە سیاسییەكانی كۆمەڵگە كاریگەریان درووست كردووە بەسەر باری رۆشنبیری و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، بەوەی هەندێك لەو پەیوەندییانە كاڵ بوونەتەوە و لەگەڵ جەنجاڵییەكانی ژیان دەقیان گرتووە، بۆیە ئێستا میوانداری لەو چوارچێوەیەدا كاڵ بۆتەوە و زۆر بە ئەستەم دەتوانرێت لەگەڵ میوانداری رابردوودا بەراورد بكرێت.
باسی لەوەشكرد هەرچەندە زۆربەی خەڵکی ئێستا بەشێوەیەكی بەرچاو لە رێگەی مۆبایلەوە پێشوەخت خاوەن ماڵ ئاگادار دەكەنەوە بۆ ئەو میواندارییە، بەڵام زۆرجار لە كات و شوێنی دیاریكراودا و بەبێ بەرنامە و بێ ئاگاداركردنەوەی بە تەنیا تەلەفۆنێک بۆ خاوەن ماڵ هەڵدەكوتنە سەر ماڵان، هەندێکجار لە كاتی درەنگی شەوان و تا یەكی شەو لەو ماڵە دەمێننەوە، بەبێئەوەی بیر لە تایبەتمەندییەكانی ئەو ماڵە بكەنەوە تا چەندێكی توانای ئەو پێشوازییەیان هەیە، یان لە هەندێ باردا نەخۆشیان هەیە رەچاوی ئەوە ناكەن دەبنە بارێكی قورس بەسەریانەوە، جگەلەوەی لە ئێستادا زیاتر میوانداری لە چوارچێوەی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی چۆتە دەرەوە و چوارچێوەی بەرژەوەندییەكی رۆژانەی مادیی گرتۆتە.
هاوپەیوەستی دەروونی و كۆمەڵایەتییە
ناز عەلی، توێژەری كۆمەڵایەتی، دەربارەی میوانداری، دەڵێت: ئەگەر لەڕووی دەروونی و كۆمەڵایەتییەوە تەماشای بنەماكانی میوانداری بكەین ئەوە دەبێتە چوارچێوەیەكی كۆمەڵایەتی لەباری بۆ بڕەخسێنین بۆ ئەوەی تاكەكانی نێو كۆمەڵگە و خێزانەكان بە ئاسوودەیی بنەماكانی میوانداری بچەسپێنن، هەروەها دەبێت ئاسوودەیی نێو تاكەكان بەشێوەیەكی ئەوتۆ فەراهەم بكرێت، چونكە دەبێت لەڕووی دەروونییەوە ئامادە بێت بۆ پێشوازی ئەو میوانانە.
وتیشی: میوانداری ئارەزوویەكی تاكەكانە، بۆیە پێویستیان بە ئارام كردنەوەیەكی دەروونی هەیە، بتوانن كاتێكی خۆشی تێدا بەسەر بەرن لە ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا و پەیوەندییەكان و باری رۆشنبیری یەكتر، هەندێكجار دەبێتە دیاردەیەكی ئارەزوومەندانە و سوود وەرگرتن لە یەكتری.
ئەو توێژەرە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد میوانداری ئێستا چوارچێوەیەكی سیاسی بە خۆوە گرتووە كە دەرچوون لێی زۆر ئەستەمە، چونكە بارە سیاسییەكەی ئێستا چوارچێوەیەكی جەنجاڵی وەرگرتووە كە تێكەڵ بە رایەڵەكانی ژیان بوون لە هەموو بوارەكاندا و هاوپەیوەستی ژیانی رۆژانەیە، بۆیە میوانداری بەرەو كاڵ بوونەوە بردووە.