ئا: دڵان سامان
هەر لە منداڵییەوە بیستومانە و پێمان وتراوە لەگەڵ یان بەدوای ماسیدا ماستاو نەخۆینەوە، بەڵام تا ئێستا زۆرمان هۆکارەکەی نازانین یان وەک بابەتێکی پەیوەست بە خورافیاتی باب و باپیرانمانەوە تەماشای دەکەین و بەتەواوەتی لە راست و دروستی ئەو وتانە دڵنیا نین، بەڵام لەڕووی تەندروستییەوە راستە و خواردنی هەندێ خواردن و خواردنەوە دوای ماسی دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی و بەد هەرسیی لە گەدە و قۆڵۆن و ریخۆڵەکاندا.
سوودەکانی خواردنی ماسی
ماسی یەکێکە لەو سەرچاوانەی دەوڵەمەندە بە چەندین مادەی خۆراکیی گرنگ کە بۆ تەندروستی جەستە و ماسولکە و مێشک و جگەر بەسوودە بەهۆی ئەو ڤیتامین و کانزایانەی لە گۆشتی ماسیدا هەن بەتایبەت ماسییە چەورەکانی دەریا وەکو ماسی سەلەمۆن.
*بەهۆی ئەوەی ماسی دەریا دەوڵەمەندە بە ئۆمێگا سری بۆ تەندروستی دڵ و دەمارەکان بەسوودە و مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە، هەروەها بۆ تەندروستی چاو بەسوودە.
* بۆ مێشک بەسوودە و مەترسی تووشبوون بە پووکانەوەی مێشک و نەخۆشی ئەلزهایمەر کەمدەکاتەوە.
* زەیتی ماسی کاریگەری هەیە لەسەر باشکردنی نیشانەکانی خەمۆکی و وەک دژە خەمۆکی ناودەبرێت.
*لەبەرئەوەی سەرچاوەیەکی گەورەی ڤیتامین دی –یە کە یەکێکە لە ڤیتامینە گرنگەکان بۆ تەندروستی ئێسک و گەشەکردنی ئێسک و چەندین وەزیفەی گرنگی دیکەی جەستە بەسوودە.
نابێت دوای ماسی ئەم خۆراکانە بخورێت
ماست و ماستاو یەکێکە لەو خواردن و خواردنەوانەی نابێت دوای ماسی بیخۆیت، چونکە پێکەوە هەندێ کارلێکی کیمیایی لە خوێندا دروست دەکەن دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵەی قاوەیی و تۆخ لەسەر پێست کە بە Leukoderma ناسراوە، جگە لە تووشبوون بە بەد هەرسیی و کێشە لە گەدە و ریخۆڵەکاندا.
هاوکات نابێت ئەو شیرینییانەی لە شیر دروستکراون دوای ماسی بخورێت، لەبەرئەوەی شیر لە پێکهاتەکەیاندایە و ئەگەری تووشبوون بە حەساسێت زیاد دەکات.
دەکرێت لەجیاتی خواردنەوەی ماستاو یان شیر چا یان قاوە بخورێتەوە، چونکە بە پێی لێکۆڵینەوەیەک بێت کە لە زانکۆی مۆنتریال کراوە، خواردنەوەی چاو قاوە کاریگەری هەیە لە کەمکردنەوەی ئەو قوڕقوشمەی لە پێکهاتەی هەندێ ماسی بە تایبەت ماسی دەریایی و گۆشتە دەریاییەکاندا هەیە و ئەو دوانە مەترسی مژینی قوڕقوشم لە خوێندا کەمدەکەنەوە.
سەرچاوە: سیدتی.نت