فراکسیۆنی یەکێتی لە بودجەدا هەرێمی لە چەندین مەترسی دوورخستەوە

12:51 - 2023-06-14
ڕاپۆرت
483 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق باس لە پشکی هەرێم لە بودجەدا دەکات و رایدەگەیەنێت، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا رێگری لە چەند مەترسییەک کردووە لەسەر هەرێمی کوردستان و بابەتی پاشەکەوتی مووچەش لەسەر پێشنیازی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە".
د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، "لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، هەندێک بابەت پەیوەندیان بە هەرێمی کوردستانەوە هەبووە، وەک فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران رێگریمان لە چەند مەترسییەك لەسەر پشکی هەرێم لەناو پڕۆژە یاسای بودجە کردووە" و "هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ لابردنی ئەو مەترسییەی لە بڕگەی دووەمی مادەی (12)ی ناو پڕۆژە یاساكە هەبوو، كە تایبەت بوو بە دانانی سەقفێکی یاسایی بۆ پشكی هەرێمی كوردستان و توانیمان گۆڕانكاری لە مادەكەدا بكەین".
وتیشی، "ئەو چوارسەد ملیارەی كە دوو سێ‌ مانگە بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت، بەشێوەیەك لە شێوەكان ویستیان ئەو پارەیە ئەژماربکەن لە ئەو قەرزە ناوخۆیی و سیادیانەی عیراق كردوویەتی، ئەگەر وای لێبكرایە وەك ئەوەبوو هەرێمی كوردستان دووجار ئەو پارەیەی لێببڕدرێتەوە، جاری یەكەمیان كاتێك ئەخرایە ناو خەرجییە سیادییەكان، لە كۆی پشكی هەرێمی كوردستان کەمدەبۆوە، دواتریش جارێكی تر هەرێمی كوردستان لەسەری بوو ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە بە داشکاندن لە پشکی پارەی تەرخانكراوی هەرێم، بۆ لیژنەی داراییمان روونکردەوە و  و رێگریمان لەوە کرد کە بەو شێوەیە هەژمار بكرێت".
‎دەشڵێت، "جێگیركردنی پێوەرەکانی رێژەی دانیشتوان و هێڵی هەژاری لە دابەشکردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان (تنمية الاقاليم)، كە بڕەكەی زیاتر لە 276 ملیار دینارە، ئێستا دەتوانرێت بەشێوەیەكی راستەوخۆ پارێزگاكان پلانی پڕۆژەکانیان ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بكەن و زووتر سوود لەم بەشە بودجەیە وەربگرن".
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، "فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیی کوردستان چەند خاڵێکی لەناو پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیرکردووە وەک جێگیرکردنی مووچە و خەرجی زیاتر لە 20 هەزار لە هێزەكانی پێشمەرگە لەسەر وەزارەتی بەرگری عیراق و دامەزراندنی 3‌ هەزار پاسەوانی سنوور"، "هەروەها گواستنەوەی لیوای هاوبەشی (20)ی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری عیراق کە ژمارەیان نزیكەی (3777) كەسە".
ئاماژەشی کرد، "خاڵێکی دیکە گێڕانەوەی كارمەندانی گرێبەستی كاتی كۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانە، كە زیاتر لە سێ‌ هەزار كەسن و ماوەی ساڵ زیاترە كۆتایی بە گرێبەستەكانیان هاتبوو، توانیمان بیانگێڕینەوە سەر كارەكانیان و گرێبەستەكانیان لە كاتییەوە كرا بە تەشغیلی و جێگیركردنی بڕگەیەك لەناو مادەی (14)، كە گرەنتی ئەوە دەكات مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیاننی هەرێم لە ئەولەوییەتی خەرجییەكانی حكومەتی هەرێم بێت".
‎ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژە بەوەدەدات، "خاڵێکی دیکە بریتییە لە چەسپاندنی بنەمای دادپەروەریی و یەكسانی لە دابەشكردنی پشکی خەرجی وەبەرهێنان و خەرجییەکانیتر بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و رێگریکردن لە بەردەوامی پەراوێزخستن و نادادپەروەری لەدابەشکردنی ئەو خەرجییانە"، هەروەها "فراکسیۆنی یەکێتی بەدواداچوونی بۆ چەندین ماف و پرسی دیکەش کردووە وەک، "بابەتی دامەزراندنی (هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و سێ‌ یەكەمەکانی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان کە ژمارەیان زیاتر 10 هەزار کەسە)، بەپێی نووسراوەکانی وەزارەتی دارایی مافی دامەزراندیان پێدراوە لەسەر پشکی هەرێم و پێویستە لەناو میلاكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێیان بكرێتەوە"، هەروەها "داواکردنی بودجەیەكی تایبەت بۆ پارێزگای هەڵەبجە، بە بۆنەی دەرچوونی بڕیاری بە پارێزگابوونییەوە".
خاڵێکی دیکەش بریتییە لە، "داواکردنی بودجەیەكی تایبەت بۆ دروستكردنی (سەنتەری پشكنینی پێشوەختەی شێرپەنجە) لە پارێزگای سلێمانی و جێگركردنی مافی (لیژنەی پارائۆلۆمپی) شارەكانی هەرێمی كوردستان، لەناو بودجەی (لیژنەی پارائۆلۆمپی عیراقی)".
ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەوێمەوە دەڵێت، "گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەر لە سەرەتاوە پێشنیازی فراكسیۆنی یەكێتی بووە و لەناو گفتوگۆكانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا ئەم پێشنیازەی چەسپاند و دەنگی ئەندامانی لیژنەی دارایی بۆ بەدەستهێنرا، دواتریش تا كاتی دەنگدان لەسەر بڕگەکە لەناو پەرلەمان، بەردەوامبووین لەسەر داكۆكیكردن لەم بڕگەیە و بەشداربووین لە داڕشتنی دەقی ئەو بڕگەکەی خرایە دەنگدانەوە، چونكە بە مافێكی تەواوی فەرامانبەران و خانەنشینانی هەرێمی كوردستانی دەزانین، هەر بۆیە تا دوا ساتەكانی دەنگدان لەسەر ئەم بڕگەیە داكۆكیمانكرد، بەڵام ئەنجامەكە بەلێڵی مایەوە و تائێستاش دڵنیانین لەوەی ئەم بابەتە بەتەواوی رەتكراوەتەوە، لەبەر ئەوەی گومانمان هەیە کە دەنگەكان بە باشی هەژمار نەكرابن".
دەشڵێت، "گومانمان هەیە ئەم بابەتە بەتەواوی رەتكرابێتەوە، واتە لە نێوان پەسەندكردن و رەتكردنەوەدا بۆمان یەكلایی نەبۆتەوە، چاوەڕێ دەكەین پێداچوونەوە بە ریكۆردی دەنگدانی ناو هۆڵی پەرلەمان و هەژماركردنەوەی دەنگەكان لەسەر ئەو بڕگەیە بکرێت، بۆ دڵنیابوونەوەی لەوەی ئایا ئەو بڕگەیە رەتكراوەتەوە یاخود پەسەند دەكرێت، بۆیە چاوەڕێی دەكەین، ئەگەر ئەنجامەكەش بەدڵی ئێمە نەبێت، پێمانوایە ئەمە كۆتا قۆناغ نییە و بەڵكو بەردەوام دەبین بە هەموو شێوازێك، بۆ گەڕاندنەوەی مافی فەرمانبەران و هاونیشتمانیانمان، ئەوەی پێمان بكرێت درێغی ناكەین لە گێڕانەوەی ئەو مافەی فەرمانبەران".

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #بودجە

بابەتە پەیوەندیدارەکان