له عه‌ره‌بییه‌وه: نه‌رمین عوسمان محه‌مه‌د
مرۆڤایه‌تی كه‌ی ده‌ستی كرد به گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی وه‌رچه‌رخان؟ له زۆرترین بۆچووندا مرۆڤایه‌تی ئه‌وكاره‌ی له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی یه‌كه‌م به‌سه‌رهاتدا له‌لایه‌ن پیاوێكه‌وه یاخود له زۆربه‌ی كاتدا له‌لایه‌ن ژنێكه‌وه بۆ منداڵان له ده‌وری ئاگردانێكدا كردووه.مرۆڤایه‌تی به‌رده‌وام بوو له گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی وه‌رچه‌رخان له‌چیرۆكه‌كانی ئیزۆب و گێڕانه‌وه‌كانی زیۆس و ئه‌فرۆدێت و له‌گه‌ڕانی گلگامیش به‌دوای رووه‌كی نه‌مریدا و له چوونه خواره‌وه‌ی ئه‌نانادا بۆ نێوجیهانی خواره‌وه.
ئه‌و ده‌مه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌سه‌رهاتی دۆزییه‌وه بۆی ده‌ركه‌وت پێكهاته‌یه‌كی سروشتی هه‌یه له‌گشت به‌سه‌رهاتێكدا ئه‌ویش پێكهاته‌ی وه‌رچه‌رخانه، بۆ نموونه وه‌رچه‌رخانی خه‌ڵك له"هه‌زار ویه‌ك شه‌و"دا بۆ گامێش و سه‌گ و ئاسك یاخود به‌دگۆڕانی گریگۆری سامسا بۆ مێروویه‌كی زه‌به‌لاح ته‌نانه‌ت وه‌رچه‌رخانی"بروس وێن" بۆ باتمان (كوونه‌په‌پوو). وه‌رچه‌رخان یه‌كێكه له بابه‌ته هه‌ره كۆن و دێرینه‌كانی گێڕانه‌وه، چونكه به‌سه‌رهاته‌كان به‌گشتی له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك دێنه ئاراوه له‌وانه چاودێری گۆڕانكارییه‌كان، نه‌مانی جۆری، رووداوی جیاواز و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا، روودانی كه‌لێنێك یاخود په‌رتبوونێك له‌شته ئاساییه‌كاندا، ده‌نا چۆن ده‌توانین له رۆمانه‌كانی وه‌ك: دراكۆلا و دكتۆر جیكڵ و مسته‌ر هاید و فرانكشتاین تێبگه‌ین؟
ده‌توانین له بابه‌تی وه‌رچه‌رخاندنه‌وه به‌شێك جیابكه‌ینه‌وه، كه خاوه‌ن تێمایه‌كی هاوشێوه بێت، به‌ڵام كه‌متر رادیكاڵ بێت و ناوی بنێین گه‌شه‌سه‌ندوو. ئه‌مه‌ش عاده‌ته‌ن درێژه‌پێدراوی گه‌شتی پاڵه‌وانه له ئه‌فسانه‌كاندا هه‌ر وه‌كو چۆن جۆزێف كامبڵ روونی كردۆته‌وه، گه‌شتی كه‌سایه‌تییه‌كه‌یه له‌نێو بازنه‌یه‌كدا تاوه‌كو بگه‌ڕێته‌وه بۆ خاڵی ده‌رچوونی به‌ڵام چه‌ند شتێكی زیادكردبێت وه‌ك پاداشت له‌وانه: وشیاری، به‌هره‌داری، هه‌سته‌وه‌رییه‌كی نوی، خۆشه‌ویستییه‌ك یاخود وانه‌یه‌ك.
چیرۆكی په‌ره‌سه‌ندن چیرۆكی وه‌رچه‌رخانێكی له‌سه‌رخۆیه ته‌نها له كه‌سایه‌تییه‌كاندا روونادات، به‌ڵكو له خوێنه‌ریشدا رووده‌دات، ئه‌گه‌ر رۆمانه‌كه وه‌كو پێویست نووسرا بێت، چیرۆكی زۆرمان له‌و بابه‌ته خوێندۆته‌وه "نارسیس و گۆڵدمۆند" و "سیدهارتا"ی هێرمان هیسه و دوو كاره به‌ناوبانگه‌كه‌ی دیكنز"ده‌یڤید كۆپه‌رفێڵد" و" ئۆلیڤه‌ر تویست" هه‌روه‌ها"كیژی شانس"ی ئیزابیل ئه‌له‌ندی و "ژیانی بای" ی نووسه‌ر یان باتڵ هه‌روه‌ها چیرۆكه كلاسیكییه‌كانی منداڵیمان وه‌ك "باخچه‌نهێنییه‌كه" و"هایدی"و"پیاوه بچكۆله‌كان"و"خانمه بچكۆله‌كان"و"تۆم سۆیه‌ر"و"هاكڵبه‌ری فین"ی نووسه‌ر مارك توین وچه‌ندین رۆمانی دیكه.
به‌ڵاكانی پاش هێدمه
یه‌كێك له به‌شه‌كانی دیكه‌ی تێمای وه‌رچه‌رخان بریتییه له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كانی هێدمه یاخود ئه‌وه‌ی كه پێی ده‌گوترێت به‌ڵاكانی پاش هێدمه، له‌م دۆخه‌یاندا رۆمانه‌كه چاودێری به‌سه‌رهاتی كه‌سێك ده‌كات كه هۆگری رابردووی خۆیه‌تی و تێیدا ماوه‌ته‌وه لێره‌دا ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ی كه به‌سه‌ریدا هاتووه بریتییه له تێكچوونێك ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی كه‌موكورتییه‌ك ده‌بێت له نه‌رمونیانی و توانای خۆگونجاندن یاخود كه‌موكوڕییه‌ك ده‌بێت ته‌نانه‌ت له‌كوێ بووندا به‌ڕه‌هایی.
له رۆمانه نایابه‌كه‌یدا به‌ناوی "ده‌ستدرێژی" هاری مۆلیش لێده‌بێته‌وه له نووسینی ئه‌و رووداوه یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه كه له دوای روودانی هه‌موو جیهان بۆ هه‌تا هه‌تایه ده‌گۆڕێت له سه‌ره‌تای كاره‌كه‌دا، به‌ڵام دواتر بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت چۆن ئه‌م هێدمه‌یه سه‌رله‌نوی ژیانی رزگاربوان ده‌نه‌خشێنێته‌وه تا دواچركه‌ی ته‌مه‌نیان، شتێكه له‌بازنه‌كانی ئاوده‌چێت كه ده‌كشێت به‌ده‌وری یه‌ك سه‌نته‌ردا یاخود شتێكه له‌نه‌فره‌ت ده‌چێت. رۆمانی "ده‌ستدرێژی" مۆلیش به‌م واتایه‌ی ده‌بێته ده‌سته‌خوشكی رۆمانی "رۆحی مۆسیقا" ی نووسه‌ر ئاكیرامیزو بایاشی كه باس له چیرۆكی ده‌ستگیركردنی چوار كه‌مانچه‌ژه‌ن ده‌كات له‌سه‌رده‌می جه‌نگی نێوان چین و ژاپۆندا و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنی نه‌وه گه‌نجه‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌م رووداوه‌دا.
وه‌رچه‌رخان یاخود دژی وه‌رچه‌رخان
له راستیدا ئه‌ده‌بی جه‌نگ و دوای جه‌نگ هه‌مووی به‌تێكڕا ده‌توانرێت بخرێته ژێر ئه‌م ناونیشانه "وه‌رچه‌رخانێكی ئازار به‌خش بۆ شتێكی شكاو" خۆ ئه‌گه‌ر ئاماژه‌مان به "بازنه‌ی سوور" ی نووسه‌ر جان كریستۆف رۆفان یاخود"دوور له لادێكانه‌وه"ی رۆبێرتسۆن فریزیرۆ، یان "هه‌موو ئه‌و رووناكییه‌ی كه ناتوانین بیبینین" ی ئه‌نتۆنی دۆر یاخود ته‌نانه‌ت رۆمانی"خۆر له ژوورێكی داخراودا نادۆزیته‌وه"ی رۆماننووس ئیمان ئه‌سعه‌د ئه‌وا زیاده‌ڕۆیی نییه ئه‌گه‌ر بڵێیین هه‌ر یه‌كێك له‌و رۆمانانه له‌ناواخنیدا به‌سه‌رهاتێكه له‌سه‌ر وه‌رچه‌رخان یاخود دژی وه‌رچه‌رخان.
خۆ ئه‌گه‌ر بخوازین وه‌رچه‌رخان وه‌ربگرین له‌به‌سه‌رهاتی تاكه‌وه بۆ به‌سه‌رهاتی شوێن و له سایكۆلۆژیاوه بۆ سوسیۆلۆژیاوه له‌تاكه‌وه بۆ كۆمه‌ڵه كه‌سێك ئه‌وا به‌ره‌و رووی جۆرێكی ئه‌ده‌بی تایبه‌تمه‌ند له‌چاودێری وه‌رچه‌رخانه گه‌وره‌كاندا ده‌بینه‌وه كه بریتییه له‌و رۆمانانه‌ی باس له به‌سه‌رهاته‌كانی چه‌وساندنه‌وه ده‌كه‌ن به‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه وه‌كو رۆمانه‌كانی 1984ی جۆرج ئۆروێل و كوێری ساراماگوا و دڵی تاریكی كۆنراد و كاتژمێر بیست و پێنج ی قوسته‌نتین جیۆرجیۆ، كۆمه‌ڵێك داده‌ڕمێنی چینوا ئاچبی و رۆمانی ته‌نتورییه‌ی ره‌زوا عاشور و رۆمانی "سه‌رده‌می ئه‌سپه سپییه‌كان" ی برایم نه‌سروڵڵا و رۆمانی رۆژهه‌ڵاتی دارخورماكانی به‌ها تاهیر.
له‌هه‌وڵێكی بچكۆلانه‌دا بۆ هه‌مه جۆركردن له تێمای وه‌رچه‌رخاندا ده‌توانین زۆر به‌ئاسانی ببرێینه ناو تێمای "گه‌ڕاندنه‌وه" وه كه بریتییه له هه‌وڵێك بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی به‌ده‌ستمان هێنابوون له‌پێش ئه‌و وه‌رچه‌رخانه زۆره‌ملێ و نادادپه‌روه‌ره‌دا كه به‌سه‌رماندا سه‌پێنرا هه‌ر وه‌كو بینیمان له رۆمانه‌كانی"كۆنت دی مۆنت كریستۆ "و" گاتسبی مه‌زن" و "دز و سه‌گه‌كان" و "گه‌ڕاوه یه‌ك بۆ حه‌یفا" و "به‌رزاییه‌كانی وێزه‌رینگ" وته‌نانه‌ت رۆمانی "مۆبی دیك" یش له رووه‌یه‌ك له رووه‌كانییه‌وه.
له‌به‌ری ئه‌وبه‌ردا كۆمه‌ڵه رۆمانێك هه‌یه چاودێری وه‌رچه‌رخان ده‌كات به سیفه‌تێكی شیكاریانه به‌جۆرێك رۆمان ده‌بێته پڕۆسه‌یه‌كی شوێنكه‌وته‌ی خودی مه‌رگ خۆی به‌هۆی لایه‌نگیری زۆره‌ملێمانه‌وه بۆ له‌ناوچوون وه‌كو رۆمانی "شۆخه نووستووه‌كان"ی نووسه‌ر یاسۆناری كاواباتا كه باس له تراژیدیای پیاوێكی به‌ساڵاچوو ده‌كات كه توانای سێكسكردنی نییه له‌گه‌ڵ پێستی نه‌رمی كه‌نیزه نووستووه‌كاندا. هه‌روه‌ها ده‌توانین بڵێین رۆمانی "شووره‌یی" ی جه‌ی.ئێم.كوێتزی رۆمانێكه سه‌باره‌ت به كۆتایی هاتنی شته‌كان و ناچاربوونی له‌ناوبردنیان. هه‌ردوو رۆمانی"پایزی پاتریارك" و "كه‌س نییه نامه بۆكۆلۆنێڵ بنێرێت"ی گابریل گارسیا ماركیز هه‌ردووكیان شوێنكه‌وته‌ی رێڕه‌وی تراژیدی شیكاریانه یاخود له ده‌ستدانی شوناسن هه‌روه‌ك رۆمانه‌كانی "هێشتا ئه‌لیس ماوه" و "ئه‌و ده‌مه‌ی یادگه‌ی دایكم ده‌له‌رێته‌وه"ی تاهیربن جه‌لون و چه‌ندین رۆمانی دیكه‌ش.
پێده‌چێت تێمای وه‌رچه‌رخان به‌هه‌موو هاوجۆرییه‌كانییه‌وه هه‌ر له گه‌شه‌سه‌ندنه‌وه بۆ شیبوونه‌وه و له‌په‌ره‌پێدانه‌وه تا ده‌گاته به‌دگۆڕین پاڵپێوه‌نه‌ری یه‌كه‌م بێت بۆ گێڕانه‌وه. له‌به‌رامبه‌ردا چه‌ند هه‌وڵێكی بوێرانه هه‌یه كه ویستوویه‌تی له دژی وه‌رچه‌رخان بنووسێت كۆمه‌ڵێك رۆمان سه‌باره‌ت به هێمنی و چۆڵه‌وانی و كۆمه‌ڵێك رۆمان سه‌باره‌ت به هیچگه‌رایی تا ئه‌و راده‌یه‌ی له توانای مرۆڤدا بێت له‌سه‌ر هیچگه‌رایی بنووسێت. كۆمه‌ڵێك رۆمان كه وه‌ك زنجیره‌یه‌كی تووڕه بێت له "گۆدۆ" كه‌ی بیكێت ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ی "هیچ شتێك دووجار تێیدا روونادات" به ده‌ربڕینی ره‌خنه‌گران.
تا چ راده‌یه‌ك ده‌توانین ئاماده‌بوونی خێوی گۆدۆ له رۆمانی"كۆتر"ه‌كه‌ی زوسكین و "نامۆ"كه‌ی كامۆ و"بارتڵبی له‌به‌رگره‌وه"ی مێڵفڵ و ته‌نانه‌ت" خۆشبه‌ختی و ئازاره‌كان"ی فواد ئه‌لته‌كه‌رلی وگروپه ئالوده‌بووه‌كه‌ی "زۆربڵێیه‌ك له كه‌نار نیل"ی نه‌جیب مه‌حفوز له به‌شی یه‌كه‌میدا، هه‌موو ئه‌مانه كۆمه‌ڵێ رۆمانن سه‌باره‌ت به‌كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی كه زۆر بێباكانه زه‌مه‌ن له‌نێو په‌نجه‌كانیانه‌وه داده‌چۆڕێت و هه‌ریه‌كێكیان هه‌ڵوێستی بینه‌ری وه‌رگرتووه بۆ به‌سه‌رهاته تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی و له‌نێو ناخیدا سه‌ر به‌سته‌یجی شانۆ نییه به‌ڵكو سه‌ر به‌كورسی جه‌ماوه‌ره.
سه‌رچاوه:
Takweenkw.com
مارکیز
بیکێت
تاهیربن جەلون