قۆناغی ئاودان و بژار و بنکۆڵ و ئاگربڕی هەڵمەتی نیشتمانی رواندنی یەک ملیۆن نەمام دەستیپێکرد

06:25 - 2023-06-17
ژینگە
614 جار خوێندراوەتەوە

بۆ زامنکردنی گەشەی ئەو نەمامانەی لە چوارچێوەی هەڵمەتی نیشتمانی بۆ رواندنی یەک ملیۆن نەمام لەسەر بڕیار و راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روێنراون، قۆناغی خزمەتکردن لەئاودان و بژار و بنکۆڵ و ئاگربڕ دەستیپێکرد.

بۆ ئەو مەبەستە و لە میانی بەسەرکردنەوەی هەر سێ پڕۆژەی دارستانی کێلو لە پێنجوێن و دارستانی سەراو لە سەیدسادق و دارستانی چەناخچیان سەر بەهۆبەی دارستان و پاوانی تانجەرۆ، هاوکار جەلال بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی رایگەیاند: هەڵمەتەکە تەنیا رواندنی نەمامی نەگرتەوە بەڵکو بە فەرمانی سەرۆک بافڵ دەستمان کردووە بەخزمەتکردن و ئاودانی نەمامەکان، بۆ ئەو مەبەستە ترومپا و سیستمی ئاودێریمان بۆ نەمامەکان جێگیر کرد لەپڕۆژەکاندا لەپێناوی مسۆگەرکردنی ئاودان لەکاتی پێویستدا. 
هاوکار جەلال وتیشی: بەلەبەرچاوگرتنی جۆراوجۆریی نەمامە روێنراوەکان و سروشت و کەشوهەوای جیاوازی ناوچەکان، تێبینیمان کرد کە نەمامەکان بەشێوەیەکی زۆر باش گەشەیان کردووە و کارەکانی هەڵمەتەکە سەرکەوتوو بووە.
هاوکار جەلال بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ پاراستنی نەمامەکان لەهەر ئەگەرێکی زیانگەیاندن و لەوەڕاندنی هەڕەمەکی، توانیمان لەسەر بودجەی هەڵمەتەکە، پەرژین بۆ رووبەرە سەوزکراوە نوێیەکان بکەین سەرباری دروستکردنی هێڵی ئاگربڕ بۆ پاراستنی لەهەر مەترسییەکی ئاگرکەوتنەوە لەگەڵ کاروبارە گرنگەکانی وەک بژار و بنکۆڵکردنی نەمامەکان بەکرێکار. 
سەرکەوتنی هەڵمەتی نیشتمانی سەوزکردنی کوردستان بەڕواندنی یەک ملیۆن نەمام هەنگاوێکی ئەرێنییە بەئاراستەی گرنگیدان بە ژینگە و سەوزایی کە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە روانگەی پەرۆشییەوە بۆ تەندروستییەکی باش بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەبارەوەداوە و جێبەجێی دەکات.



بابەتە پەیوەندیدارەکان