کارگەیەکی نوێی شیرەمەنی لە هەڵەبجە دەکرێتەوە

02:27 - 2023-06-18
کوردستان
490 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ 18ی حوزەیرانی 2023 سەردانی هەڵەبجەی کرد و بە مەبەستی پشتگیریکردن لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، کۆمەڵگەی خۆراکی راسانی بەسەر کردەوە.
کۆمەڵگەی خۆراکی راسان پڕۆژەیەکی گەورەی پیشەسازی خۆراکە لە هەڵەبجە و یەکێک لە پڕۆژەکانی ناو کۆمەڵگەکە کردنەوەی کارگەیەکی گەورەی شیرەمەنییە لە ماوەی یەک ساڵدا کە گەورەترین کارگەیە لەسەر ئاستی ناوچەکەدا.
جێگری سەرۆک وەزیران لە سەردانەکەیدا پشتگیری تەواوی خۆی بۆ وەبەرهێنەرانی هەڵەبجە و کۆمەڵگەی خۆراکی راسان دەربڕی و ئامادەیی خۆشی دەربڕی کە هەموو جۆرە کارئاسانییەک بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی شارەکە بکات.
قوباد تاڵەبانی داوای لە وەبەرهێنەران کرد کوالێتی بەرهەمەکانیان پێویستە بەجۆرێک بێت کە نەک هەر بتوانن لە بازاڕەکانی ناوخۆی کوردستاندا رکابەری بەرهەمە بیانییەکان بکەن، بەڵکو دەبێت پلانی تۆکمە دابنێن تا بتوانن بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق ساغ بکەنەوە، چونکە گەورەترین بازاڕی پیشەسازی خۆراکی کوردستان لە ساڵەکانی داهاتوودا ناوەڕاست و باشووری عیراقە.
کارگەی شیرەمەنی راسان بڕیارە تا ساڵێکی دیکە کارەکانی تەواو بکرێت و هەموو شیری ئاژەڵدارانی ناوچەکە بکڕێتەوە و بەمەش کەرتی ئاژەڵداری لە ناوچەکە گەشەیەکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت. هەروەها بە تەواوبوونی کارگەکە، نزیکەی هەزار هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش بۆ دانیشتوانی هەڵەبجە و دەوروبەری دەڕخسێنێت.
 هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ کۆمەڵگای خۆراکی راسان، کارگەی رۆنی زەیتونی راسانیشی بەسەر کردەوە کە ئەم کارگەیە لە ساڵی 2018وە دامەزراوە و بەرهەمەکانی بۆ ناوچەکانی دیکەی عیراق و دەرەوەی وڵات هەناردە دەکات. ئەم کارگەیە جگە لەوەی ژمارەیەک بەرچاو هەلی کار رەخساندووە، کاریگەریشی هەبووە لەسەر سەوزتربوونی ژینگەی هەڵەبجە و بەهۆیەوە ژمارەی دار زەیتونەکانی هەڵەبجە بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردوە کە تەنها لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا 50 هەزار دار زەیتوون روێنراوە.



# قوباد تاڵە‌بانی #هەڵەبجە

بابەتە پەیوەندیدارەکان