بابەتەکانی جوانکاریی خانمان تا چەند کوالێتیان بەرزە؟

07:39 - 2022-05-08
ڕاپۆرت
773 جار خوێندراوەتەوە

میهرەبان عەبدول

یارا بەردەوام گرنگی بە کوالێتی جۆری ماکیاژ و ئەو بابەتە جوانکارییانە دەدات کە رۆژانە بۆ پێستی بەکاریان دەهێنێت و  دەڵێت: پێم گرنگە ئەو ماکیاژانەی دەیکڕم ئۆرجیناڵ و مارکە بن، هەموو بابەتەکانی جوانکاری لە شوێنی متمانەپێکراو دەكڕم و پێش ئەوەش سەردانی دکتۆر دەکەم تا بزانم چی لەگەڵ پێستم دەگونجێت.
لەناو بازاڕ جۆرەها کەرەستە و کەلوپەلی جوانکاری ژنان لە جۆر و رەنگ و مارکەی جیاواز دەفرۆشرێن کە لە وڵاتانەوە هێنراون، هەندێکیان لە دوکانی تایبەت بەو بابەتانە و هەندێکی تریان لەسەر عارەبانە هەڕاج دەکرێن.

شتێک نییە بە ناوی جیاوازی کوالێتی
توانا محەمەد دەستگێڕێکە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی هەموو رۆژێک بابەتەکانی جوانکاری ژنان هەڕاج دەکات و بە نرخێکی زۆر کەم لە خوار بازاڕ و شوێنەکانی تر دەیفرۆشێت، ئەو دەڵێت: سەرچاوەی بابەتە جوانکارییەکانی خانمان چین و دوبەیە و دوکانەکان و جوملەچییەکانیش هەر لەوێ بۆیان دێت، هۆکاری ئەوەش کە ئێمە لە چاو مۆڵەکان و دوکاندارەکان بە نرخێکی زۆر کەمتر دەیفرۆشین، چونکە کرێی شوێن و کارەبا و زەریبە نادەین دەنا هەر هەمان کوالێتیە و شتێک نییە بە ناوی جیاوازی ئێمەو ئەوان.
هەڵاڵە کڕیارێکی کەرەستە جوانکارییەکانە و دەڵێت، هیچ کات گوێ بە کوالێتی ماکیاژ و رۆتینەکانی رۆژانەی پێستم نادەم و سەردانی دکتۆری پێستیش ناکەم، چی بە پێستم بکەوێ بەکاری دەهێنم ئەگەر نرخێکی زۆر کەمیشی هەبێت.
ئاوات رەفیق دوکانی جوانکاری هەیە لە یەکێک لە مۆڵەکانی شاری سلێمانی وتی، هەموو کەرەستەکانمان ئۆرجیناڵ و مارکەن خۆم  لە ئەوروپا و ئەمریکاوە دەیهێنم، موادەکان هەمووی پسووڵە و شێوازی بەکارهێنانی خۆی لەگەڵدایە  ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە سەد لەسەد کوالێتین، لەگەڵ ئەوەی موادی ئۆرجیناڵ نرخێکی زۆر زیاتری هەیە لە بەرامبەر کەرەستەکانی تر، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە زۆرینەی خانمان حەز و خولیایان بە شتی مارکەیە بیکڕن و هەندێکیش باوەڕیان وایە کە یەک شتە.  

کوالێتیەکەی پەیوەندی بەو شەریکەیەوە دروستی دەکات
بەڵێن بەرزان پسپۆڕی جوانکاری و نەخۆشییەکانی پێست وتی: کوالێتی بابەتەکانی ماکیاژ پەیوەندی بەو شەریکەیەوە هەیە دەری دەکات کە تا چەند کوالێتییە، هەندێک شەریکەی جیهانی هەیە مەوادەکانیان باشن و زیانی زۆر نادات لە پێست، بێگومان خانمان  هەرچەندە شتی باش و کوالێتی بەکاربهێنن هێشتا پێویستە سەردانی پسپۆڕێکی پێست بکەن تا بزانن جۆری پێستیان چی لەگەڵ دەگونجێت بۆ ئەوەی  لە داهاتوودا توشی کێشە باوەکانی پێست نەبن، چونکە هەندێک کەرەستە و کرێم هەیە کە چەندە سوودی هەیە بۆ پێست ئەگەر بێت و زیادەڕۆیی بکرێ لە بەکارهێنانی یان بە هەڵە و بەبێ پرسی دکتۆر بەکاری بهێنیت ئەوا کاریگەری نەرێنی دروست دەکات لەسەر پێست و دەبێتە هۆی تەنکبوونی یان دروستبوونی پەڵە کە هیچ بەرگری بۆ خۆر نامێنێت و ئەمەش چارەسەری زۆر قورس دەبێت.
وتیشی، نەخۆش هەبووە لە رێگەی پەیجە ئۆنلاینەکان کرێمی خراپی بەکارهێناوە و دواجار دوچاری زیپکە و تەنکبوونی پێست بووە زۆر لەم جۆرە کەیسانە هاتۆتەلامان بۆیە زۆر پێویستە خانمان هەمیشە دڵنیا ببنەوە لە جۆری ئەو موادەی بەکاری دەهێنن بۆ دەموچاو لە شوێنی باوەڕپێکراو بیکڕن و زانیارییەکانی ناو پاکەتەکە بخوێننەوە و سێرچی بۆ بکەن پاش دڵنیابوون دواتر بەکاریبهێنن.
کەیوان خەلیل ئەندامی لیژنەی باڵای قائیمقامیەت تایبەت بە کوردستانی نوێ وتی: بابەتەکانی جوانکاری زۆرن لەوانە بۆ قژ و پێست و نینۆک، بەهەمان شێوە ئەمانیش جۆریان زۆرە و کوالێتیان دەگۆڕێت، نوێنەری کوالێتی کۆنترۆڵ بەردەوام سەرپەرشتی کۆزماتیکەکان دەکات و بۆ هەرسەرپێچییەک سزا دەدرێن.

کوالێتی زۆربەی ئەو مەوادانە باش نین
وتیشی، ئەوەندەی ئێمە چاودێرییان دەکەین و ئاگادار بین لە ئێستادا کوالێتی زۆربەی ئەو مەوادانە باش نین، ئەو پشکنینانەی بۆ زۆربەی مەوادە تەقلیدەکان کراوە خوێندنەوەمان لەسەری کردووە پێکهاتەی کیمیایی زۆر بووە کە ئەمەش هۆکارە بۆ زۆر نەخۆشی پێست یان نەخۆشی درێژخایەن وەک شێرپەنچە، هاووڵاتییەکی زۆر لای ئێمە سکاڵا دەکەن، سزاکان لای ئێمە بە پێی جۆری سەرپێچییەکەیە، ئەگەر یەکەم جاری بێ غەرامەی دەکەین ببیێتە سێ جار ئەوا دەچێتە دادگا و یاسا سزای بۆ دەردەکات، ئاماری ئەو شوێنانەی سەردانمان کردون زۆرن بە پێی زۆری مەوادەکەش ئامارەکان جیاوازییان هەیە، مەوادەکان هەر لە دژەخۆرێکی دەموچاو هەتا کلێنسی تەڕ و بۆیەی نینۆکیش دەگرێتەوە، ئێمە وەک لیژنەکانی قائیمقامیەت ئەوەی لە دەسەڵاتمان بوبێت کردوومانە، بەڵام ریگرییەکانمان لە سنووری دەسەڵاتی خۆمانە، پێویستە لە وڵاتی سەرچاوەوە کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکرێت.

#ماکیاژ

بابەتە پەیوەندیدارەکان