وەزیری سەردەمی زێڕینی حكومەتی هەرێم

لە یادی پێنج ساڵەی كۆچی دوایی شێخ بایز تاڵەبانی دا

10:23 - 2023-06-21
کوردستان
1124 جار خوێندراوەتەوە

شێخ بایز تاڵەبانی، وەزیری خۆشگوزەرانی و سەردەمی زێڕینی حكومەتی هەرێم، كادر و تێكۆشەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێنج ساڵ لەمەوبەر كۆچی دوایی كرد.
كاك بایز، جگەلەوەی پیاوێكی لێزان و شارەزای بوارەكانی ئیدارە و دارایی بوو، لەڕووی كۆمەڵایەتی و وەك كەسایەتی، پیاوێكی رووخۆش و مەجلیس خۆش بوو، هەمیشە بزەی دەخستە سەر لێوی دەوروبەری، قسەزان و خۆشكەلام بوو.
بایز سەعید محەمەد عەبدولغەنی تاڵەبانی ناسراو بە (بایز تاڵەبانی)، ساڵی 1944 لە گوندی (باداوا)ی سەر  بە ناحیەی لەیلانی پارێزگای كەركوك لەدایكبووە و هەر لەوێ خراوەتە بەر خوێندن، ساڵی 1956 لە كەركوك درێژەی بە خوێندن داوە و لەوێ قۆناغەكانی سەرەتای و ناوەندی و دواناوەندیی تەواوكردووە.
ساڵی 1958 كاتێك كە خوێندكاری ناوەندی موسەڵڵا بووە لە كەركوك، چۆتە ریزی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و ساڵی 1965 پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كردووە.
ساڵی 1968 بە كارمەند لە شارەوانیی كەركوك دامەزراوە و ساڵی 1970 گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئەشغالی هەولێر و هەر ئەو ساڵە بۆتە لێپرسراوی لقی كەركوكی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، ساڵی 1972 گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئەشغالی كەركوك.
ساڵی 1973 بۆتە لێپرسراوی لقی بەغدای یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی سكرتاریەت، هەر ئەو ساڵە لەگەڵ دارۆی شێخ نوری، عەبدولڕەزاق عەزیز میرزا، ئەنوەر قەرەداغی و جەمال حەكیم ئاغا بەشداربووە لە فێستیڤاڵی جیهانیی لاوان لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات.
ساڵی 1974 لە هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان حكومەتی عیراق و شۆڕشی كورددا، پەیوەندی بە شۆڕشەوە كرد و بووە پێشمەرگە.
دوای هەرەسی شۆڕش، گەڕایەوە بۆ كەركوك و دوورخرایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی رومادی لە پارێزگای ئەنبار، لە كۆتایی هەمان ساڵ گواسترایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئەشغالی گشتی، ساڵی 1990 گواسترایەوە بۆ ناسریە.
ساڵی 1991 گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و پەیوەندی بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە كردووە و ساڵی 1994 بۆتە ئەندام كۆمیتەی 5ی فەرمانبەران.
ساڵی 1995 بۆتە ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە، ساڵی 1996 بە هەمان پلە بۆ مەكتەبی دارایی گواستراوەتەوە و هەمان ساڵ بۆتە بەڕێوەبەری ژمێریاری لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەشغالی سلێمانی.
ساڵی 1997 و دواتر رۆڵی گرنگ و بنچینەیی بینی لە دامەزراندنی چەند دەزگایەكی داراییدا، لەو ساڵەدا دەزگای چاودێریی دارایی ئیدارەی سلێمانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دامەزراند و تێیدا بە پلەی سەرۆكی دیوانی دەزگاكە كاریكردووە.
ساڵی 2001 دەزگای چاودێریی دارایی بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دامەزراندووە و هەر خۆی لێپرسراوێتیی گرتۆتە ئەستۆ.
ساڵی 2002 بۆتە وەزیری دارایی و ئابووری لە ئیدارەی سلێمانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها لە كابینەكانی پێنجەم و شەشەم و حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وەزیری دارایی بووە.
ساڵی 2014 بە پلەی وەزیر خانەنشین كراوە.
بەداخەوە، رۆژی 21/6/2018 كۆچی دوایی كرد.

 

ئاوات كۆكەیی

#حکومەتی هەرێمی کوردستان #وەزارەتی دارایی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان