د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا پێشوازی لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، كرد و تەئكید لە «یەكڕیزیی و بەهێزكردنی بەرەی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كێشەكان» كرایەوە.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی وڵات تاوتوێكرا و گرنگیی بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەگژداچوونەوەی پاشماوەكانی تیرۆر و رێگەگرتن لە هەر هەوڵێك بۆ بەئامانجگرتنی ئاسایشی هاووڵاتیان، دووپاتكرایەوە، جەختیشكرایەوە لە پێویستی پشتیوانیكردن لە هێزە ئەمنییەكان، تا كارەكانیان بە باشی جێبەجێبكەن بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر.
سەبارەت بە دۆخی سیاسیی وڵاتیش جەختكرایەوە لە «گرنگیی سازان و یەكڕیزیی و بەهێزكردنی بەرەی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەكان و پشتیوانیكردن لە دیالۆگ بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە ئاڕاستەی هێنانەئارای داواكارییە نیشتمانییەكان، لە هەمووشی گرنگتر هێنانەدیی داوا رەواكانی خەڵك لەڕووی خزمەتگوزاری و بژێویی ژیان و پێویستیی چەسپاندنی ئاسایش و ئارامیی عیراق».