كۆبوونەوەی لیژنەكانی دیداری یەكێتی لە سلێمانی بەردەوامە و دوای پۆلێنكردنی سێكتەرە جیاوازەكان لەچوارچێوەی لیژنە تایبەتمەندەكاندا، دوێنێ گفتوگۆی چڕوپڕی ئەندامانی لیژنەكان بەڕێوەچوو، كە تێیدا تاوتوێی ئەو پێشنیاز و راسپاردانە كرا كە دەكرێت یەكێتی لەو بوارانەدا كاری لەسەر بكات و دیدگای نوێی كاركردنی خۆی لەسەر دابڕێژێتەوە، لەپێناوی باشتر خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا.
لەچوارچێوەی گفتوگۆكانی سەرجەم لیژنەكانی دیدارەكەدا، كە لە هۆڵی خاك و بارەگای مەڵبەندی یەكی رێكخستنی سلێمانی بەڕێوەدەچن، كادیرانی ئەم حزبە تێكۆشەرە بە پەرۆشییەكی زۆرەوە سەرنج و تێبینی و پێشنیازەكانیان بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ژیان و گوزەران و كاروانی ئاوەدانی لە سلێمانی و ئاستەنگەكانی، پڕۆژەی خزمەتكردنیان لەشێوەی رەشنووسی راپۆرتدا ئامادە دەكرد و رێگاچارەی پێویستیان بۆ یەكێتی خستەڕوو تا لەسەری كاربكات و سیاسەتی ئایندەی خۆی لەسەر بنیات بنێت و كار بۆ جێبەجێكردنیان بكات لەپێناوی خزمەتكردن بەكۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و فەراهەمكردنی ژیانێكی شایستە بۆیان.