وەزیری نەوت: بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێدەكەین و ناكرێت دوو سیاسەتی نەوت هەبێت

10:00 - 2022-05-08
عیراق
496 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەكەی، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند: ئیدارەدانی چالاكیی نەوتی لە هەرێم نادروستە و بەنرخێكی زۆر كەمتر لە نرخی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نیشتمانیی نەوت (سۆمۆ) دەفرۆشرێت. وتیشی: تەواوی ئەو داهاتەی لە فرۆشی نەوت دەستدەكەوێت و دەڕواتە بودجەی هەرێم، 50 % تێناپەڕێت.
ئاماژەی بەوەشدا: لە هیچ شوێنێكی دنیادا نییە، وڵاتێك دوو سیاسەتی بۆ ئیدارەدانی وزە هەبێت ‌و دەرهاویشتەكانی ئەم سیاسەتەی ئێستای وزە لە وڵاتدا كاریگەریی نەرێنی لەسەر مامەڵەمان لەگەڵ رێكخراوی ئۆپیكدا دەبێت، هەروەها ئەم فرەییە لە بۆچوون و كاركردن شتێكی راست نییە. وتیشی: بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی نەوتی هەرێمەوە جێبەجێدەکەین، كە «لێكدانەوەی ئەحكامەكانی دەستوورە»، بۆیە ناكرێت كار بە میزاجی سیاسی لە پیشەسازیی نەوتدا بكرێت، چونكە دۆسێی نەوت دۆسێیەكی زۆر قازانجبەخشە و كاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی وڵات لەگەڵ وڵاتانی بەكاربەری نەوت دروست دەكات.
وەزیری نەوتی عیراق تەئكیدیكردەوە: ناچاردەبین بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێبكەین، چونكە ناكرێت لە وڵاتێكدا دوو سیاسەتی جیاوازی نەوت هەبێت.

 PUKmedia

بابەتە پەیوەندیدارەکان