ڤاگنەر: لە سیاسەتدا دۆستی هەمیشەیی دوژمنی هەمیشەیی نییە

08:39 - 2023-06-24
جیهان
507 جار خوێندراوەتەوە

ناكۆكی نێوان سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری روسیا و یەڤگینی پریكۆژین، سەرۆكی چەكدارانی ڤاگنەر لەسەر فەرمان و پێدانی چەك وایكرد چەكدارانی ڤاگنەر هێرشەكانیان پێچەوانە بكەنەوە، بەجۆرێك پێشتر لە هەرێمی دۆنێتسك بوون و دژی سوپای ئۆكرانیا شەڕیان دەكرد، ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ روسیا و شەڕی هاوپەیمانەكانیان دەكەن.  

لە دوای هەڵگەڕانەوەی گروپی چەكداری ڤاگنەر، ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیا كاركردنی بە یاسای عورفی بۆ ماوەی 30 رۆژ راگەیاند، بەو پێیەش هەر كەسێك پێچەوانەی یاساكانی ئەو وڵاتە بجووڵێتەوە دەستگیردەكرێت.
پوتین دەڵێت، بە هەموو هێزێكمانەوە رووبەڕووی گروپی ڤاگنەر دەبینەوە، چونكە ئامانج و پلانیان ئەوەیە شەڕی ناوخۆ لە روسیا هەڵبگیرسێنێن.

پریكۆژین دەستیگرتووە بەسەر هێزی وشكانی و ئاسمانی شاری رۆستۆڤی باشووری روسیا، هەڕەشەی هێرشكردنە سەر مۆسكۆش دەكات كە 1000 كیلۆمەتر لێیانەوە دوورە، بەوتەی پریكۆژین 25 هەزار چەكدار بە نوێترین چەكی پێشكەوتوو لە ژێر دەستیدان.

لای خۆیەوە رەمەزان كادیرۆڤ، سەرۆكی چیچان رایگەیاند، گروپی ڤاگنەر دژی روسیا یاخیبوون و خەنجەریان لە پشتی سوپا داوە، هەر بۆیە هەموو هێزەكانی چیچان ئامادەن بە هەر شێوەیەك بێت رووبەڕوویان ببنەوە و ئێستاش بەرەو ناوچەی گرژییەكان بەڕێكەوتوون.

هەر لەسەر ئەو پرسە، جۆن كێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی كۆشكی سپی دەڵێت، بەوردی چاودێری جووڵەكانی ڤاگنەر دەكەین و لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان تاوتوێی دۆخەكە دەكەین.

چارلز میشێل، سەرۆكی ئەنجومەنی یەكێتی ئەوروپاش رووداوەكە بەپرسێكی ناوخۆیی روسیا وەسف دەكات. 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دژی ڤاگنەر پاڵپشتی خۆی بۆ پوتین دەربڕی.

گروپی ڤاگنەر لە ساڵی 2014 دامەزراوە و ژمارەی چەكدارەکانی زیاتر لە 50 هەزار چەكدار دەبێت، یەڤگینی پریكۆژین كە یەكێك لە دەوڵەمەندەكانی روسیا بووە، دامەزرێنەی گروپەكەیە و پێشتر لە روسیا، پێشتر لە مالی، ماداگاسكار، لیبیا و سوریا شەڕیانكردووە.

سەرچاوە: سكای نیوز+ دوچەڤیلە+ شرق الاوسط

#روسیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان