بەستەڵەكی نێوان بەرلین و كیێڤ دەتوێتەوە

10:10 - 2022-05-08
ڕاپۆرت
499 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین، ئەڵمانیا

هەرچەندە ئەڵمانیا لەسەر ئاستی حكومی و رای گشتیدا یەكێكە لە داكۆكیكارانی سەرسەختی گەل و حكومەتی ئۆكرانیا و هاوكاریی مادی و مەعنەوی زۆری پێشكەشكردووە، بەڵام حكومەتی ئۆكرانیا بەوە رازی نییە و داخوازییەكانی لەوە زیاترن ‌و سەرۆك و بەرپرسە باڵاكانی ئەو وڵاتە پشتیوانی و هاوكاری زیاتریان دەوێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی سوپای روسیا، كە بریتین لە هەناردەكردنی چەكی قورس و قەرەبووی زۆری دارایی ‌و هەوڵدان بۆ سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین لە ئاسمانی ئۆكرانیا لەبەردەم فڕۆكە جەنگییەكانی روسیا و زۆر داوای تر. هەروەها رەخنەلەخۆگرتن لە بەرامبەر ئەو دۆستایەتییەیان كە لەگەڵ دەسەڵاتی روسیا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا كە لە سەردەمی رابردوودا و بەر لە جەنگ پێیدا تێپەڕیون.
لە دوای دەستپێكردنی جەنگی روسیا- ئۆكرانیا، فرەنك ڤاڵتەر شتاینمایەر سەرۆكی ئەڵمانیا ئامادەیی دەربڕی بۆ سەردانیكردنی ئۆكرانیا، بەڵام ڤۆلۆدیمێر زیلنسكی سەرۆكی ئەو وڵاتە ئامادە نەبوو پێشوازی لێ بكات، بە پاساوی ئەوەی كە پێش وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی ‌و ئەو كاتەی پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای هەبووە، دۆستی نزیكی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا بووە و هەر ئەودەمە هاتوچۆكانی، ئەوانیان بێزاركردووە و جێی رەخنەبوون، بەڵام ئەوان گوێیان لێنەگرتوون.

زیلنسكی، سەرۆك و راوێژكاری ئەڵمانیای بانگهێشتكرد
لەسەر ئەو دڕندۆنگییەی سەرۆكی ئۆكرانیاش، ئۆلاف شۆڵز راوێژكاری ئەڵمانیا لەپلانی گەشتەكانی خۆی بۆ كیێڤ پەشیمان بۆوە و وێڕای رەخنەكانی میدیا و رای گشتی، بەڵام ئەو هەمیشە دوایخستووە. لە دوای هەوڵ و پەیوەندییەكانی سەرۆك و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، سەرەنجام زیلنسكی سەرۆك و راوێژكار و بەرپرسانی باڵای تری ئەڵمانیای بانگهێشتكردووە بۆ وڵاتەكەی و لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە دۆخی جەنگ و هاووڵاتیان و پێداویستییەكانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سوپای روسیا.
بەپێی بەیاننامەیەكی كۆشكی سەرۆكایەتیی ئەڵمانیای فیدراڵ، لە چەند رۆژی رابردوودا هەردوو سەرۆك پەیوەندیی تەلەفۆنیان هەبووە ‌و لێكتێگەیشتن لە نێوانیاندا دروستبووە. هەردولا سۆزیان بەیەكترداوە كە بەردەوام بن لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكان و گفتوگۆ و سەردانەكان چڕتر بكەنەوە. 
لە بەیاننامەكەی نووسینگەی سەرۆكایەتیی ئەڵمانیادا هاتووە، كە ئێستا ئامادەكاریی بۆ سەردانی سەرۆك و راوێژكار و سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەكرێت بۆ كیێڤی پایتەختی ئۆكرانیا ‌و بەقسەی بەرپرسانی رێكخەری ئەو سەردانانە بێت، سەرەتا وەزیری دەرەوە دەچیتە ئۆكرانیا و پلانەكەیان پێدەگەیەنێت. بەپێی میدیاش بێت، ئەجێندای گفتوگۆكانیان بۆ پشتیوانی و هاوكاریی گەل و حكومەتی ئۆكرانیایە دژ بە روسیا و پڕكردنەوەی پێداویستیی سەربازی و ئابووری و مرۆییەكانە، تا بتوانن بەرگەی ئەو دۆخە سەختە بگرن، كە پێیدا تێدەپەڕن.

سەرچاوە: میدیای ئەڵمانیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان