بازنەی یەکەم لە نێوان دەرچوون و فێرنەبووندا

10:32 - 2023-06-25
ڕاپۆرت
656 جار خوێندراوەتەوە
پۆلێکی خوێندنی بنەڕەتی

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
بازنەی یەکەمی خوێندن هەریەک لە پۆلەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی خوێندنی بنەڕەتی دەگرێتەوە، بەراییەکانی فێربوونی بنەماکانی خوێندنەوە و نووسینی لێوە دەستپێدەکات، ئەم قۆناغە بەگرنگترین و سەرەکیترین قۆناغی فێربوون و فێرکردن دادەنرێت، چونکە بەشێوەیەکی سرووشتی توانست و گەشە جۆربەجۆرەکانی منداڵ لێرەوە ئامادە دەبێت بۆ وەرگرتنێکی دروست و لەبار بۆ فێربوونی خوێندنەوە و نووسین و تێگەیشتن و بنەما مەعریفیەکانی تر، بەو پێیەی هەر فێربوونێک لەم قۆناغەدا فێربوونێکی تەواو و تێر نەبێت کاریگەری لەسەر سەرجەم قۆناغەکانی تری خوێندن دەبێت.
چەند رۆژێک لەمەوبەر وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، نوسینگەی وەزیر، بە بڕیاری ژمارە 287 لە  7/حوزەیران/2023 و دوای هەڵسەنگاندنی کۆتایی وەرزی دووەم بۆ سەرجەم پۆلەکانی بازنەی یەکەم و سەرجەم وانەکان و تاقیکردنەوەی خولی دووەم بۆ ماوەکان لە پۆلەکانی دووەم و سێیەم بۆ وانەکانی کوردی و بیرکاری و وەرگرتننەوەی ئەنجام و دەرنەچوونی ژمارەیەک لە خوێندکاران و نەتوانینی بڕینی ئاستی خوێندنیان بۆ پۆلێکی دواتری خوێندن، سەرجەم ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکانی بۆ خوێندکارانی دەرنەچوو هەڵوەشاندەوە و ئاستی بەرزکردنەوە بۆ ئاستێکی سەرووتر واتا دەرچوون بۆ پۆلی دواتر، ئەمەش لێکەوتەی جۆربەجۆری لە ناوەندەکانی خوێندن و بەتایبەتی لای مامۆستایانی هەردوو بابەتەکانی کوردی و بیرکاری لەو بازنەیەدا لێکەوتەوە، لێرەدا بۆ بەراوردکردنێکی بڕیارەکە و خستنەڕوویەکی واقیعی ئاستی فێربوونی خوێندکاران و توانای دەرچوونیان لەئێستای ناوەندەکانی خوێندن بەشێوەیەکی گشتی و هەلومەرجەکانی توانای فێربوونی خوێندکاران و دروستی بڕیارەکە چەند سەرنجێک دەخەینەڕوو.

بۆچی ئەم بڕیارە درا؟
لەپاش گۆڕانکارییەکانی وەزارەتی پەروەردە و پەیڕەوکردنی سیستمی قوتابخانە بنەڕەتی و خوێندنگە ئامادەییەکان، بە مەبەستی ریفۆرم و گۆڕین لەبواری پەروەردەدا، تاڕادەیەک سەرجەم جومگە و بەشە بنەڕەتییەکانی پەروەردە گۆڕانکارییان بەسەردا هات، بەشێکی بنەڕەتی ئەو گۆڕانکاریانە سیستمی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکانی خوێندکاران بوو، لەو نێوەندەشدا هەڵسەنگاندنی خوێندکارانی بازنەی یەکەم بوو لە پێشتردا بەشێوەی تاقیکردنەوەی زارەکی هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرا و لە سەرجەم وانەکانیشیاندا خوێندکارگەر ئاستی فێربوونی لەئاستی دەرچوون بۆ پۆلی دواتر نەبوایە لە هەمان پۆلی خۆی دەمایەوە گەر بۆ ماوەی چەند ساڵێکیش بوایە تا دەیتوانی ئەو ئاستە ببڕێت، بەڵام دوای گۆڕانکاری لە پەیڕەوی سیستمی قوتابخانە بنەڕەتییەکاندا لەساڵی 2009 و بە واژۆی وەزیری پەروەردەی ئەوکات دڵشاد عەبدولڕەحمان ئەم بەندە گۆڕانکاری بەسەردا هات و لەبری ئەوە، لەسیستمەکەدا بەندی ژمارە 58  خاڵی دووەم ئەوە چەسپا (قوتابی لە پۆلەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی بنەڕەتیدا دەگوازرێنەوە پۆلێکی بەرزتر لە ژێر رۆشنایی ئاستی زانستی و چالاکییان پێویستە مامۆستای بابەت بایەخی تەواوی پی بدات بە جۆرێک راهێنانیان پێ بکات لەسەر پڕۆگرامی دیاریکراو و قوتابییە دواکەوتووەکانیش (ئاست نزمەکان) بگەیەنێتە ئاستی فێربوون) دیارە ئەم بەندە هەر زوو کەوتە بەر رەخنە و سەرنجی مامۆستایان و پەروەردەکاران، چونکە هەر لەب نەڕەتدا بێ دیراسەیەکی ورد و بێ لێوردبوونەوە لە تەواوی قوتابخانەکان ئەم بڕیارە هاتەکایەوە و لە جێبەجێکردندا گەلێ ئاستەنگ و لایەنی نەرێنی لێکەوتەوە، بۆیە دوای پەیڕەوکردنی لەچەند ساڵێکی کەمدا ئەم بەندە هەموار کرایەوە و بە فەرمی لە نامیلکەی ( رێنماییەکانی تایبەت بە ئەزموونەکان ) لەساڵی خوێندنی 2013-2014 لە بەشی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی بنەڕەتی، بەندی یەکەم، خاڵی هەشتەمدا گۆڕا بۆ:
( لە پۆلی یەکەم کەوتن نییە، پێویستە مامۆستای بابەت خوێندکار فێری خوێندنەوە و نووسین بکات بە شێوازێکی پەروەردەیی بەپێی پڕۆگرامی خوێندن، ئاستی لاواز لەو پۆلەدا بە کەوتوو دانانرێت و دەچێتە پۆلی دووەم).
پێویستە لەسەر مامۆستای بابەت لە پۆلەکانی بازنەی یەکەم، ئاستی خوێندکاری لاواز بەرز بکاتەوە، لە پۆلەکانی دووەم و سێیەم، ئاستی لاواز لە خولی دووەمدا لە یەکێک لە بابەتەکانی کوردی و بیرکاری، بە کەوتوو دادەنرێت لەو ساڵەدا).
گەرچی ئەو خاڵە تا ئەمساڵی خوێندنی 2022-2023 پەیڕە و کراو ناچارییەکی تاڕادەیەک گونجاو بوو بۆ ئەوەی خوێندکار بە نافێربوونەوە نەچێتە پۆلێکی تر، بەڵام بەم بڕیارە لەناکاوە و بێ دیراسە و دوای هەڵسەنگاندنی کۆتایی و خولی دووەمیش جارێکی تر هەموو شتێکی هێنایەوە خاڵی گرفتە سەرەکییەکە و لەبری چارەسەری لۆژیکی و دیراسەکراو و گونجاو کێشەکەی قووڵتر کردەوە.

ئەم بڕیارە کتوپڕە بۆ؟
کێ ئەم بڕیارەی دەرکرد و بۆ دەرکرا؟ بە چ دیراسە و لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی، دوای چەند کۆنفرانس و توێژینەوەی زانستی، پاڵپشت بەکام تیۆر و بەگونجاندن لەگەڵ کام واقیعدا ئەم بڕیارانە دەدرێن؟ ئەو هەموو رێنماییە تێکترنجاوانە و یەک بەدوای یەک و زۆرجاریش پێچەوانە و دژ بەیەک لەخزمەتی کام چین و توێژ و ناوەندی پەروەردەییدان؟
ئێمەش دەزانین لە سیستمی پێشکەوتووی پەروەردەی زۆر وڵاتی دونیا پەیڕەوی دەرچوون و بڕینی ئاست لە بازنەی یەکەمدا نەبەستراوەتەوە بە هەڵسەنگاندن و دەرچوونی خوێندکارەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە نابێت قاڵبە شکڵییەکەی ئەم بابەتانە وەربگیرێن، لەکاتێکدا لە ناوەڕۆک و جەوهەریشدا نەمانتوانیبێت کێشە بنەڕەتییەکان و رێگرییە کاریگەرەکانی فێربوونی چالاک و کارا بنەبڕ بکەین، تا ئێستاش هەلومەرجەکانی ستانداردی جیهانی بۆ پۆلێکی گونجاو لە ژمارەی خوێندکاران لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەست نییە، بەتایبەت لە زۆرینەی گەڕەکە نوێیەکاندا ژمارەی خوێندکاران لە پۆلێکدا دوو بەرامبەر و بگرە هەندێ شوێن سێ بەرامبەری ستانداری جیهانییە و لە زیادبوونیشدان، چونکە ژمارەی قوتابخانەکان زیاد ناکەن، ژمارەی زۆری بابەت و وانەکان، کەمی ماوەی مانەوە لە قوتابخانە و ماندوبوون بێزاری خوێندکاران بەدەست کتێبی زۆر و لەبەرکردنی زیاد و فێربوونی کەم و ئاست نزم، ناچالاکی کەشی پۆل و بەردەست نەبوونی بەشیکی زۆر لە کارئاسانییەکانی دەستەبەری هۆیەکانی فێربوون و فێرکردن وەک کارەبا و گەرمی و ساردی و کەشی فیزیکی پۆل، مامۆستای نوێ و وانەبێژ لە زۆربەی قوتابخانەکانی دەرەوەی شار بێ راهێنان و بێ رێنمایی..هتد ئایا لە بارودۆخێکی وەک ئەمەدا دەتوانرێت ئاستی فێربوونی قوتابیان بەشێوەیەکی گشتی تێپەڕێنرێت بۆ ئاستێکی سەرووتر و بێ ئەوەی خوێندکار بنەماکانی فێربوون و خوێندنەوە و نووسین بەلای کەمەوە بە گوێرەی پێویست فێربێت سێ ساڵی بنەڕەتی خوێندنی تێپەڕێت بۆ بازنەی دووەم؟ ئەم بڕیارە جارێکی تر لێشاوی خوێندکاری فێرنەبوو دەخاتە بازنەی دووەم، دەبوو وەزارەت پەلە نەکات و گرفتە بنەڕەتییەکان چارەسەر بکات پێش ئەوەی جارێکی تر بچێتەوە سەر ئەو بڕیارەی بەهۆی نەگونجان و گرفتەکانییەوە هەموارکرایەوە.

چی بکرێت؟
شان بەشانی ئەم بڕیارە وەزارەتی پەروەردە بە سیستمی یەک مامۆستایی لە بازنەی یەکەم، ئەمەش دونیایەک گرفت لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت نەبوونی تایبەتمەندی مامۆستای راهێنراو تایبەت بە قۆناغی منداڵی ناوەند (6-9) ساڵی و نەبوونی پسپۆڕی تایبەت بەو قۆناغە و تێکەڵبوونی پسپۆڕییەکان، لەگەڵ ئەم بڕیارەشدا بارێکی گران دەهێنێتە کایەوە بۆ چارەسەر دەبێت وەزارەتی پەروەردە زۆر بەخێرایی یەکلاییان بکاتەوە، بەداخەوە هەمیشە دوای بڕیارەکان و دەرچوونیان بیر لە چارەسەریان دەکرێتەوە، چەند هەنگاوێک لەبەر بگیرێت لەوانە:
* چاودێرییەکی وردی پڕۆسەی فێربوون لە بازنەی یەکەمدا، سەردان و رێنمایی بەردەوام و دانەبڕاو بە مامۆستایانی ئەو بازنەیە لەلایەن سەرپەرشتیارانی پسپۆڕ و تایبەتەوە.
* راهێنانی تەواو بە مامۆستایانی زمانی کوردی و بیرکاری بەشێوەیەکی ماوە درێژ و بەشێک لە راهێنانەکە تایبەت بێت بە بابەتەکانی دەرونناسی و تێگەیشتن لە قۆناغەکانی تایبەت بە منداڵی ناوەند و گەشە جۆربەجۆرەکانی منداڵ لەو قۆناغەدا.
* هەوڵدان بۆ نزیک کردنەوەی ژمارەی خوێندکاران لە پۆلەکانی بازنەی یەکەمدا لە ستاندارد و دەستەبەرکردنی هۆیەکانی فێربوون و کەشی گونجاوی فێربوون.
* هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ئەنجومەنی دایکان و باوکان بە مەبەستی تێگەیشتن و فێربوونی دروست.
* ئامادەکردنی ژووری یاریدەدەر بۆ زیاتر فێربوونی ئەو خوێندکارانەی ئاستیان لاوازە یان کەمتوانای فێربوونن بۆ باشترکردن و بەرزکردنەوەی ئاستیان بەڕێگاو شێوازی جیاواز.

# پەروەردە

بابەتە پەیوەندیدارەکان