پرسی یه‌كڕیزیی كورد له ‌دوای ململانێی بانگه‌شه ‌و راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن – knwe.org
سەرەکی » راپۆرت » پرسی یه‌كڕیزیی كورد له ‌دوای ململانێی بانگه‌شه ‌و راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن

پرسی یه‌كڕیزیی كورد له ‌دوای ململانێی بانگه‌شه ‌و راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن

راپۆرتی : رێز له‌تیف

دوای نزیكه‌ی دوو مانگ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی رۆژی 12/5/2018‌و نزیكه‌ی سێ مانگ له‌ ململانێی به‌رده‌وامی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ دۆخی بانگه‌شه‌وه‌ بۆ دۆخی چاوه‌ڕوانیی ئه‌نجامه‌كان‌و ئه‌و مشتومڕه‌ زۆره‌ی له‌سه‌ر ده‌رچوونی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان هاتنه‌ ئاراوه‌، ئێستا خه‌ریكه‌ كۆی دیمه‌نی سیاسیی عیراق یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی تێبینیش ده‌كرێت ئه‌گه‌ر له‌ ناوی حزب ‌و قه‌واره‌ سیاسییه‌كانیشدا گۆڕانكاریی روویدابێت، به‌ڵام پێناچێت له‌ڕووی ئیتنیكی ‌و پێكهاته‌كانه‌وه‌ گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆ روویدابێت، ‌و وه‌ك ده‌بینرێت زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان بۆ پێكهاته‌ی شیعه‌ بووه‌ سه‌رباری زۆریی قه‌واره‌و هاوپه‌یمانێتییه‌كان ‌و جیاوازیی ئاراسته‌كان، به‌ڵام دیمه‌نه‌كه‌ پێمان ده‌ڵێت كه‌ دووباره‌ ده‌بێت پێكهاته‌كان «كورد، سوننه‌، شیعه‌» بۆ پاراستنی باڵانسی هێز یه‌كگرتوویی ‌و یه‌كڕیزیی خۆیان بپارێزن.
ئه‌وه‌ی كه‌ له‌م راپۆرته‌دا ده‌مانه‌وێت ئاماژه‌ی پێ بكه‌ین، چۆنێتی دروستكردنه‌وه‌ی یه‌كڕیزیی هێزه‌ كوردستانییه‌كان ‌و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه‌یه‌ كه‌ له‌ سێ مانگی رابردوودا باڵی به‌سه‌ر كایه‌ی سیاسیی كوردستانیدا كێشاوه‌.
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاردا كه‌ ئاخۆ چۆن هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌چنه‌ به‌غدا، یان ئه‌و هه‌نگاوانه‌ چین كه‌ پێویسته‌ بگیرێنه‌ به‌ر بۆ پێكهێنانی یه‌كڕیزیی به‌ره‌و به‌غداو دواتریش و یاخود ئامانج له‌ چوونه‌ به‌غدا ده‌بێت چی بێت؟ شرۆڤه‌كاران ‌و چاودێرانی سیاسی كوردستان دیدو تێڕوانینی خۆیان له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو.

سه‌ره‌تا یه‌كڕیزیی له‌ناو هه‌رێمدا
سه‌ره‌تا له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس رایگه‌یاند: سێ هه‌نگاوی سه‌ره‌كی بۆ ئه‌م پرسه‌ گرنگه‌ كه‌ سه‌ره‌كییترینیان هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌ڕیه‌كی سپییه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌كانداو تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه‌ی چه‌ند مانگی رابردووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌گشتی به‌دۆخێكی ئاڵۆز‌و بارگاوی بووه‌ به‌ په‌تای بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن. پاشان پێویسته‌ گیانی لێبورده‌یی له‌لای هه‌موو لایه‌نه‌كان بره‌وی پێبدرێت و دادپه‌روه‌ریی ببێته‌ بنه‌مای په‌یوه‌ندیی نێوان لایه‌نه‌كان. دواخاڵیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌ش دابنرێت تایبه‌ت به‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌كان بۆ چۆنێتی ده‌ستپێكردنی دانوستاندن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی به‌غدا.
وتیشی: «ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له‌ به‌غدا یه‌كڕیزبین، پێویسته‌ سه‌ره‌تا له‌ناوخۆوه‌ ده‌ستپێبكه‌ین و پێویستیشه‌ كورد هه‌ر پۆستێك وه‌رده‌گرێت وه‌كو كورد وه‌ریبگرێت نه‌ك وه‌كو حزب و پاكێجێكی نه‌ته‌وه‌ییش ئاماده‌بكرێت». روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر پۆست بۆ خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان نه‌بێت, نه‌بوونی باشتره‌‌و ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه‌ هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ پێویسته‌ داوا سه‌ره‌كییه‌كانی كورد له‌وه‌دا چڕ بكرێنه‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بكرێته‌ ئه‌وله‌وییه‌ت، هه‌روه‌ها پرسی نه‌وت و غاز، پاشان پرسی پێشمه‌رگه‌و پرسی بودجه‌.
ده‌شڵێت: ده‌بێت پێداگریی بكرێت له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌‌و ناكرێت لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ به‌غدا داوای یه‌كڕیزیی بكه‌ن و له‌ناوخۆشدا یه‌كتریی تۆمه‌تبار بكه‌ن و جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌ن ئه‌وا سیاسه‌تی «په‌رتكه‌ و زاڵبه‌» به‌سه‌ر كورددا جێبه‌جێ ده‌بێت.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ نووسه‌ر د. هیوا عه‌زیز مامۆستای زانكۆ پێیوابوو كه‌ سه‌ره‌تا هه‌ر لایه‌نێك به‌ ستراتیژو به‌رنامه‌ی خۆی به‌شداربێت له‌سیاسه‌تی نوێی عیراق و پاشان لایه‌نه‌كان له‌كۆی ئه‌و به‌رنامانه‌، به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی و نیشتمانی پێكبهێنن كه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ ناوه‌ندێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان.
پێشیوابوو ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ پێویسته‌ به‌شێوازێكی وابێت كه‌ ته‌بایی له‌ نێوان لایه‌نه‌كاندا پێكبهێنێت و بواری ته‌خوین و تۆمه‌تباركردنی یه‌كتریی بۆ لایه‌نه‌كات نه‌هێڵێته‌وه‌.
وتیشی: «جۆره‌ به‌رنامه‌یه‌ك دابڕێژرێت كه‌ سه‌نگ و به‌های كورد به‌رزرابگرێت و ده‌ستكه‌وته‌كان زیاتر بكات, چونكه‌ بێ به‌رنامه‌یی و په‌رته‌وازه‌یی ده‌بێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌نگ و به‌هاو هاوكات كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتی سیاسیش. روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ئاگاییه‌وه‌ نوێنه‌ره‌كانمان بنێرینه‌ به‌غدا.

نه‌گواستنه‌وه‌ی ناته‌باییه‌كان بۆ به‌غدا
د. هیوا ده‌ڵێت: «دروستكردنی ناوه‌ندی راوێژكاریی و پسپۆڕ بۆ كاری په‌رله‌مانی و لیژنه‌كان، یه‌كێكه‌ له‌ هه‌نگاوه‌ پێویسته‌كان تا په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان له‌ لیژنه‌كاندا له‌كاتی هه‌مواری یاساكان و رێنماییه‌كاندا به‌رچاوڕوونی ته‌واویان هه‌بێت ‌و فێڵیان لێ نه‌كرێت و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كه‌لێن ‌و كه‌موكوڕیی دروست نه‌بێت چ له‌ڕووی پسپۆڕیی ‌و چ له‌ڕووی زمانه‌وانیشه‌وه‌‌و به‌سه‌ریاندا تێنه‌په‌ڕێت».
ئه‌و پێیوابوو كه‌ پۆسته‌كانی به‌غدا كاتێك سوودی ده‌بێت كه‌ سه‌نگی سیاسی و به‌رنامه‌ی ستراتیژیی كوردستانییانه‌ی له‌گه‌ڵدابێت، ئه‌گه‌رنا ناتوانرێت مافه‌كانی ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم بپارێزرێت ‌و ده‌ستكه‌وتی زیاتری بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێت، نموونه‌شی به‌ خولی رابردوو هێنایه‌وه‌ كه‌ به‌ بۆچوونی ناوبراو «سه‌ره‌ڕای زۆریی پۆسته‌كانی كورد نه‌توانرا داكۆكیی ئه‌وتۆ له‌ هه‌رێم بكرێت‌و هۆی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی ئه‌وه‌شی بۆ گواستنه‌وه‌ی ناته‌باییه‌كانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ ئه‌و ململانێیانه‌ له‌به‌غداش ره‌نگیدایه‌وه‌».

دڵنیایی بدرێته‌وه‌ هاووڵاتییان
هه‌ر له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ د. شوان وسمان پێیوابوو: تا ده‌نگه‌كانی سندوقه‌ سكاڵا له‌سه‌ره‌كان یه‌كلایی نه‌بنه‌وه‌، پێناچێت جگه‌ له‌ یه‌كێتی ‌و پارتی، هیچ لایه‌نێك هه‌نگاو بۆ یه‌كڕیزیی بنێن, چونكه‌ هێشتا ئه‌و شه‌ش لایه‌نه‌ش كه‌ له‌ ئه‌نجامه‌كان ناڕازین هێشتا له‌ناو خۆیاندا كاریان بۆ پێكهێنانی جۆرێك له‌ یه‌كڕیزیی نه‌كردووه‌، بۆیه‌ به‌بڕوای ئه‌و ده‌بێت یه‌كێتی و پارتی ده‌ستپێشخه‌ریی بكه‌ن بۆ پێكهێنانی جۆرێك له‌ یه‌ك گوتاریی، جا ئه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌ك یاخود فراكسیۆنێكدا بێت ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌شێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌ حزبییه‌كانیشیان بێت چونكه‌ پرسی نه‌ته‌وه‌یی له‌پێشتره‌.
سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریی كاراش له‌ حكومه‌تی نوێی عیراقدا بۆچوونی وابوو كه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌شداربن و به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتریی لێبوورده‌بن. د. شوان وتیشی: «پێویسته‌ وه‌رگرتنی پۆست بۆ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان دوای یه‌كڕیزیی له‌پاڵ لایه‌نه‌كانی تری عیرقدا له‌سه‌ر بنه‌مای زۆرینه‌و كه‌مینه‌و رێژه‌ نه‌بێت, به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای ریككه‌وتنی سیاسی نێوان كورد و لایه‌نه‌كانی تری عیراق بێت. هه‌روه‌ك پێی وابوو كه‌ ده‌بێت كه‌سانی شیاو بۆ به‌شدارییكردن له‌ پۆسته‌ حكومییه‌ فیدرالییه‌كاندا ده‌ستنیشان بكرێن جا ئه‌و كه‌سانه‌ سه‌ربه‌ هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی كوردستانی بن, بۆئه‌وه‌ی دڵنیایی ئه‌وه‌ به‌خه‌ڵك بده‌ن له‌خوله‌كانی پێشووتر باشتر كار بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر بێتو كورد كارته‌كانی خۆی به‌باشی به‌كاربێنێت ئه‌كرێت وه‌كو سه‌رده‌می مام جه‌لالی لێبێته‌وه‌ و لایه‌نه‌ عێڕاقێكان ڕوبكه‌نه‌ كورد, نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه‌, وه‌ ئه‌مه‌ش به‌یه‌كڕیزی ده‌كرێت. له‌ كوتایشدا سه‌ره‌ڕای خراپی بارودۆخی ناوخۆی هه‌رێم, هێشتا باری كورد له‌ باری شیعه‌ یا سوونه‌ یا هه‌ر لایه‌نێكیتری عێڕاق باشتره‌, بۆیه‌ ئه‌كرێت لایه‌نه‌ كوردێكان ئه‌م بارودۆخه‌ وه‌كو هه‌لێك بقۆزنه‌وه‌ تا له‌ڕێی یه‌كڕیزیانه‌وه‌ مافه‌كانی هه‌رێم به‌ده‌ستبێنن.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ پرسیاره‌كانی كوردستانی نوێ، محه‌مه‌د مێرگه‌سۆری ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا: ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای عیراق ده‌شێت وه‌كو ده‌رفه‌تێك سه‌یر بكرێت بۆ یه‌كڕیزیی و ته‌بایی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و به‌پێویستیشی زانی لایه‌نه‌كان سازش بۆ یه‌كتریی بكه‌ن و ئه‌جێندایه‌كی هاوبه‌شیان هه‌بێت و هه‌وڵبده‌ن له‌ رێگه‌ی ده‌ستووره‌وه‌ چاره‌سه‌ری گیرو گرفته‌كان بكه‌ن.

با وه‌ك سه‌رۆك مام جه‌لال كاربكه‌ن
مێرگه‌سۆری وتیشی: ئه‌گه‌ر تا ئێستا هه‌ندێك كه‌س ‌و لایه‌ن بۆ پۆست و ئیمتیازاتی شه‌خسی و ده‌ستكه‌وتی حزبی چووبێتنه‌ به‌غدا، بۆیه‌ پێده‌چێت وه‌ك پێویست نه‌مانتوانی بێت كاری باشتر بكه‌ین. بۆیه‌ پێویسته‌ له‌جیاتی ئه‌جێندای حزبی، بۆ له‌مه‌ودوا ئه‌جێندای نیشتمانی زاڵ بكربێت. بۆ ئه‌وه‌ش نموونه‌ی به‌شێوازی كاركردنی سه‌رۆك مام جه‌لال هێنایه‌وه‌و وتی: « پێویسته‌ هه‌ر تاك و لایه‌نێك كه‌ ده‌چێته‌ به‌غدا وه‌كو سه‌رۆك مام جه‌لال كاربكات ‌و ئه‌جێندای نیشتمانی ‌و نه‌ته‌وه‌یی بخاته‌ سه‌رووی ئه‌جێندای حزبییه‌وه‌و ته‌نانه‌ت متمانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی لای لایه‌نه‌ غه‌یره‌ كورده‌كانیش دروستكردبوو.
مێرگه‌سۆری هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: كاتێك كه‌سێك بۆ وه‌رگرتنی پۆستێكی وه‌زاره‌ت داده‌نرێت، ده‌بێت پێش حزبه‌كه‌ی بیر له‌ پسپۆرییه‌كه‌ی ‌و لایه‌نی زمان ‌و شاره‌زایی له‌ ئیداره‌دا بكرێته‌وه‌، ئینجا دابنرێت. چونكه‌ ته‌نها وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌ گرنگ نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌و پۆسته‌ بۆ به‌رگریی بێت له‌ ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورییه‌كانی كوردستان ‌و هه‌وڵیش بدرێت هه‌میشه‌ گوێ له‌ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆن و ناڕازییه‌كان بگیرێت ‌و ره‌خنه‌كانیان به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێت تا به‌هه‌مووان بتوانن پارێزگاریی له‌ ماف ‌و پێگه‌و سه‌نگی كورد بكه‌ن.

دوا سه‌رنج
ئه‌م بیروبۆچوونانه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پرۆسه‌ی ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌كان ده‌ستیپێكردووه‌و به‌ره‌به‌ره‌ خه‌ریكه‌ سیمای تابلۆی سیاسیی نوێی عیراق روونده‌بێته‌وه‌‌و به‌شێك له‌ وڵاتانی زلهێزی جیهانی ‌و ئیقلیمیش سه‌رقاڵی ئاماده‌كاریی ‌و مشتومڕن له‌سه‌ر تابلۆ نوێیه‌كه‌ بۆ پارێزگاریی له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌عیراقدا، ئه‌وه‌ی هێشتا روون نییه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاخۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان ئه‌م دۆخه‌ هه‌ڵواسراوه‌ی دوای هه‌ڵبژاردن تێده‌په‌ڕێنن ‌و كارێك ده‌كه‌ن كه‌ به‌په‌له‌ فریای داڕشتنه‌وه‌ی سیاسه‌تی عیراقی دوای هه‌ڵبژاردن بكه‌ون، یان ته‌نها به‌دره‌نگێكه‌وه‌ ده‌چینه‌ سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی ئاماده‌كراو كه‌ خۆیان هیچ نه‌خش‌و ده‌ستێكیان له‌ داڕشتنیدا نه‌بووه‌؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەرۆکی لیستی 105 لە پەیامێکیدا سەبارەت بە گرتە ڤیدیۆییەکە

*ئه‌مه‌ش واتای راسته‌قینه‌ی ئارامی و دابینكردنی ئاسایشه‌ كه‌ له‌هه‌موو كه‌یسه‌كاندا ...