سەرەکی » مانشێت » پێكهێنانی حكومەتی نوێ لایەنەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆدەكاتەوە

پێكهێنانی حكومەتی نوێ لایەنەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆدەكاتەوە

لە بەغدا و هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق بەردەوامن و بڕیارە ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای هاوپەیمانیی چاكسازیی و بنیاتنان سەردانی سلێمانی بكات و لەگەڵ وەفدێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كۆببێتەوە. دوێنێش لە بەغدا وەفدێكی یەكێتی لەگەڵ د.عادل عەبدولمەهدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، كۆبۆوە.
بەپێی زانیارییەكانی كوردستانی نوێ بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە وەفدێكی باڵای هاوپەیمانیی چاكسازیی و بنیاتنان بە سەرۆكایەتیی عەممار حەكیم سەردانی سلێمانی بكات و نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لەگەڵ وەفدێكی باڵای یەكێتی بە سەرۆكایەتیی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆببێتەوە. هەر بەپێی زانیارییەكان لە كۆبوونەوەی نێوان هەردوولادا گفتوگۆ لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق دەكرێت.
دوێنێش وەفدی هاوپەیمانیی چاكسازیی و بنیاتنان لە هەولێر زنجیرەیەك كۆبوونەوەی كرد.

״بەشداریی كارای كورد لە حكومەتی داهاتوودا״
هەردوێنێ لە سلێمانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازییكرد لە یان كۆبیچ نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان.
لە دیدارێكدا گفتوگۆكرا لەبارەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەگەرەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی هەرێمی كوردستان، هەردوولا جەختیان لە رۆڵ و پێگەی یەكێتی كردەوە و هیوایان خواست «یەكێتی رۆڵێكی گەورە بگێڕێ لە حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا». پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و بەشداریی سەرجەم لایەنەكان لە حكومەتەكەدا، تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو، بۆ ئەم مەبەستە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەشداریی كارای كورد لە حكومەتی داهاتوودا، بە جۆرێك كە بتوانێ كۆتایی بە كێشەكانی رابردووی نێوان هەرێم و بەغدا بهێنێ و مافە دەستوورییەكانی سەرجەم پێكهاتە و نەتەوە جیاوازەكان پارێزراو بێ.

״قۆناغێكی نوێیە״
لەلایەكی دیكەوە، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار لەمیانی پێشكەشكردنی وتارێك لە رێوڕ‌ەسمی یادی دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عیراقدا، رایگەیاند: ئێستا لەبەردەم حكومەتێكی نوێ و قۆناغێكی نوێداین، داوا لە هێزە سیاسییەكان دەكەم هاریكاریی د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بكەن تا كۆتایی بهێنێت بە ئەركەكانی لە پێكهێنانی حكومەتێك كە بەرژەوەندییەكانی گەلی عیراق رەچاو بكات، حكومەتێك خزمەتكاری ئەم وڵاتە بێت.

״بەدیهێنانی مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان״
هەروەها حاكم قادر حەمەجان كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك لەمیانی پێشوازییكردن لە جوان لۆندێز باڵیۆزی ئوسترالیا لە عیراق، رایگەیاند: یەكێتی لەسەرەتاوە لەگەڵ وەفد و پڕۆژەی هاوبەشی كوردستانیدا بووە بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ‌و بەدیهێنانی مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان، لەم پێناوەشدا هەنگاوی كردەییمان ناوە، وتیشی: ئومێدمان بە سێ‌ سەرۆكایەتییە نوێیەكەی عیراق هەیە ‌و هیوادارین بە تەبایی پێكهاتەكان ‌و جێبەجێكردنی دەستوور، قۆناغێكی نوێی سیاسی ‌و حوكمڕانی لە عیراق دەستپێبكات.

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی وەفدی یەكێتی و د.عادل عەبدولمەهدی
دوێنێش لە بەغدا وەفدێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و د.عادل عەبدولمەهدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق كۆبوونەوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێكهێنانی حكومەتێك كە رەنگدانەوەی داخوازیی و پێداویستیی خەڵك بێت و پارێزگاریی لە مافە دەستوورییەكان بكات.
وەفدەكەی یەكێتی پێكهاتبوو لە ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی و خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتی و بافڵ تاڵەبانی.
لە دیدارێكدا گفتوگۆكرا لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، وەفدی یەكێتی بیروبۆچوون و داواكاریی یەكێتی-یان خستەڕوو، رایانگەیاند «وەك یەكێتی لەگەڵ حكومەتێكی نیشتمانین، بە بەشداریی هەموو لایەك، ئیستحقاقی هەڵبژاردن و بنەماكانی دەستووریش بكرێتە بنەمای ئەو حكومەتە و مافەكانی گەلی كوردی تێدا بەرجەستەبكرێت».

״پەلە لە پێكهێنانی حكومەت بكرێت״
پەیوەست بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح رایگەیاند: هەردوو هاوپەیمانیی فەتح و سائیرون سەربەخۆیی تەواویان بەخشیوەتە د.عادل عەبدولمەهدی بۆ دیاریكردنی وەزیرەكانی حكومەتەكەی.
سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح لە لێدوانێكدا كە ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردۆتەوە، دەشڵێت: پێویستە لەسەر د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت، پەلە بكات لە پێكهێنانی حكومەت، ئاماژەی بەوەشداوە «پشتیوانیی لە د.عادل عەبدولمەهدی دەكەین و هیوادارین هەموو سەركردە و لایەنە سیاسییەكانیش پشتیوانیی بكەن».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

one + 19 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

پارتی دیموكراتی هۆڵەندا لە مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی بوو

لەدرێژەی سەردانەكەیان بۆ سلێمانی، وەفدێكی پارتی دیموكراتی سۆشیال لیبراڵی هۆڵەندی ...