سەرەکی » مانشێت » قۆناغێكی نوێی حوكمڕانی ‌و پڕۆسەی سیاسی

یەكێتی و هاوپەیمانیی چاكسازیی ‌و بنیاتنانەوە:

قۆناغێكی نوێی حوكمڕانی ‌و پڕۆسەی سیاسی

دوێنێ لە سلێمانی وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی ی.ن.ك و وەفدی هاوپەیمانیی چاكسازیی ‌و بنیاتنانەوە بە سەرۆكایەتیی سەید عەممار حەكیم كۆبوونەوە و هەردوولا تەئكیدیان لە»چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشەكان» كردەوە.

״چارەسەركردنی كێشەكان بەپێی دەستوور״
لە راگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە: دوێنێ 15/10/2018، لە شاری سلێمانی لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، وەفدی هاوپەیمانیی چاكسازیی ‌و بنیاتنانەوە بە سەرۆكایەتیی سەید عەممار حەكیم و وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی كۆسرەت رەسوڵ عەلی كۆبوونەوە. «لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆی ورد و بەرپرسیارانە كرا لەبارەی دۆخی عیراق ‌و پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق ‌و بەشداریی سەرجەم پێكهاتەكان ‌و چارەسەركردنی كێشەكان بەپێی دەستووری هەمیشەیی عیراق».
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژەبەوەشدراوە «هەردوولا كۆكبوون لەسەر ئامادەكردنی كارنامەی هەمەلایەنەی حكومەتی نوێ بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشەكان ‌و دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی حوكمڕانی ‌و پڕۆسەی سیاسی، كە تێیدا عیراق بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە بەهێز بێت».

دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ‌
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە «كێشە كەڵەكەبووەكانی نێوان هەرێم ‌و ناوەند گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، بەتایبەتی پرسی كەركوك ‌و ناوچە جێناكۆكەكان ‌و جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور و چارەسەركردنی كێشەی نەوت ‌و گاز و بودجە ‌و پێشمەرگە بەپێی دەستووری هەمیشەیی عیراق». لە كۆبوونەوەكەدا، رۆڵی مێژوویی سەرۆك مام جەلال لە پێكەوەژیان ‌و چارەسەركردنی ئاشتیانەی كێشەكان باسی لێوەكرا و بەرزنرخێندرا، هەردوولاش جەختیانكردەوە لە پشتیوانیكردنی سەرۆك كۆماری نوێی عیراق ‌و سەرۆكی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ ‌و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ تێپەڕاندنی قەیران ‌و كێشەكان ‌و دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ‌ لە عیراق».

عەممار حەكیم: سەرۆك مام جەلال سەمامی ئەمانی هەموو لایەكمان بووە
هەردوێنێ وەفدی هاوپەیمانیی چاكسازیی ‌و بنیاتنانەوە بە سەرۆكایەتیی سەید عەممار حەكیم لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كۆبوونەوە.
لە دیدارێكدا باس لە دواهەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و چۆنێتیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرا و سەید عەممار حەكیم رایگەیاند: سەرۆك مام جەلال سەمامی ئەمانی هەموو لایەكمان بووە.
بافڵ تاڵەبانی-ش رایگەیاند: داوامان لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كردووە وەك یەك تیم لە بەغدا كار بكەین و بە پڕۆژەیەكی هاوبەشەوە شەڕی بەدەستهێنانی مافەكانمان بكەین.
هەمان رۆژ وەفدەكەی هاوپەیمانیی چاكسازیی ‌و بنیاتنانەوە سەردانی مەزاری سەرۆك مام جەلال-یان كرد.
شایانی باسە، پێشتریش لە هەولێر وەفدی هاوپەیمانیی چاكسازیی و بنیاتنانەوە لەگەڵ لێپرسراوانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا كۆبوونەوە.

كۆبوونەوەكانی وەفدی یەكێتی لە بەغدا
لەلایەكی دیكەوە، لە دوو رۆژی رابردوودا وەفدێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدا بەجیا لەگەڵ (د.عادل عەبدولمەهدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، نوری مالكی، وەفدێكی باڵای رەوتی سەدر)دا كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكاندا گفتوگۆ لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق كرا و تەئكیدیش لە چارەسەركردنی كێشەكان بەپێی دەستوور كرایەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

14 + 2 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

پارتی دیموكراتی هۆڵەندا لە مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی بوو

لەدرێژەی سەردانەكەیان بۆ سلێمانی، وەفدێكی پارتی دیموكراتی سۆشیال لیبراڵی هۆڵەندی ...