خاک و خەڵک و نیشتمان

10:17 - 2022-08-07
هەستیار مارف ئاغا
2128 خوێندراوەتەوە

خاک و خەڵک و نیشتمان تەواوکەری یەکن و پێویستن بۆ دەستنیشانکرنی کەسایەتی مرۆڤەکان و مێژووی نەتەوە و زمان و فەرهەنگ و ناسنامە، بەهەمان شێوە گەورەترین بەرپرسیارێتی مرۆڤن کە بیانپارێزێت.
کورد لە دێر زەمانەوە ناڵاندوویەتی بە دەست ستەمی داگیرکەرانەوە و خاکەکەی دابەشکراوە.
زیاتر لە سەدەیەک دەبێت خەبات دەکات بۆ رزگاری و ئازادی، دژی داگیرکەران دەوەستێتەوە و کۆڵ نادات لە بەدەستهێنانی داوا رەواکانی.
ئەگەرچی ئێستا تاڕادەیەک خاک و نیشتمانمان ئازادە و لە دەستی خۆماندایە، بەڵام گەرانتییەک نییە بۆ پاراستنی و بردنی بەرەو سەقامگیری زیاتر، بۆیە زۆر گرنگە سەرکردەکانمان بە پلان و بەرنامەی ورد دەست بەرن بۆ بابەتە هەستیار و چارەنووس سازەکان، نابادا دوژمنانمان دۆخەکە بقۆزنەوە و ئەم قەوارەیەش کە هەیە لە دەستی بدەین.
سەرەڕای بوونی مەترسییەکان، هاووڵاتی ئەم نیشتمانە کە لە دێرزەمانەوە بێ بەرامبەر قوربانییانداوە، جێگەی داخە ئەمڕۆ زویر و بێزار بن لە حکومڕانی خۆمان.

 

سەرەڕای زۆریی مەترسییەکان، هاووڵاتی ئەم نیشتمانە کە لە دێرزەمانەوە بێ بەرامبەر قوربانییانداوە، جێگەی داخە ئەمڕۆ زویر و بێزار بن لە حکومڕانی خۆمان

 

 رۆژانە لە لایەن هاووڵاتیانەوە سەدان  گازندە دەبیستین، لە نەبوونی خزمەتگوزاری و نادادی و تەنگ و چەڵەمەی ژیان و گەندەڵی ئیداری و نەدان یان دواکەوتنی مووچە.
بۆیە هەر لە ناڕەزایەتی خەڵکەوە تێدەگەین کە خاک و نیشتمان لە مەترسیدان و باشترین بەڵگەش خۆشحاڵیی خەڵک بوو بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عیراق کە وتی فرۆشتنی غاز و نەوتی هەرێم نا یاساییە و بڕیاری قەدەغەکردنی دەرکرد.
بۆچی خاک و نیشتمان لە مەترسیدا دەبن ئەگەر خەڵک ناڕازیبێت لە حکومڕانی؟ وەڵامەکەی زۆر سادەیە، چونکە ئاماژەکان دەڵێن ئەگەر خزمەتگوزاری نەبێت و چارەسەرنەبێت، ئەگەر گلەیی و گازندەکان زۆربن و بە فیعلی گوێیان لێنەگیرێت، ئەوا متمانە نامێنێت بە دەستەڵات، ئەگەر متمانە نەما ئینتیما نامێنێت لە لای هاووڵاتی، ئەگەر ئینتیما نەما ئەوا وڵات لاوازدەبێت، ئەگەر وڵات لاوازبوو ئەوا توانای بەرەنگاری نامێنێت و زۆر بەئاسانی دەبین بە نیشانە بۆ تۆپ و درۆن و هێرشی دوژمنانمان.
بۆیە دەتوانین بڵێین خاک و نیشتمان تەواوکەرن لەگەڵ خەڵکدا و ئەگەر خۆمان بە دڵسۆزی خاک و نیشتمان بزانین دەبێت خەڵکەکەشمان خۆشبوێت.

وتارەکانی نوسەر