لەناو رووداوەکاندا

رۆژنامەنووس و دنیای سیاسیی كورد

10:05 - 2022-08-08
ئازاد ئیبراهیم
159 خوێندراوەتەوە

لە رووكەشدا دنیای راگەیاندنی كوردی دنیایەكی تەواو سیاسییە و رۆژنامەنووسی كورد زیاتر پێیخۆشە لەو بوارەدا دەربكەوێت نەك بوارێكی دیكە، بۆیە ئێستا وا دەبینرێت كە بەراورد بە كایەی سیاسی، كایەكانی دیكەی كۆمەڵگەی كوردی كەمترین رۆژنامەنووس و نووسەری تێدا دەردەكەوێت، وەك ئەوەی بواری ئەدەب و هونەر و وەرزش و كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و .... هتد گرنگ نەبن.
سەرەڕای ئەوەی ئەم دنیا سیاسییە كوردییە زۆرترین قسەی لەسەر دەكرێت و بە دنیایەكی ناتەندروست و پڕ پێكدادان ناودەبرێت، بەڵام هێشتا بە تەواوی رەت ناكرێتەوە و زۆرترین رۆژنامەنووس لەم پانتاییەدا كار دەكەن و وەك شرۆڤەكار و شیكەرەوەی سیاسی  دەبینرێن، ئەمەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە:
یەكەم: رۆژنامەنووسی كورد حەزی ئەوەی هەیە كە لەم رێگەیەوە زۆرترین دەركەوتنی هەبێت و زوو بگاتە شاشە و ناوبانگ و خۆدەرخستن، ئەم حەزەش ئەگەرچی مافی هەموو كەسێكە، بەڵام دەركەوتن بە حەز جیایە لە دەركەوتن لە رێگەی زانیاری و شارەزاییەوە.
دووەم: باشترین كایەیەك بۆ نزیكبوونەوەی لێكدی رۆژنامەنووس و دەسەڵات، كایەی سیاسییە و بوارەكانی وەك كشتوكاڵ و هونەر و وەرزش و گوند، دەرفەت و رێگایەكی ئەوتۆ ناخاتە بەردەم رۆژنامەنووسان كە ئەم دوو بەرەیە لێكتر نزیك بكاتەوە و بە یەكتریان بناسێنێت.
سێیەم: لە رووی مادیشەوە كایەی سیاسی بە بەراورد بە كایەكانی دیكەی كاری راگەیاندن، زیاتر ئەگەری بەدەستهێنانی مادی تێدایە، ئەمەش وایكردووە هەندێكجار «حەزی مادی» و «حەزی میدیایی» تێكەڵ بكرێت و ئەو رۆژنامەنووسانەشی كە بۆ كاری سیاسی باش و شیاون بشاردرێنەوە و ون ببن.
چوارەم: هەڵكەوتەی سیاسی كوردستان و ئەو كەشوهەوا سیاسییەی كە كورد تێیكەوتووە، بارودۆخێكی وەهای خوڵقاندووە كە بە گشتی مرۆڤی كورد لەگەڵ هەستكردنی بەو رووداوانەی لە دەوروپشتی روودەدەن، ئاشنای دۆخی سیاسی كورد ببێت و پێیوابێت دەتوانێت قسەی لەسەر بكات.
پێنجەم: یەكێكی دیكە لەو هۆكارانەی كە شپرزەییەكی دیاری بە كاری رۆژنامەنووسی و دنیای سیاسی كورد بەخشیووە، نەبوونی رۆژنامەنووسی تایبەتمەندە لە بوارە جیاوازەكاندا. نەبوونی تایبەتمەندی لەلای رۆژنامەنووسان دەرفەتی بە هەموو رۆژنامەنووسێك داوە لە سنووری پسپۆڕی خۆیەوە بچێتە سنووری هەموو پرسە جیاوازەكانەوە و قسەیان لەسەر بكات. 
بە رەهایی قسە لەسەر رۆژنامەنووسی كورد ناكەم، بەڵام بەشێك لە رۆژنامەنووسانی كورد پێیانوایە كاركردن لە بواری ئاژەڵ و منداڵ و رووەك و زمان و هەندێك بابەتی دیكەدا، هەمان ئەو بەهایەی نییە كە رۆژنامەنووسێكی سیاسی لە رووی رۆحی و مادییەوە هەیەتی، ئەمەش نەك زیانی بۆ كاری رۆژنامەنووسی و پیشەیی بوون هەبووە، تەنانەت دنیای سیاسی كوردیی شپرزە كردووە و دەرەنجامەكەشی ئەوەیە كە ئێستا ئەوەندەی كایەی سیاسی كوردیی تاك و كۆمەڵگەی كوردی بێتاقەت و ماندوو كردووە، كایەكانی دیكە هێندە لێكەوتەی خراپ و ماندووكەری بۆ سەر كۆمەڵگە نییە، هاوكات ئەوەندەشی قسە لەسەر رۆژنامەنووسی سیاسی سەر شاشەكان دەكرێت، ئەوەندە قسە لەسەر رۆژنامەنووسی وەرزشی و هونەری ناكرێت.

وتارەکانی نوسەر