كاریگەرییەكانی جەنگی ئۆكرانیا لەسەر میسر

06:41 - 2022-03-27
هێمن كامیل
743 خوێندراوەتەوە

لە شیكاری پێشوودا بە داتاو ئامار ئەوەمان خستەڕوو كە جەنگی ئۆكرانیا و روسیا چ زیانێك بە توركیا دەگەیەنێت ئەگەرهاتوو درێژە بكێشێت. لەم شیكارییەدا باسی كاریگەرییەكانی ئەم جەنگە دەكەین لە سەر میسر لە رووی ئابوورییەوە و بە تایبەتیش لە كەرتی گەشتیاری، چونكە ئەم كەرتە یەكێكە لە پێكهێنەرەكانی داهاتی میسر و نزیكەی لە 15 %ی داهاتی نەتەوەیی پێكدەهێنێت.

میسر و گەشتیاری روسی
لە ساڵی2010 واتە ساڵێك بەر لە كەوتنی موبارەك (14,7) ملیۆن گەشتیار هاتونەتە میسر و 3 ملیۆن كەس لەو گەشتیارانە روسی بوون، ئەگەرچی لەو ساڵە بە دواوە بە هۆی ئەو رووداوە سیاسیانەی لەم وڵاتەدا روویاندا داهاتی ئەم كەرتە رووی لە كەمی كرد بەتایبەتی دوای كەوتنە خوارەوەی فرۆكەیەكی گەشتیاری روسی لە 13-10-2015 بەمەش روسیا بە یەكجاری چوونی گەشتیاری وڵاتەكەی بۆ میسر قەدەغە كرد، لە كاتێكدا بەر لەو رووداوە، هەفتانە 35 هەزار گەشتیاری روسی سەردانی میسریان دەكرد. بەمەش میسر ساڵانە بری 1,3 ملیار دۆلار زیانی بەركەوت لەم كەرتەدا.

بەڵام دوای ئەوەی ساڵی رابردوو لە رێكەوتی 9-8-2021 روسیا رەزامەند بوو بە دەستپێكردنەوەی چوونی گەشتیارانی روسی بۆ میسر، دووبارە داهاتی ئەم كەرتە بەرەو هەڵكشان رۆیشت و ساڵی پار بڕی 13 ملیار دۆلار داهاتی ئەم كەرتە بووە.

وڵاتێکی گەورە
میسر ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی 103 ملیۆن كەسە و رووبەرەكەی( 1002000) یەك ملیۆن و دوو هەزار كیلۆمەتر دووجایە. واتە رووبەرەكەی هێندەی رووبەری فەرەنسا و ئەڵمانیایە بە سەر یەكەوە. بە 31 مین دەوڵەتی جیهانیش دادەنرێت لە رووی رووبەرەوە. كەچی لەم رووبەرە فراوانە تەنها (7,8 %) بۆ نیشتەجێبون شیاوە. هەروەها لە(4,5 %) رووبەرەكەی بۆ كاری كشتوكاڵی لە بارە. لەبەرئەوەی وڵاتێكی نا نەوتیە بۆیە بەردەوام كار بۆ ئەوە دەكات سەرچاوەی داهاتەكەی هەمەجۆر بێت كە ئەمەش بە یەكێك لە خاڵە ئەرێنیەكانی ئەم وڵاتە دادەنرێت بە پێچەوانەی وڵاتە نەوتییەكانەوە بۆ نموونە عیراق كە لە 93 %ی داهاتی لە سەر نەوتە.

مێژووی پەیوەندیی میسر و روسیا
مێژووی پەیوەندیی سیاسی و دیبلۆماسی و ئابووری میسر و یەكێتیی سۆڤیەتی پێشوو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشایەتی و كۆتایی چلەكانی سەدەی رابردوو، بەڵام بە هاتنە سەر كاری (جەمال عەبدولناسر) پەیوەندییەكانی میسر و یەكێتیی سۆڤیەت چووە ئاستێكی یەكجار بەرز، چونكە لەوكاتەداو بە هۆی جەنگی ساردەوە میسر تاڕادەیەك سەر بە بلۆكی خۆرهەڵات بوو بە تایبەتی لە پەنجاو شەستەكانی سەدەی رابردوودا. هەربۆیە بە هاوكاری یەكێتیی سوڤیەت میسر توانی بەنداوی (سد العالي) تەواو بكات و زیاتر لە 97 كارگەو كۆمپانیای بەرهەمهێنانی لە كەرتی جۆراو جۆردا دامەزراند.

بەڵام بە مردنی ناسر و هاتنە سەر كاری (ئەنوەر سادات) پەیوەندییەكانی یەكێتیی سۆڤیەت و میسر بەرەو لاوازی رۆیشت و سادات زیاتر بەرەو جەمسەری خۆرئاوا رووی وەرگێڕاو راوێژكارە سۆڤیەتەكانی لە وڵاتەكەی دەركرد. بۆیە پەیوەندییەكانیان بەلاوازی مایەوە تاوەكو حوسنی موبارەك لە دوا ساڵەكانی دەسەڵاتەكەیدا دووبارە پەیوەندییەكانی دروستكردەوە.

بەڵام دوای رووداوەكانی 3-7- 2013 و بایكۆتی بەشیك لە وڵاتانی خۆرئاوا لەگەڵ میسر ئەمە وایكرد دووبارە میسر پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ روسیادا بباتەوە ئاستێكی بەرز. چونكە ئەمەش هەم لە لایەك وەك جێگرەوەیەك بۆ ئەمریكا و خۆرئاواو لە لایەكی ترەوە هەم كارتێكی گوشاریش بوو كە میسر توانی بە باشبوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ روسیادا وڵاتانی خۆرئاوا ناچار بكات پەیوەندییەكانی لەگەڵدا ئاسایی بكەنەوە.
                                      پيشوازیی لە گەشتیاری روسی لە میسر

گرنگی روسیا و ئۆكرانیا بۆ میسر
گرنگی روسیا و ئۆكرانیا بۆ میسر دەتوانین لەم خاڵانەی خوارەوەدا روون بكەینەوە.
1/ 467 كۆمپانیای روسیا لە بوارەكانی نەوت و غازو پیشەسازی لە میسر كار دەكەن.
2/ میسر گەورەترین هاوردەكاری گەنمە لە جیهاندا كە لە 80 %ی ئەو گەنمەی هاوردەی دەكات لە روسیاو ئۆكرانیاوەیە واتە
لە 69،4 % لە روسیا و لە 10,7 % لە ئۆكرانیا، ساڵانە میسر بڕی 5 ملیۆن تەن گەنم لە روسیا دەكرێت. ئەوەی دەمێنێتەوە لە چواردە وڵاتی ترەوە هاوردەی دەكات.
3/لە رۆژی 20-6-2021 میسر و روسیا رێكەوتنێكی گشتگیریان ئیمزا كرد بۆ پەرەپێدان و بەهێزكردنی كاری هاوبەش لە بوارە جیاوازەكانی پیشەسازیی و وەبەرهێنان و وزەو سەرچاوە كانزاییەكان و كشتوكاڵ و فێركردن و تەكنۆلۆژیا و زانیاری و تەندروستی و گواستنەوە و گەشتیاری و وەرزش و رۆشنبیری.
4/ رێكەوتن هەیە لە نێوان بانكی ناوەندی روسی و میسری كە هاوكاری یەكتر بكەن.
5/ میسر گەورەترین هاوبەشی بازرگانی روسیایە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە دوای توركیا.
6/ ساڵی رابردوو میسر بە بەهای 13 ملیۆن دۆلار سەوزە و میوەی هەناردەی روسیا كردووە.
7/ كۆمپانیا گەورەكانی نەوتی روسیا بە بەهای 7,4 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان هەیە لە میسر.
8/ روسیا و میسر رێكەوتوون لە سەرئەوەی كە لەسەر خاكی میسر ناوچەیەكی پیشەسازی روسی لە ناوچەی ئابووری كەناڵی سوێس دابمەزرێنن كە چاوەڕوان دەكرێت بڕی 7ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێدا بكرێت و هەلی كار بۆ 35 هەزار كەس برەخسێنێت . گرنگی ئەم پڕۆژەیە بۆ روسیا ئەوەیە بە ئاسانی دەتوانێت شمەك و بەرهەمەكانی هەناردەی بازاڕەكانی ئەفریقا بكات.
9/ لە رۆژی 11-12-2017 سیسی و پوتن رێكەوتن بۆ دانانی وێستگەیەكی (ئەتۆم) بۆ بواری ئاشتی و بەرهەم هێنانی وزەی كارەبا كە لە ماوەی 12 ساڵدا تەواو دەبێت . بە بڕی 29 ملیار دۆلار و قەرزی ماوە دریژ بۆ ماوەی 35 ساڵ.
10/ ئێستا 35 هەزار هاووڵاتی روسی لە میسر دەژین.
11/ چەندین رێكەوتن هەیە لە نێوان روسیا و میسر بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەی ناوەندیی و بچووك و رێكخستنی پێشانگەی هاوبەش و بازاڕی ئەلیكترۆنی و هاوكاریكردنی ژوورە بازرگانیەكانیان.
12/ ساڵی 2017 نزیكەی 6 ملیار و 712 ملیۆن دۆلار بازرگانی هەبووە لە نێوانیاندا.
13/ساڵی 2018 حەوت ملیار دۆلار بازرگانی نێوانیان بووە.
14/ لە ساڵی 2019 بڕی 5,6 ملیار دۆلار روسیا هەناردەی هەبووە بۆ میسر.
15/ هەردوو وڵات لە 1-12-2021 رێكەوتنیان ئیمزا كرد بۆ هاوكاریكردنی لایەنی گەشتیاری.
16/ لە ساڵی 2021 میسر بە بەهای (804,7) ملیۆن دۆلار گەنمی لە روسیا كڕیوە.
17/ ساڵی 2021 میسر بە رێژەی 21 % گەشتیارەكانی ئۆكرانی بووە.
18/ ساڵی 2019 میسر 1300 فارگۆنی شەمەندۆفێری لە روسیا كڕیوە.
19/ لە حاڵەتی ئاساییدا رێژەی 26 بۆ 30 % گەشتیارانی میسر هاووڵاتی روسین.
20/ لە دوای دەستپێكردنی شەڕی روسیا و ئۆكرانیاوە لە 30 % هاتنی گەشتیاری ئۆكرانی بۆ میسر كەمیكردوە.
21/ لە بودجەی پێشبینیكراوی میسردا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 62 دۆلار دانراوە، بەڵام بەهۆی شەڕی روسیا و ئۆكرانیاوە كە نرخی نەوت زیادیكردووە، ئێستا میسر بە ناچاری دەبێت 114 ملیار جونەی میسری كە دەكاتە 7,2 ملیار دۆلار زیاد بكات بۆ سەر بودجەی كڕینی نەوت.
22/ تەنها لە مانگی یەكی ئەمساڵدا 463 فڕۆكەی روسی گەشتیاری هێناوە بۆ میسر لە مانگی دوو بۆتە 232 گەشتی فڕۆكە چاوەڕوان دەكرێت لەم مانگەدا تەنها لە 5 % ی ئەو رێژەیە گەشت بكەن بۆ میسر. ئەم گەشتانە گەشتیاری زستانەیان هێناوە بۆ میسر.
23/ لە شاری گەشتیاری غەردەقە لە 40 % ی گرتنی ژووری هۆتێلەكان كەمیكردووە.
24/ لە شاری شەرم شێخ لە70 % ئەو دیاریانەی بە گەشتیاران دەفرۆشران كەمیكردووە. چونكە لە 70%ی گەشتیاری شەرم شێخ و غەردەقە روسین.
25/ میسر پلان و بەرنامەی دانابوو مانگانە 400 هەزار گەشتیاری رووسی سەردانی میسر بكەن واتە بە پێی ئەو پلانە دەبوایە لە ساڵی 2022 نزیكەی 5 ملیۆن گەشتیار گەشتی میسر بكەن.

دەرەنجام
كەواتە لە رێگەی ئەم داتاو ژمارانەی كە لەم شیكارییەدا خراوەتەڕوو، ئەوەت بۆ دەردەكەوێت كە ئەگەر ئەم جەنگە درێژە بكێشت ئەوا میسر یەكێك دەبێت لەو دەوڵەتانەی كە لە رووی ئابووریی و بە تایبەتی كەرتی گەشتیارییەوە زیانێكی گەورە دەكات، چونكە لە دوای دەستپێكردنی جەنگەكەوە نرخی هەر فەردەیەك ئارد 11 دۆلار زیادیكردووە. هەرچەند میسر ناردنە دەرەوەی ئاردی قەدەغەكردووە لەگەڵ هەندێك لەو بەرهەمانەی كە سەرچاوەكەی گەنمە و لە كۆگاکانی میسرشدا تا پێنج مانگی تر گەنم هەیەو تا ئەو كاتە میسر بڕی پێویستی ئارد دەخاتە بازاڕەوە.

بەڵام بە درێژەكێشانی جەنگەكە بارەكە بۆ میسر قورستر دەبێت، سەرەڕای ئەوەی میسر ئێستا بە دوای بازاڕی تردا دەگەڕێت بۆ كڕینی گەنم، بەڵام لە هیچ دەوڵەتێكی تری جیهانەوە بە هەمان ئەو نرخەی لە ئۆكرانیا و روسیاوە هاوردەی دەكرد، زەحمەتە بتوانێت دەستی بكەوێت. ئەمە جگە لەو زیانە گەورەیەی بەر كەرتی گەشتیاری ئەم وڵاتە دەكەوێت.

وتارەکانی نوسەر