ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ سه‌رجه‌م هاووڵاتیان له دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی ده‌وڵه‌ت كارێكی زۆر گرنگ و ئه‌ركێكی په‌روه‌رده‌ییه، هه‌رێمی كوردستان جگه له‌وه‌ی هه‌وڵی به‌رده‌وامی هه‌یه بۆ باشتركردنی كوالێتی سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له ته‌مه‌نی یاسایی و ئاسایی خوێندندان، به‌ڵام ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی هه‌یه به هۆكاری جیاواز ته‌مه‌نی ئاسایی خوێندنیان تێپه‌ڕیوه، یان دابڕاون له خوێندن، ئه‌مانه پێویستیان به ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی خوێندنه، خۆشبه‌ختانه نه‌خوێنده‌وار و دابڕاو له خوێندن فه‌رامۆش نه‌كراون، له رێگه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌وڵه‌تییه‌وه به‌ناوی (فێركردنی نائاسایی)، هه‌لیان بۆ ره‌خساوه تا درێژه به خوێندن بده‌ن، ئامانجی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی خوێندن و فێركردنه بۆ هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگە (به‌هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌شه‌وه بارودۆخی تایبه‌ت دایبڕیون له خوێندن)، بێگومان دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌ییه‌كانی وه‌ك قوتابخانه ده‌رفه‌تی خوێندن ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له سنووری ته‌مه‌نێكی دیاریكراو ده‌توانن بخوێنن، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌مه‌نی ئاسایی خوێندنیان تێپه‌ڕیوه یان توشهاتووی نه‌خۆشییه‌كن یان به هۆی بیركۆڵی و مانه‌وه‌ی چه‌ند ساڵه‌ی پۆلێكی خوێندن سیستم رێگه‌نادات درێژه به‌خوێندن بده‌ن، ئه‌م دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌ییه ده‌رفه‌تی خوێندن بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ده‌ڕه‌خسێنێت تا بتوانن بخوێنن له دامه‌زراوه فه‌رمیه ده‌وڵه‌تیه‌كاندا .
په‌روه‌رده له گرنگترین ئه‌ركه‌كانی به‌دواداچوونه بۆ كێشه په‌روه‌رده‌ییه‌كان، دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی په‌روه‌رده‌ییه، تا له رێگه‌یه‌وه سه‌رجه‌م كێشه‌كان بگاته چاره‌سه‌ر، به‌پێی ئه‌و داتا‌و ئامارانه‌ی رێكخراوه‌كانی یونسكۆ و یونسێف و داموده‌زگاكانی ئاماری هه‌رێم گه‌ڵاله‌ی كردووه، نه‌خوێنده‌واری و دابڕان له خوێندن رێژه‌یه‌كی به‌رزی تۆمار كردووه، بێگومان ئه‌مه‌ش فاكته‌ری جۆراوجۆری هه‌یه، له سه‌رو هه‌موویانه‌وه، په‌راوێزخستنی ناوچه كوردییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقییه‌وه، نا سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی ناوخۆی ماڵی كوردی به‌هۆی شۆڕشی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كورد و په‌راوێزخستنی تاكی كورد له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌وه، بۆیه بوونی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه پێویسته به‌رده‌وام بێت تا بنه‌بڕی نه‌خوێنده‌واری بكات، هه‌ر بۆیه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به چه‌ند رێگه‌یه‌كی جیاواز دابه‌شكاری كردووه به كردنه‌وه و ره‌خساندنی هه‌ل بۆ خوێندكاران تا به‌رده‌وام بن له خوێندن، گرنگترین ئه‌و دابه‌شكارییه‌ش بۆ ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌كسانی خوێندن ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌یه:
یه‌كه‌م: خوێندنی خێرا
ئه‌م دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌ییه له پێنج قۆناغی خوێندن پێكدێت، خوێندكار ده‌توانێت له ته‌مه‌نی 9 بۆ 24 ساڵی بۆ كچان، 9 بۆ 22 ساڵی بۆ كوڕان به‌شدار بێت له خوێندن، به مه‌رجێك 2 ساڵ له خوێندن دابڕابێت، ده‌توانێت به‌پێی هاوتاكردنی به پۆلی خوێندنی رابردووی قۆناغی بۆ دیاری بكرێت و درێژه به خوێندن بدات تا پۆلی 8 ی بنه‌ڕه‌تی دوو ساڵ به‌رامبه‌ر به ساڵێك بخوێنێت، ته‌نها پێنج رۆژی هه‌فته ئاماده‌ن له قوتابخانه و پڕۆگرامی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه، پاشان قۆناغی 9 ی به‌رامبه‌ره به پۆلی 9 ی بنه‌ڕتی و ده‌بنه خاوه‌نی
بڕوانامه‌ی 9 ی بنه‌ڕتی .
دووه‌م: خوێندنی گه‌وران
ئامانجی ئه‌م خوێندنه نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌وارییه، ره‌خساندنی هه‌له بۆ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی ته‌مه‌نیان رێگه‌یان نادات له خوێندنی خێرا یان ئاسایی بخوێنن .
پێویسته خوێندكار ته‌مه‌نی له سه‌رو 16 ساڵ بێت نه‌یخوێندبێت یان له پۆلێكی خوێندن 3 ساڵه‌بێت، ده‌توانێت به 3 قۆناغ 6 ساڵی خوێندن ته‌واو بكات، پاشان درێژه به خوێندن بدات له رێگه‌ی خوێندنی ئێواران یان خێرا یان ده‌ره‌كی، گرنگه بزانین هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن ریگر نییه له به‌رده‌م خوێندن له خوێندنی گه‌وران .
سێیه‌م: خوێندنی تایبه‌ت
گرنگه بزانین ئه‌م خوێندنه تایبه‌ته به و منداڵانه‌ی تووشی نه خۆشییه‌كی بۆماوه‌یی یان زكماكی بوون راپۆرته پزیشكییه‌كان پشتڕاستی بكاته‌وه، ده‌توانن به رێگه‌ی به‌شداری له قوتابخانه درێژه به خوێندن بده‌ن به هاوكاری و دانانی مامۆستای تایبه‌ت تا هاوكاریان بێت له فێربوون و به‌ڕێكردنی كاره‌كانی ناو قوتابخانه، هه‌ندێك جار ده‌بینین ئه‌م مندڵانه تووشبووەکان رێگه‌پێدراو نییه بچنه قوتابخانه‌كان، له‌ڕێگه‌ی سه‌نته‌ره‌كانه‌وه ده‌سته‌به‌ری گه‌شه‌ی توانا‌و لێهاتووییان بۆ ده‌كرێت، گرنگه ئه‌وەش بزانین نابیست نابین ده‌چنه خانه‌ی ئه‌م خوێندنه‌وه به پڕۆگرامی
تایبه‌ت به خۆیان.
چواره‌م: خوێندنی ئێواران
خوێندی ئێواران به‌هه‌مان سیسته‌می پڕۆگرامی خوێندنی ئاسایی درێژه به خوێندن ده‌درێت ته‌نها كات گۆڕاوه لـه سیستمه‌كه‌دا، به‌هۆی لـه‌ده‌ستدانی ده‌رفه‌تی خوێندن به هۆكاری مانه‌وه‌ی 3 ساڵ له‌یه‌ك پۆلداو گه‌یشتنی ته‌مه‌نی به 16 ساڵ یان ته‌مه‌نی 19ساڵ بۆ بنه‌ڕه‌تی، ئاماده‌ییش ماوه‌ی 2 ساڵ لــه پۆلێكدا، یان ته‌مه‌نی 24 ساڵ بۆ كچان، ته‌مه‌نی 25 ساڵ بۆ كوڕان بێت، مافی به‌شداری خوێندنی به‌یانیانی نییه، گرنگه بزانین خوێندنی ئێواران، هه‌مان پڕۆگرامی خوێندنی به‌یانیانی هه‌یه و مافی به‌شداری له خوێندن بۆ هه‌موو ته‌مه‌نه‌كان ده‌سته‌به‌ره ته‌نها گرنگه ساڵی یه‌كه‌می خوێندنی ئێواران قوتابی به‌ده‌رچوو هه‌ژمار بكرێت.
پێنجه‌م: خوێندنی ده‌ره‌كی
خوێندنی ده‌ره‌كی یه‌كێكه له شێوازه‌كانی درێژه پێدانی خوێندن بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌ی به هۆكارێك له هۆكاره‌كان ناتوانن له خوێندنی ئاسایی به‌رده‌وام بن بۆیه خوێندنی ده‌ره‌كی وه‌ك بژارده‌یه‌ك به‌كارده‌هێنن، هۆكاره‌كانی ده‌سته‌به‌ری ئه‌م خوێندنه ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌یه.
یه‌كه‌م: له بنه‌ڕەتیدا 3 ساڵ كه‌وتبی له‌یه‌ك پۆلدا و ته‌مه‌نی 16 ساڵی تێپه‌راندن بێت، یان ته‌مه‌نی گه‌یشتبێته 19 ساڵ له بنه‌ڕه‌تی و له ئاماده‌یش 24 ساڵ، ده‌بێت خوێندنی به‌یانیان به‌جێبهێلێت له خوێندنی ده‌ره‌كی یان یه‌كێك له‌و خوێندنانه‌ی سه‌ره‌وه درێژه به خوێندن بدات.
دووه‌م: له‌دوای به‌شداریكردنی له خوێندنی ئێواران یه‌كه‌م ساڵی به ده‌رنه‌چوو ئه‌ژماربكرێت، ده‌بێت بچێته خوێندنی ده‌ره‌كی.
سێیه‌م:هۆكاره‌كانی نه‌بوونی خوێندنی ئێواران له هه‌ندێ ناوچه قوتابی ده‌توانێت خوێندنی ده‌ره‌كی هه‌ڵبژێرێت به مه‌رجێك 3 ساڵی خوێندن له پۆلێكدا مابێته‌وه .
چواره‌م: به به‌شداری له خوێندنی ده‌ره‌كی ده‌بێت كۆی ساڵه‌كانی خوێندن بۆ هه‌ر قۆناغێك، به هه‌مان سیسته‌می ده‌ره‌كی درێژه‌ی پێبدان .
ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌و به‌شه جیاوازانه‌ی خوێندن گونجاندنی ژینگه‌ی خوێندنه له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی خوێندكار، ره‌چاوكردنی بارودۆخی ئه‌و هاووڵاتیانه‌یه به‌هۆی ژینگه‌ی جیاواز و بارودۆخی جیاوازه‌وه نه‌یانتوانیوه خوێندن ته‌واو بكه‌ن، ئه‌م پۆلێنبه‌ندییانه كراوه تا ده‌سته‌به‌ری هه‌لی گونجاو بكه‌ین بۆ خوێندكاران بڕه‌خسێنین، گرنگه پڕۆگرامی گونجاو له رووی ته‌مه‌ن و لێهاتوویی ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین بۆ سه‌رجه‌م خوێندنه‌كان، مامۆستا و كادره په‌روه‌رده‌ییه‌كان لێهاتووییان له ئاست ئه‌م خوێندنانه‌دا بێت له رووی زانستی و سایكۆلۆژی، تا بتوانن ده‌سته‌بەر و زامنی فێربوونێكی گه‌شه‌كردوو بكه‌ن بۆ خوێندكار.
ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی خوێندن و فێركردن بۆ هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگە