راهێنانی مامۆستایان له‌ نێوان كێشه‌ و چاره‌سه‌ردا

10:15 - 2024-07-14
رزگار شێخ حه‌سه‌ن
89 خوێندراوەتەوە

پرۆسه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی سیستمی په‌روه‌رده‌ یه‌كێكه‌ له‌ پرۆسه‌ گرنگه‌كانی ئه‌مڕۆی كوردستان، چونكه‌ هه‌موان ئه‌و راستییه‌ باش ده‌زانن كه‌ به‌ بێ نوێكردنه‌وه‌ و چاكسازیی لە سیستمی په‌روه‌ردەدا‌ مه‌حاڵه‌ گۆڕانكاریی ئه‌رێنی له‌ په‌روه‌رده‌ی تاك و سیستمی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا رووبدات، مه‌حاڵه‌ به‌ بێ چاكسازیی له‌ سیستمی په‌روه‌ردەدا‌ هه‌نگاو له ‌بواری پێشخستنی زانست و رۆڵی ئه‌رێنیی قوتابخانه‌ و دامه‌زراوه‌ فێركارییه‌كاندا بنرێت، ناكرێت به‌ بێ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ سیستمی په‌روه‌رده‌ و چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكوڕییه‌كان گۆڕانكاریی ریشه‌یی له‌ هیچ بوارێكی ژیاندا بكرێت.
له‌ پێناو چاكسازی و به‌ره‌وپێشبردنی سیستمی په‌روه‌رده‌ و چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكوڕییه‌كان، له‌ ساڵانی رابردوودا چه‌ندین پرۆژە‌ی جیاواز هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، له‌وانه‌ پرۆژە‌ی بریتیش كانسڵ، پرۆژە‌ی سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی سویدی بۆ قوتابخانه‌كانی هه‌رێم، زۆر پرۆژە‌ی په‌روه‌رده‌یی و فێركاری تر، هه‌موو ئه‌مانه‌ پرۆژە‌ی جیاواز بوون و ئاكامی جیاوازی هه‌بووه‌، به‌ڵام وه‌ك پێویست نه‌یانتوانی واقیعی په‌روه‌رده‌یی هه‌رێم نوێ بكه‌نه‌وه‌، ئێستاش نوێتـرین پرۆژە‌ كه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و بڕیاره‌ بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ بریتییه‌ له‌ پرۆژە‌ی راهێنه‌ران كه‌ وه‌ك پرۆژە‌یه‌كی په‌روه‌رده‌ ئاماده ‌كراوە بۆ ئه‌وه‌ی روو له‌ قوتابخانه‌كان بكه‌ن و رۆڵیان هه‌بێت له‌ راهێنانی مامۆستایان و به‌شداریی بكه‌ن له ‌به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی لێهاتوویی و توانای مامۆستایان تا بتوانن گۆڕانكاری بكه‌ن له‌ سیستمی په‌روه‌رده‌ و نوێكردنه‌وه‌یدا.
گەیشتن بە چاکسازیی هەمەلایەنە و کاریگەر لە سیستەمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگا و بنیاتنانی داهاتوویەکی بەردەوام زۆر گرنگە. سەرەڕای ئەو هەوڵانەی کە لە رێگەی چەندین پرۆژەوە دراون، بەڵام هێشتا ئاستەنگی گەورە لەبەردەم پرۆژەی راهێنانی مامۆستایاندایه‌، کە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای مامۆستایان و نوێکردنەوەی شێوازەکانی وانە وتنەوەیە.

 

نەبوونی سەرچاوەی پەروەردەیی مۆدێرن، بەربەستێکی دیکەیە. زۆرێک لە قوتابخانەکان ئامێر و تەکنەلۆژیای پەروەردەیی مۆدێرنیان نییە کە پشتگیری لە شێوازی فێرکردنی نوێ بکەن. بە بێ ئەوەی ئەم تەکنەلۆژیایە لەبەردەستدا بێت، جێبەجێکردنی شێوازە نوێیەکانی پەروەردە بە شێوەیەکی کارا قورس دەبێت

 

كێشه‌كانی به‌رده‌م راهێنانی مامۆستایان
كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌رستی جیاوازی په‌روه‌رده‌یی هه‌یه‌، كه‌ رێگرن له‌وه‌ی پرۆژەی راهێنه‌ران و پرۆسه‌ی راهێنانی مامۆستایان به‌ شێوه‌یه‌كی دروست بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی هه‌بێت كه‌ هه‌موان چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین، لێره‌دا هه‌وڵده‌كه‌ین به‌ كورتی له‌باره‌ی هه‌ندێك له‌و كێشه‌ و ئاسته‌نگانه‌ بدوێین.
 یه‌كێك له‌و كێشه‌ و ئاسته‌نگانه‌ ژێرخانی په‌روه‌رده‌یی قوتابخانه‌كانه‌، كه‌ له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ قوتابخانه‌كان خاوه‌نی ژێرخانێكی له‌بار نین بۆ كارێكی له‌وشێوه‌یه‌، هه‌ژاری زۆر هه‌یه‌ له‌ قوتابخانه‌كاندا كه‌ یارمه‌تیده‌ر نین بۆ سه‌ركه‌وتنی زۆر پرۆژە‌ كه‌ ئامانجی گۆڕانكارییه‌، به‌شێك له‌ قوتابخانه‌كان هۆڵی پێویستیان نییه‌، كاره‌با و موه‌لیده‌ی باشیان نییه‌، گه‌لێك كه‌م و كوڕی ته‌كنیكی هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.
 له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ کەلتوری پەروەردەی نەریتی بەربەستێکە لەبەردەم سەرکەوتنی پرۆژەی راهێنانی مامۆستایان. لە هەندێک لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا بەرەنگارییەکی بەرچاو لە بەرامبەر گۆڕانکاریدا هەیە، زۆرێک پێیان باشە پابەند بن بە شێوازە تەقلیدییەکانی وانە وتنەوە، ئەم پابەندبوونە بە شێوازە کۆنەکان رێگری لە هەوڵەکان دەکات بۆ مۆدێرنکردنی سیستەمی پەروەردەیی. جگە لەوەش، نەبوونی هۆشیاری و تێگەیشتن لە سوودەکانی راهێنانی بەردەوام و ئامانجەکانی پرۆژەی راهێنەران وا دەکات هەندێک لە مامۆستایان ئامادە نەبن شێوازی نوێ بگرنەبەر.
نەبوونی کارمەندی په‌روه‌ردەیی شارەزا کێشەیەکی دیکەیە، کەمیی راهێنەری شارەزا کە ئەزموون و زانیاریی تەواویان هەبێت بۆ پێشکەشکردنی راهێنانی کاریگەر و بەردەوام. جگە لەوەش، سەختیی راکێشانی راهێنەری شارەزا بۆ کارکردن لە ناوچە دوورەکان یان ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شار و گونده‌كان دەبێتە هۆی جیاكاری لە کوالیتی راهێنانەکاندا کە لە نێوان قوتابخانە جیاوازەکاندا پێشکەش دەکرێن.
نەبوونی سەرچاوەی پەروەردەیی مۆدێرن، بەربەستێکی دیکەیە. زۆرێک لە قوتابخانەکان ئامێر و تەکنەلۆژیای پەروەردەیی مۆدێرنیان نییە کە پشتگیری لە شێوازی فێرکردنی نوێ بکەن. بە بێ ئەوەی ئەم تەکنەلۆژیایە لەبەردەستدا بێت، جێبەجێکردنی شێوازە نوێیەکانی پەروەردە بە شێوەیەکی کارا قورس دەبێت. هەروەها نەبوونی کەرەستەی پەروەردەیی کە لەگەڵ شێوازە پەروەردەییە مۆدێرنەکاندا بگونجێت، رێگری لە جێبەجێکردنی ئەم شێوازانە دەکات.
 خاڵێكی دیكه‌ كه‌ ده‌كرێت ئاماژه‌ی پێبكرێت بریتییه‌ له‌وه‌ی به‌رنامه‌ی كاری راهێنه‌ره‌كان روون نییه‌، ئه‌و پرۆگرامه‌ی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن له‌سه‌ر پرۆسه‌ی راهینه‌رایه‌تیدا به‌ ته‌واوی نازانرێت چییه‌، كه‌ به‌ راستی پێویست بوو ئه‌و پرۆگرامه‌ی له‌ قوتابخانه‌كاندا ده‌وترێته‌وه‌ ئاڕاسته‌ی قوتابخانه‌كان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رچاوڕوونی هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی پێشكه‌ش ده‌كرێت، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێویسته‌ روون بێت مامۆستا بزانێت چی پێ ده‌وترێت و له‌سه‌ر چی هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌كرێت، كامانه‌ن ئه‌و پێوه‌رانه‌ی به‌كارده‌هێنرێـت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی مامۆستا، تا مامۆستا بتوانێت خۆی ئاماده‌ بكات و به‌رچاوڕوون بێت.

 

پێویسته‌ روون بێت و مامۆستا بزانێت چی پێ ده‌وترێت و له‌سه‌ر چی هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌كرێت، كامانه‌ن ئه‌و پێوه‌رانه‌ی به‌كارده‌هێنرێـت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی مامۆستا، تا مامۆستا بتوانێت خۆی ئاماده‌ بكات و  به‌رچاوڕوون بێت

 

پێشنیار بۆ چاره‌سه‌ر
 لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین ژماره‌یه‌ك پێشنیار بخه‌ینه‌ڕوو كه‌ یارمه‌تیده‌ر بن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ و ده‌توانن رۆڵی گرنگیان هه‌بێت له‌ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی راهێنانی مامۆستایان و به‌دیهێنانی گۆڕانكاریی ئه‌رینی له‌ سیستمی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستاندا.
یەکەم: ئاماده‌كاریی رۆحی و مه‌عنه‌وی بۆ ئاماده‌كردنی مامۆستا بۆ به‌شداریی جددی له‌ سیمیناره‌كاندا، چونكه‌ ئه‌مه‌ وا ده‌كات بتوانرێت كادری په‌روه‌رده‌یی به‌ رۆحییه‌تێكی باشتر و به‌ جددییه‌تێكی زیاتره‌وه‌ ئاماده‌یی هه‌بێت له‌ سیمیناره‌كاندا، گرنگی و بایه‌خی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ روون بكرێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌تا مامۆستا خۆی له‌و گرێیه‌ رزگار نه‌كات كه ‌پرۆژه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان بێ سوودن و ناتوانن رۆڵی جدییان هه‌بێت، ناتوانێت به‌ روحییه‌تێكی به‌رزی په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌ به‌شداریی بكات و سوودمه‌ند بێت له‌ راهێنانه‌كان. 
دووەم: سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ پێویستی به‌ دابینكردنی بودجه‌یه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پێداویستییه‌كانی خوێندن و په‌روه‌رده‌ی نوێ، بۆیه‌ یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان دەستەبەرکردنی بودجەی بەردەوامه‌ لە رێگەی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و هه‌روه‌ها له‌ رێگەی هاوبەشی لەگەڵ بەخشەرە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان. هەروەها پێشخستنی هۆشیاریی لە گرنگی گۆڕانکاریی ئەرێنی لە پەروەردەدا لە رێگەی هەڵمەتی هۆشیاری و وۆرکشۆپەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بنیاتنانی کەلتوری گۆڕانکاریدا.
سێیەم: بەهێزکردنی مامۆستایانی راهێنه‌ر بەشێکی سەرەکییە لە چارەسەرەکەدا. دابینکردنی بەرنامەی راهێنانی چڕ بۆ راهێنەران و شایستەکردنیان بۆ ئەوەی بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئاستەنگە جۆراوجۆرەکاندا بکەن. سەرەڕای ئەوەش، باشترکردنی هەماهەنگی نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەروەردە بە دامەزراندنی میکانیزمی کاریگەر دەتوانێت بەشدار بێت لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە بە شێوەیەکی کاریگەرتر.
چوارەم: دابینکردنی تەکنەلۆژیای مۆدێرن و سەرچاوەی پەروەردەیی بۆ قوتابخانەکان و دڵنیابوون لە پشتیوانی تەکنیکی بەردەوام هۆكارێكی گرنگە لە باشترکردنی سیستەمی پەروەردەدا. 
سەرەڕای ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پرۆژەی راهێنانی مامۆستایان لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان، کاری جددی و بەردەوام بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانە دەتوانێت ببێتە هۆی پێشکەوتنی بەرچاو لە سیستەمی پەروەردەدا. بە گرنگیدان بە بنیاتنانی کادری شایستە، و باشترکردنی هەماهەنگی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، كردنه‌وه‌ی خولی تایبه‌ت به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی تواناكان، هاندانی مه‌عنه‌وی و دارایی بۆ مامۆستا، دەتوانرێت گۆڕانکاریی خوازراو بەدیبهێنرێت و ئامانجە پەروەردەییەکانی هەرێم بەدیبهێنرێت.

مامۆستا بەردی بناغەی وڵات و کۆمەڵگەیەکی ئارام و پێشکەوتووە

وتارەکانی نوسەر