لە پەنجەرەی پەروەردەوە

10:54 - 2022-08-09
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
744 خوێندراوەتەوە

وانەوتنەوەی بەڕێوەبەر

بە فەرمانێکی وەزاری وەزارەتی پەروەردە بەژمارە (٢٤٦) لە (7/6/2022) و بەپێی ئەو بەندانەی لە سیستمی قوتابخانە بنەڕەتییەکان و خوێندنگە ئامادەییەکان ساڵی (2009)هاتووە، پێویستە هەفتانە بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکانی قوتابخانە و خوێندنگەکان بەشەوانەیان هەبێت لە خشتەی وانەوتنەوەکاندا، بۆ بەڕێوەبەر(پێنج) بەشەوانە و یاریدەدەر(دە) بەشە وانە، گەرچی ئەم بابەتە  نوێ نییە، بەڵام وەک رێنمایی نوێکراوەتەوە، گرفتەکە لێرەدا ئەوە نییە ئایا بەڕێوەبەرەکان وانە بڵێنەوە یاخود نا؟ بەڵکو گرفت ئەوەیە ئایا ئەم فەرمانی کارگێرییە دەتوانرێت لە هەموو قوتابخانە و خوێندنگەیەکدا جێبەجێ بکرێت یان ناتوانرێت؟ ئەگەر بەڕاشکاوانە وەڵامێکی خێرا بدەینەوە گومان لەوەدا نییە ئەستەمە بتوانرێت جێبەجێ بکرێت، کاتێکیش واقیع ئەوەیە و لای زۆربەی هەرەزۆری ئەوانەشی لە بواری پەروەردەدا کاردەکەن روون و ئاشکرایە کە ناتوانرێت، بۆچی دەبێت فەرمانێکی کارگێری لەوجۆرە دەربچێت؟! بۆچی پێش دەرچوونی ئەم فەرمان و رێنماییانە دیراسەی مەیدانی ناکرێت؟ لە کاتێکدا کەڵەکەبوونی ژمارە زۆری مامۆستایان لە زۆربەی قوتابخانەکاندا و بەتایبەتیش لە قوتابخانەکانی قۆناغی بنەڕەتی(1-6)دا و کەمی بەشەوانەی هەفتانەی مامۆستایان و نەتوانینی رێکخستنەوەی میلاکی مامۆستایان لە قوتابخانەکاندا رێگریەکی تر لە نەتوانینی جێبەجێکردنی ئەم فەرمانی کارگێڕییە، لە کاتێکیشدا زۆربەی قوتابخانەکان بەشەوانە نەبێت بدرێت بە مامۆستا، بەڕێوەبەر چ بەشەوانەیەک بڵیتەوە، ئەمە لەلایەک لەلایەکی ترەوە ئێستا و لەپرۆسەی بونیادنانی تواناکاندا هەڵسەنگاندنی مامۆستایان بە هەموو پسپۆڕییەکان لەسەر شانی بەڕێوەبەری سەرکردەیە لە قوتابخانە و خوێندنگەکانە، بۆ ئەو هەڵسەنگاندنەش بەڕێوەبەر دەبێت لە سەردانی بەردەوامدا بێت بۆ نێو پۆل و وانەوتنەوەی مامۆستایان و بەلای کەمەوە بۆ هەروەرزەی دەبێت بۆ هەر مامۆستایەک دووسەردانی پۆل بکات، ئەگەر ژمارەی مامۆستایانی قوتابخانەیەک زۆربێت چ بوارێک دەمێنێتەوە بۆ وانەوتنەوە سەرەڕای ئەرکە کارگێڕییەکانی تری بەڕێوەبەر، ئەگەر تەنها یەک لایەنی پۆزەتیڤ لەم فەرمانی کارگێرییە هەبێت ئەوەیە بەڕێوەبەر دانابڕێت لە پسپۆڕییەکەی بۆ وانەوتنەوە و نۆژەنکردنەوەی توانای وانەوتنەوەی بەشێوەیەکی بەردەوام، بەڵام ئەمەش ئەگەر بەڕێوەبەر دەروون و هۆش و بیری سەرقاڵ بێت بە کاروباری کارگێرییەوە بێگومان وانەوتنەوەیەکی وا ناکات لە خزمەتی فێربوونێکی دروستی قوتابیان و خوێندکاراندا بێت، ئەم فەرمانی کارگێڕییە زەمینەسازی پێویستە، دیراسەی پێشوەختەی پێویستە، جێبەجێکردنی بەشێوەی رۆتینی و یاخود لە چەند قوتابخانەیەکی کەم ئەوە ناگەیەنێ کە جێبەجێکراوە، هەر فەرمانێکیش نەتوانرا بەشێوەی گشتگیر جێبەجێ بکرێت ئەوا کەواتە کێشە لە خودی فەرمانەکە هەیە و نەگونجاوە لەگەڵ واقیعی حاڵ، رابردووش سەلمێنەری ئەم واقیعەیە، لەبری ئەوە باشترە لە سیستمی نوێی کارگێڕی قوتابخانە و خوێندنگەکاندا لەبری وانەوتنەوەی بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکان، بەشێوەی بەردەوام خولی شێوازی وانەوتنەوە و چۆنیەتی بینینی وانە و هەڵسەنگاندن و بەکارهێنانی هۆیەکانی فێرکردن و پێدانەوەی سەرنجی درووست بەمامۆستایانیان بۆ بکرێتەوە، چونکە ئێستا تاکە هەڵسەنگێنەری مامۆستا بەڕێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگەکانن، ئەگەر خودی بەڕێوەبەر کارامەیی و لێهاتوویی و شارەزایی لە شێوازە جۆربەجۆرەکانی وانەوتنەوە و تیۆرە نوێکانی فێربوون و فێرکردن و دەروونزانی پەروەردەیی و جیاوازی تاکایەتی و بەشەکانی تری وانەوتنەوە نەبێت، ئەوا تەنها بەبینین ناتوانرێت هەڵسەنگاندنێکی دروست بەشێوەیەکی زانستی و بابەتی و دوور لەهەست و هەڵچوون بۆ مامۆستایان بکرێت، چونکە هەڵسەنگاندن پڕۆسەی بڕیاردانە لە توانست و کارامەیی و زانیاری مامۆستایان.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی 

وتارەکانی نوسەر